سانسۆری هونەری
حەمەسەعید حەسەن


گونتەر گراس کە ١٩٩٩ نۆبێڵی لە ئەدەبدا وەرگرت، هاوکارێکی هەیە، یەکەمین کەسە، ڕەشنووسەکانی دەخوێنێتەوە و ئازادیی ئەوەیشی هەیە، بە ڕاوێژ لەگەڵ نووسەردا، جوانکارییان تێدا بکات و تەنانەت مافی گۆڕین و لابردنی هەندێک ڕستە و پەرەگرافیشی هەیە. هیچ کام لە ڕۆمانەکانی گراس، ڕەوانەی وەشانخانە ناکرێن و ڕووناکی نابینن، ئەگەر ئەو هاوکارەی کە وەک دەستی ڕاستی وایە، ڕەزامەندیی لەسەر نەدابێت. ئەم بێفیزییەی ئەو نووسەرە گەورەیە، مایەی سەرسوڕمان و جێی ڕێزی هەموو ئەوانەیە کە ئەم ڕاستییە دەزانن.
کە دەبینم ڕۆمانی نووسەری کورد پڕە لە هەڵەی زمان و درێژدادڕی، کە چاککردن و لابردنیان خزمەتی زۆری بە کارە ئەدەبییەکە دەکرد، خەیاڵم بۆ لای خاکەراییی ئەو نووسەرە ئەڵمانیایییە و لووتبڵندیی نووسەری لای خۆمان دەچێت کە بە دەگمەن هەیانە، پێش بڵاوکردنەوە، بەرهەمی خۆی پیشانی شارەزایەک بدات. با ئەوەیش بڵێم دەزگای پەخش لە ئەورووپا، ڕۆمان چاپ ناکات، ئەگەر پێشەکی پیشانی لێزانێکی نەدابێت و کەلێنەکانی پڕ نەکرابێتەوە. خوێنەر لە ڕێی خوێندنەوەی ڕۆمانەوە، فێری زمانی نووسین دەبێت، کەچی بەشێکی باش لە ڕۆماننووسانی کورد، خۆیان هێشتا فێری نووسین بە کوردییەکی ڕەوان و بێ هەڵە نەبوون. لە ڕۆمانی کوردیدا، هەڵەی زمانەوانیی هێندە زەق و ڕستەی هێندە پەڕپووت و کەلێنی هونەریی هێندە گەورە هەن، مایەی ئەوەن بەزەییمان بە نووسەرە لووتبەرزەکانماندا بێتەوە، کە خۆیان لەوە بە زلتر زانیوە، پێش چاپکردن بەرهەمیان پێشانی کەسانی شارەزا بدەن.
کە ڕۆمانێکی عەرەبی تەرجەمەی زمانێکی ئەورووپایی دەکرێت، ئەگەری ئەوە بەهێزە لە ئەنجامی لابردنی ڕستەی لاواز و پەرەگرافی دووبارەکراوەوە و بە هۆی بڕینی بڕگە و پاژی ناپێویست و قەلاچۆکردنی کارەکتەری زیادەوە، بەشێک لە ئەستوورییەکەی لە دەست بدات، ئاخر لە ئەورووپا وەک چۆن گۆڤار و ڕۆژنامە ئێدیتۆریان هەیە کە مافی بژارکردن و جوانترکردنی بابەتەکانی هەیە، لەوێ دەزگەی پەخشیش بە هەمان شێوە، سەرنووسەر و دەستەی نووسەرانی هەیە و هیچ ئەدیبێک با ناوبانگێکی جیهانیشی هەبێت، کتێبی بۆ چاپخانە ڕەوانە ناکرێت، ئەگەر بەو فیلتەرەدا ڕەت نەبووبێت.
زۆر ڕۆمانی جوان هەن، چونکە بە فیلتەری کەسانی لێزاندا ڕەت نابن و ڕاستەوخۆ بڵاو دەکرێنەوە، بە هۆی درێژدادڕی و زمانی لاوازەوە کە دەکرا چارەیان بۆ بدۆزرێتەوە، ئەو ناوبانگەی کە هەقبوو هەیانبێت، بە نسیبیان نابێت. ڕاستە کەس مافی ئەوەی نییە، دەست وەربداتە، کاری داهێنەرانەی ئەوی دیکەوە کە زادەی ئەزموونی تایبەتیی خۆیەتی، بەڵام نابێت بەم بیانووەوە، دەرگە بە ڕووی بەرهەمی لاواز و بێفەڕ و پەڕپووتدا بکرێتەوە.
لەکن ئێمە دەیان دەزگەی بڵاوکردنەوە هەن، بێ ئەوەی کتێب پیشانی لێزانێک بدەن، پێش ئەوەی بیدەن بە شارەزایەک پێیدا بچێتەوە، بەر لەوەی زمانزانێک زمانەکەی ڕاست بکاتەوە، بەبێ ئەوەی نووسەرێکی ڕاستەقینە، کەموکووڕییە هونەرییەکانی دیکەی چارەسەر بکات، ڕەوانەی چاپخانە دەکرێت! ئەمەیش لە سۆنگەی ئەوەوەیە، ئەو بەرپرس و خاوەنی سەنتەرانە، ئەوەی بیری لێ نەکەنەوە، خزمەتکردنە بە زمان و ئەدەبی کوردی. ئەو ناوەندانە، بە هۆشیارییەوە بێت، یان لە بێئاگایییەوە، سووکایەتی هەم بە کتێب و هەم بە خوێنەریش دەکەن. ئەگەر ئەم ڕەوشە نالەبارە بۆ گەلانی دیکە، یەک زیانی هەبێت، بۆ کورد کە لە هەموو ڕوویەکەوە هەژارە، کە نە کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندی هەیە، نە دەوڵەتی سەربەخۆ و نە زمانی ستاندارد، چەندان زیانی هەیە. ئەگەر دەزگەیەک هەبێت، پێش پەخش کتێب پیشانی کەسێک بدات، ئەوا کەسەکە کارمەندێکی نەشارەزا، یان دۆستێکی نەزانی بەرپرسی دەزگەکەیە.
ئەوەی لای ئێمە قوڕەکەی خەستتر کردووەتەوە، هەر ئەوە نییە کە دەزگە ئەدەبی و کولتوورییەکان، بێ سانسۆری هونەری و زمانەوانی و تەنانەت بێ ڕاستکردنەوەی هەڵەی چاپیش، کتێب بڵاو دەکەنەوە، ئەوەیشە ئەوی پارەی هەبوو، بە ئارەزووی خۆی دەتوانێت کتێب بنووسێت، یان وەربگێڕێت و چاپی بکات، بێباک لەوەی چەند زیانی بۆ زمان و کولتوور و خوێنەر و کتێبخانەی کوردی هەیە. پارادۆکس ئەوەیە، ئەم نووسەر و وەرگێڕە زیانبەخشانە، کە هەقە سزا بدرێن، ناوبەناو گلەیی ئەوەیش دەکەن کە خەڵات ناکرێن!

(*) عبدە وازن، المحرر الخفي، الحیاة ٣ فبرایر ٢٠١٤ بیروت.


AM:03:11:28/07/2020