داستانی ئەڤینێکی نەمر
حەمەسەعید حەسەن


فاتیلا، ڕۆمانێکە مەهاباد قەرەداغی نووسیویەتی، تێیدا ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردووی باشووری کوردستانی بەسەر کردووەتەوە و تا سەرەتای ساڵانی نەوەدیشی هێناوە. لەو دە دوازدە ساڵەدا، کورد لە شۆڕشدا دەبێت، جەنگ دەکەوێتە نێوان عێراق و ئێرانەوە، کورد ژارباران و ئەنفال دەکرێت، بەعس وەڵاتی کوەیت داگیر دەکات و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانی بەسەردا دێت. (لەدوای ئەوەی لەتیف هەڵمەت کۆشیعری (خوا و شارە بچکۆلەکەمان)ی بڵاو کردەوە، ئیدی شارە بچکۆلەکە، بوو بە نازناوی کفری. ل٢٣) ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە زیاتر لە شارۆچکەی کفری و گوندێکی ئەو دەڤەرە کە ناوی (بنەکە)یە دەقەومێن، بەڵام کە دێتە سەر کیمیاباران، ئەنفال و ڕاپەڕین، ئیدی شوێنی ڕووداوەکان، دەبێت بە تەواوی باشووری کوردستان.

من لەم باسەدا نیازم نییە ڕۆمانەکە کورت بکەمەوە، ئاخر کورتکردنەوە، ناکەوێتە خانەی هیچ ڕێبازێکی ڕەخنەی ئەدەبییەوە و شێوازێک نییە لە هەڵسەنگاندن. فاتیلا: بریتییە لە ئاوێتەبوونی دوو ناو: فاتم و ئاتیلا کە دوو کارەکتەرە سەرەکییەکەی ڕۆمانەکەن، ئاتیلا، وەک نووسەر درکاندوویەتی، ناوێکی تورکییە بە مانای (یاخی) دێت. هەرچەندە لەناو ڕۆمانەکەدا چەندان چیرۆکی لاوەکی هەن، بەڵام چیرۆکە سەرەکییەکە بەسەرهاتی عیشقی پاکژ و قووڵی نێوان فاتم و ئاتیلا دەگێڕێتەوە کە بە موراد ناگەن، ئاخر یەکەمیان بەر شاڵاوی ئەنفال دەکەوێت و دووەمیشیان بەر تۆپبارانی لەشکری بەعس.

گێڕەرەوە خودی نووسەری ڕۆمانەکەیە، مەهاباد قەرەداغی خۆیەتی کە لەگەڵ ئاتیلادا هاوشاریین و یەکدییش دەناسن. گێڕەرەوە بە جێناوی ئاخێوەر دەپەیڤێت و ئاگای لە هەموو شتێکە، لەو جۆرە گێڕەرەوانەی، لە ڕووداوەکاندا بەشدارن و هەست بە خۆشی و خەمی کارەکتەرەکانیش دەکەن. نووسەر هەرچەندە پشتی بە ژیاننامە قایمە، بەڵام ڕۆمانێکی هونەریی نووسیوە، بیۆگرافیای نەگێڕاوەتەوە.

ئەوەی ئاتیلا لە سەرەتادا بۆ هەڵاتن لە واقیعی تاڵ، هانا بۆ مەی و بەنگەمەنی دەبات و بەو جۆرە گڕ و کڵپەی ئازارەکانی ناخی خامۆش دەکاتەوە و دواتر بە زەبری ئەفسوونی عیشق، ڕوو دەکاتە خواپەرستی، گوتەکەی مارکس وەبیر دەهێنێتەوە کە پێی وابوو، چەوساوەکان کە لەسەر زەوی هیچ ئومێدێک شک نابەن، ئومێد بە ئاسمانەوە گرێ دەدەن و لای وان ئایین وەک ئەفیوونێکی لێ دێت، ئازاریان سڕ دەکات و هێوریان دەکاتەوە، ئاخر ئومێدێکی وەهمییان پێ دەبەخشێت.

