مامۆستا لە نێوان شكۆی پیشە و رەوایەتی مافدا
مستەفا محەمەد


هەر كار و پیشەیەك كە تاك هەڵیدەبژێرێ گرنگە بەلایەوە كارامە و لێهاتووانە لە ژینگەی دروستی خۆیدا پراكتیزەی بكا، هاوشانی ئەوەش لە پاڵ چنینەوەی دەستكەوت و وەرگرتنی رەنجی خەرجكراودا، بۆ خاوەن پیشە ئەوپەڕی ئاسوودەییە كاتێك دەبینێ بە پیشەكەی هاریكاری ئەوانی دیكەیە و بەهۆی ئەمەوە كەسانی دەوروبەری سوودمەندن، هەربۆیە وتراوە پیشە بەلای پیشەگەرەوە پیرۆزترینە.

هەموو ئەو بیرۆكانەش جوانتر وێنەكە تەواو دەكەن كاتێ پیشەكە لەناو كۆمەڵگەدا شكۆی خۆی هەبێ و رێزی شایستەی بۆ دابنرێ، هاوكات لە رووی دەستكەوتی بژێویشەوە شەرەفمەندانە دوور لەدەستپانكردنەوە داهاتێك بۆ خاوەنەكەی مسۆگەر بكا.

ئەوەی لەم نووسینەدا مەبەستە تیشكی بخرێتە سەر، پیشەی مامۆستایەتییە كە بەداخەوە ئەگەرچی فەزڵ و رەوایی چاكەخوازانەی بەسەر زۆرینەی پیشەكانی ترەوە هەیە، بەڵام هیچ نەبۆتە جێی دڵخوازی خاوەنەكەی. رەنگە هۆكار زۆربن كە وایانكردووە ئاستی پیرۆزیی ئەو پیشەیە وەك ماكینەیەكی وەبەرهێنی مرۆیی بۆ گەشەپێدانی هزر و مەعریفەی كۆمەڵ نەبینرێ، بەڵام لە پێش هەموویانەوە دەكرێ بڵێین ناجۆری سیستم و مامەڵەی كرچ و كاڵ و نەبوونی پلان و ستراتیژی حكومڕان و كاربەدەستان هەمیشە وایكردووە بە درێژایی نزیك بە سێ دەیەی حكومڕانی كوردیی، لەجیاتی پێشخستن و پەرەدان بە رۆڵ و ئەدای مامۆستا لە رێی باشكردنی میتۆد و رێگەكانی وانە وتنەوەوە، یا ئاشناكردنیان بە سیستمە پێشكەوتوو و تۆكمەكانی پەروەردە و رەخساندنی هەلی شیاندن و خۆگونجاندن لەگەڵ پێشكەوتنەكانی دنیا و فەراهەمی دەستكراوەییان لە ژینگەیەكی تەندروستی پەروەردەییدا، تازە بە تازە كار بۆ كەم بەهاكردنی ئەو پیشە پیرۆزە دەكرێ، لەجیاتی ئەوەی وەك ماكی پێشوەچوونی بوارە مەعریفی و رۆشنبیرییەكان لێی بنۆڕن، بەداخەوە وەك پیشەگەرێكی دەست بەتاڵە و كرێگرتەیەكی كاتی بەمووچەیەكی نەمری و نەژی وابەستەدەكرێن.

لەم چەند رۆژەدا باسوخواسی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی مامۆستایان لە پارێزگای دهۆك بۆ گێڕانەوەی شكۆی پیشەكەیان و داواكردنی ماف و شایستە داراییەكانیان بابەتی گەرمی میدیایی بوون، لێ لەگەڵ ئەو ئاستە باڵایەی دانبەخۆداگرتنی مامۆستایان بە درێژایی قەیرانە كەڵەكەبووەكانی ئەم چەند ساڵە، كەچی تەرجەمەی هەڵە بۆ هەڵوێستەكەیان كرا.

بێگومان بە گوشاری دیموكراسییانەی راستبێژ و راستگۆ ئەو سەرنج و تێڕوانینە چەوتە كە نامۆیە بە رێچكە و ریتمی نیشتمانپەوەریی و گەل ویستیی حكومڕانی خۆماڵی، پێویستە رێی لێبگیرێ، هەر بەو چەشنە بە دەنگێكی زوڵاڵ رابگەیەنرێ كە داواكردنی ماف و قوتی ژیان نەنگیی نییە، ناڕەزایی و مانگرتن بۆ وەستانەوە لە بەرامبەر نادادییەكان كار و كردەوەی هەڵەشەیی نییە و دژ بە دامەزراوە و دەستكەوتە وەدەستهاتووەكانیش ناوەستێتەوە، ئیتر ترس و لەرز لە داخوازی رەوا لەپای چی؟ بگرە پێچەوانەی ئەوە، ئەم هەنگاوە رۆحییەتی بەرز و ئاگایی قوڵی چین و توێژەكانی كۆمەڵگەیە لە پێشیشیانەوە مامۆستایان كە سەختیی ژیان و گوزەرانیان تەنگی پێهەڵچنیون، ئەمەش دوورە لە مانای بە سەوداكردنی پیشەكەیان بەكێشانەی بەرێكردنی خوێندن و وانەبێژیی بەرامبەر مووچەكانیان.

ئەركیشە لەسەر هێز و لایەنە سیاسییەكان بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بكەن، پشتیوانی بێ چەندوچوونی مافخوراوان بن و خۆیان لە ریزی داكۆكیكارانی خەباتی دیموكراسی و مەدەنی چین و توێژەكاندا ببیننەوە، هەوڵەكانیشیان خێراتر وەگەڕبخەن بۆ گێڕانەوەی ماف و شایستە داراییەكانی فەرمانبەران، بەمەش دەتوانن متمانە لە دەروونی ماندووی هاووڵاتیاندا بچێننەوە و ئارامیی سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵایەتی لە هەرێمدا پارێزراو بێ.

- knwe
AM:04:24:19/05/2020