ئەوە بۆ ڕۆمان زۆر گرنگە سەرەتایەکی سەرنجڕاکێشی هەبێت، دەستپێکێک خوێنەر بۆ ئەوە هان بدات، بە تامەزرۆییەوە دوای بکەوێت، ئەگەرنا، بە نابەدڵی درێژە بە خوێندنەوەی دەدات، یان ڕەنگە هەر زوو لێی بێزار ببێت. فاتیلا لەو ڕۆمانانەیە، کە دەست بە خوێندنەوەی دەکەین، نەک هەر بە دەستییەوە ماندوو نابین، بەڵکوو ناچارمان دەکات، بە تاسەوە سەرقاڵی خوێندنەوەی بین. هۆکارێکی دیکە کە وا دەکات، لە گۆلی خوێندنەوەی فاتیلادا نوقم ببین، ئەوەیە نووسەر لە بواری ڕۆچوون بە ناخی کەسەکاندا، بە تایبەتی دوو کارەکتەرە سەرەکییەکەیدا، ئەوەندە لێهاتووە، خوێنەر سەرسام دەکات. 

ڕۆمانەکە بەدەم باسکردنی چیرۆکی ئەوینێکی ناکامەوە، دیرۆکی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردیش دەگێڕێتەوە، بەڵام کە زوو زوو لە باسی ژیاننامەی دوو ئەویندارەوە، کە لە کەسانی ڕاستەقینە دەچن، نەک لە بووکەشووشە، دەچێتە سەر بابەتگەلی کۆمەڵایەتی، سیاسی یان کولتووری، ئەوەندە لێزانانە ئەم باس و ئەو باس دەکات، هەر وەک مەلێک بێت و بەسەر هەمان درەختەوە ئەم چڵ و ئەو چڵ بکات.

خوێنەر بێ ئەوەی هەست بە هیچ کەلێنێک بکات، گێڕەرەوە لە باسی دڵدارییەوە، دەچێتە سەر ئایینداری، لە پێشمەرگایەتییەوە، دێتە سەر شێخ و مسکێن، یان لە خەباتی نەتەوایەتییەوە، دەفرێتە سەر چڵی جیاوازیی چینایەتی.

چیرۆکنووس لە گەلێک لە تەکنیکەکانی نووسینی چیرۆک سوودمەند بووە و بە هۆشیارییەوە وەگەڕی خستوون. لەوانە فلاشباک، کە پەرتکردنی کاتە و پێچەوانەی ئەوەیە، کرۆنۆلۆگیکاڵ، واتا، بەگوێرەی زنجیرەی بەدوای یەکدا هاتن، ڕووداوەکان بنووسینەوە، ئاخر هەر لە سەرەتاوە، ئاتیلای قارەمانی ڕۆمانەکە، شەهید دەبێت و دواتر ژیاننامەی ئەو کارەکتەرە هێدی هێدی دەگێڕێتەوە. ئەم هونەرە سەرەتا تایبەت بوو بە سینەما، بەڵام لەمێژە هاتووەتە نێو ژانرە ئەدەبییەکانیشەوە.

مۆنۆلۆجیش کە خۆدواندن و پەیڤینە لەگەڵ خودی خۆماندا، یەکێکی دیکەیە لەو تەکنیکانەی هێندە سەرکەوتووانە دەستی بۆ بردووە، ڕەنگە گەلێک لە چیرۆکنووسان ئیرەیی پێ ببەن. مەنەلۆج دەشێت، قسەکردن بێت لەگەڵ خودای خۆت کە موناجاتیشی پێ دەڵێن، لەسەر زاری فاتمەوە ئەو تەکنیکەشی هونەرمەندانە بەکار هێناوە. ئەوەیش هەر تەکنیکێکی جوانە کە لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ڕۆمانەکە.

سوودی لە هەندێک تەکنیکی دیکەیش بینیوە، لەوانە: دەفتەری بیرەوەری، کە لەڕێیەوە، ڕووناکی خستووەتە سەر ڕاپەڕین و ڕۆژانی دواتر. گەلێک جاریش ئەوەی نەیخواستووە، ڕاستەوخۆ بیڵێت، بەهۆی خەونەوە گوتوویەتی. چونکە گێڕەرەوە خودی مەهاباد قەرەداغیی شاعیرە، کەڵکێکی زۆریشی لە شیعر بینیوە. یەکێک لە ئیتیکەکانی نووسینی ڕۆمان، لە ڕاستگۆییدا بەرجەستە دەبێت، ڕاستگۆیی ئەوە نییە، پشت بکەینە فانتاسی و واقیع وەک خۆی بگێڕینەوە، ئەوەیە بێلایەنانە ئاوڕ لە کەسەکان و ڕووداوەکان بدەینەوە، بێ ئەوەی ئەو بایەخدانە بەو تەکنیکەی نووسین، وامان لێ بکات، پەیامی ئینسانیی ئەدەب فەرامۆش بکەین، ئاخر ستاتیکا بەهایەکی ئەوتۆی نییە، ئەگەر لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا نەبێت.

مەهاباد قەرەداغی ئەوەی زانیوە، میسیۆلۆژیا کە سەرچاوەی ئایینیشە، بەشێکە لە ویژدان و لە نەستی کۆ، بۆیە ئەو لایەنەی بە هەند وەرگرتووە و بە قازانجی گێڕانەوە وەگەڕی خستووە. ئەوە ڕاست نەبوو کە دەیانگوت، ڕۆمان سەر بە شارە و ڕەنگدانەوەی ژیانی شاریشە، ئیبراهیم ئەلکوونی کە وەک نەتەوە، سەر بە تاریقەکانە کە لەبیابانی گەورەدا دەژین، ڕۆمانەکانیشی زادەی ژیانی ئەو سارانشینانەیە.

لۆکاش بە هەڵەدا چووبوو کە دەیگوت: ڕۆمان داستانی بۆرژوواکانە، ئاخر دەشێت، بەر لە سەرهەڵدانی چینی بۆرژووا، ڕۆمان لە دایک ببێت. فاتیلایش ڕۆمانێکە کەمتر باس لە ژیانی شارنشینیان دەکات و زیاتر لەگەڵ ژیانی گوند خەریکە.

زۆرینەی نووسەرانی کورد، زمانی دایکیان، زمانی خۆیان، زمانی کوردی نازانن. زمانزانین ئەوە نییە، وشە بخەینە ڕستەوە و وشە لە ڕستەماندا مانایەکی ڕووکەشی هەبێت و بەس. زمانزانین ئەوەیە مانای نوێ و قووڵ بە وشە ببەخشین، بە شێوازێکی نوێ وشە بهێنینە گۆ و وەک داهێنەر مامەڵە لەگەڵ وشەدا بکەین.

زمانزانین ئەوەیە، مرواریی شاراوەی نێو زەریای زمان بدۆزینەوە، هاوچەرخانە زمانی کلاسیک وەگەڕ بخەین و لەگەڵ واقیعی نوێدا بیگونجێنین. زمانزانین هەر ئەوە نییە بە کوردی بنووسین، ئەوەیشە، بەشداریی لە جوانکردن و دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردیدا بکەین. ئەوە بەس نییە لە ڕۆماندا ڕووداو هەبێت، بەڵکوو زمانی گێڕانەوەکەیشی، دەبێت ڕووداوێک بێت.

ڕۆماننووسین جۆرێکە لە سەرکێشی، سەرکێشیی ئەوەی، دەقێکی نوێ بەرهەم بهێنین، دەقێک یەقین هەڵبوەشێنێتەوە، هێلی سوور ببەزێنێت، تابوو بشکێنێت، گومان بخاتە سەر چەمکی نەگۆڕ و جێگیر، ئەو شتە بڵێت کە زۆرینە لێی بێدەنگن، بە گژ فیکری کۆنی زاڵدا بچێتەوە و کۆمەڵ تووشی شۆک بکات. لایەنێکی گەشی فاتیلا ئەوەیە، هەم جڤاکی بەدەم گۆڕانەوە وێنە کێشاوە و هەم کارەکتەرە سەرەکییەکەیش.

لە فاتیلادا چیرۆکی ئەوینێکی گەرموگوڕ هەیە کە بە نەمریی دەمێنێتەوە، ئاخر ئەویندارە نەمرەکان ئەوانەن، وەک ڕۆمیۆ و جولیا، وەک مەم و زین و وەک فاتم و ئاتیلا کە بە یەک ناگەن.

لە فاتیلادا بە جۆرێک ڕووداو بەسەر گێڕانەوەدا زاڵە، بڕوا بە هەموو ڕووداوەکان دەکەین. جا چۆن بڕوا نەکەین، کە نووسەر هونەرییانە دیرۆکی نوێی گەلەکەمان دەگێڕێتەوە، باسی ستەمی بەعس، باسی شۆڕش و پێشمەرگە، باسی کاولکردنی کوردستان، باسی کیمیاباران و ئەنفال بکات؟ لە درێژەی ئەنفالدا، لە بیابانی عەرعەر میللەتێک دەکرا بەژێر خۆڵەوە و لە زیندانی نوگرە سەلمانیش، بەعس لەژێر ئاڵای بە ئەڵڵاهوئەکبەر نەخشاودا، گەمەی بە مەمکی کچانی کورد دەکرد. من خۆم ئەو ڕۆمانە پەسەند دەکەم کە ڕووداو ناگیڕێتەوە، لە ڕووداو ڕادەمێنێت، یان ڕووداو دەخوڵقێنێت. مەهاباد قەرەداغی لە فاتیلادا، بە کۆمەکی خەیاڵێکی زەنگین، ئەو ڕووداوانە دەگێڕێتەوە کە خۆی لە نزیکەوە لەگەڵیاندا ژیاوە و ناوبەناو ڕووداویشی خوڵقاندووە.

فاتیلا لە هەوڵی ئەوەدایە، جیاوازی لە نێوان نێر و مێدا نەکرێت و هەمان دەرفەت بۆ هەردوو لایان بڕەخسێت. فاتیلا پێمان دەڵێت: ئەوە شۆڕش نییە ئەگەر کۆشش بۆ ئازادیی ژنان نەکات و ئەوەیش هەر کۆیلایەتییە کە پیاو ئازاد و ژن ژێردەستە بێت. لایەنی گەش لە شەڕدا نییە، ئیللا مەگەر ئەوەی لە شەڕدا مەعدەنی ئینسانەکان جوانتر بە دیار دەکەوێت، ئاخر کە هەمووان بەرەو ڕووی هەمان چارەنووسی ڕەش دەبنەوە، ئیدی ئەوە ئاشکرا دەبێت، کێ مەعدەنەکەی لە زێڕە و کێیش مەعدەنی لە تەنەکەی ژەنگن بەولاوە هیچی دیکە نییە. شێخ حسێنی هەزارکانی دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت، ئەنفال نەکرێت، بەڵام ڕەتی دەکاتەوە و مردنێکی سەربڵندانە هەڵدەبژێرێت، ئاخر ئەو پیاوێک دەبێت لە زێڕ.

فاتیلا ئەنفال دەگێڕێتەوە، ئەنفال هیچ نییە لە هۆلۆکۆست بەولاوە، ئاخر نازییەکان چییان بە جوو کرد، بەعسیش بە ئیلهام وەرگرتن لە سوورەتی ئەنفال، هەمان شتی بە کورد کرد، بەعسیش بەرانبەر بە کورد هەمان نەخشەڕێگای گرتە بەر کە نازییەکان پەنجا ساڵێک پێشتر، جوولەکەیان پێ قەلاچۆ کردبوو. کە ڕۆمان دەنووسین، مەبەستمان ئەوە نییە، واقیع بگوێزینەوە بۆ ناو دەقێک، ئامانجمان ئەوەیە بە گژ واقعێکدا  بچینەوە، مەهاباد قەرەداغییش هەر وای کردووە. با ڕۆمانێک بایەخ بە ئەڤینیش نەدات، بەڵام هەمیشە ئەوە عیشقێکە، نووسەر بۆ نووسین هان دەدات، مەرج نییە عیشقی ئینسانێک بێت، ڕەنگە خۆشویستنی نیشتمانێک بێت. فاتیلا هەرچەندە گرنگییەکی زۆر بە ئەڤینی نێوان دوو ئینسان دەدات، بەڵام زادەی عیشقی نیشتمانێکە.

ئەگەر توانای ئەوە شک نەبەین، شتی نوێ دابهێنین، هەقە خۆمان بە نووسینەوە سەرقال نەکەین، ئاخر ڕەنجمان بەفیڕۆ دەڕوات. ئەو چیرۆکی ئەوینەی مەهاباد قەرەداغی لە فاتیلادا دەیگێڕێتەوە، پڕ بە مانای وشەکە نوێیە. وەک چۆن فیکری جوان فیکرێکە، بەرگەی زەمان بگرێت، شیعری جوانیش ئەو شیعرەیە، گڕەی تێپەڕبوونی زەمان نایژاکێنێت، ئەم تێزە بۆ ڕۆمانیش دروستە، ئەوە بۆیە ئەو ڕۆمانانە نەمرن کە لە یادگەماندا بە زیندوویی دەمێننەوە و زەمان توانای ئەوەی نییە کاڵیان بکاتەوە.



AM:07:32:14/10/2020