جەژنی پێكەوەژیان
یادگار واژەیی



یەكێك لە سیما دیارەكانی پێكەوە ژیان‌و هەڵكردن لەگەڵ جیاوازیەكاندا، داننانە بە بۆنە‌و ئاهەنگەكانی یەكتریدا، پێزانین‌و خۆشی دەربڕینە لەگەڵ خۆشیەكانیاندا، هەر وەك چۆن هاوخەمی‌و هاوئاوازیش لەگەڵ ناخۆشیەكانیاندا مانای بوونە لە ناو ئازارەكانیان‌و بەدەمەوەهاتنیانە لەكاتی پێویستیدا، ئەمە ترۆپكی مانای مرۆڤایەتی‌و ئەو چەقی مرۆڤ بوونەیە كە هەموو ئازادیخواز‌و خاوەن بیرێكی كراوەی سەردەمیانە بۆی دەڕوانێت.

تۆ وەك موسڵمانێك كاتێ بەشدار دەبیت لە بۆنەی پارتێكی شیوعی‌و كۆمۆنیستیدا وە پیرۆزبایی‌و هیوای سەركەوتن لە كارەكانیان بۆ دەخوازیت ئەمە مانای ڕاستەقینەی پێكەوە ژیانی تۆیە وەك مرۆڤ، چونكە دەكرێ بەو پەیامی پیرۆزباییەت پەیامێكی جوانی ئاینەكەت پیشانی هاوڕێ شیوعیەكەت بدەیت.
 یان تۆ وەك بێ باوەڕێك كاتێ پیرۆزبایی جەژنە ئاینیەكان لە هاوڕێ موسڵمانەكەت دەكەیت‌و لە خۆشیەكانیاندا تۆش خۆشی خۆت بۆیان دەردەبڕیت‌و دڵخۆش دەبیت بە دڵ خۆشی ئەوان ئەمەش ئەوپەڕی ئەو ئینسانیەتەیە كە لە نوسینەكانتدا بانگەشەی بۆ دەكەیت، ئینسانیەت مەگەر چیە ئەگەر نەتوانی لەگەڵ تەنیشتت ژیان بكەیت؟!

 ئینسانیەت مەگەر چ مانایەكی هەیە كە تۆ بتەوێت تەنها‌و تەنها بۆ خۆت بژیت‌و هەست‌و شعور بە خۆشی‌و ناخۆشی بەرامبەر نەكەیت؟! 

جا هەندێك بێ باوەڕی كورد هەیە وا ئەزانن ئینسانیەتەكەیان لەوەدایە جەژنە پیرۆزە لەگەڵ هاوڕێ باوەڕدارەكانیان نەكەن چونكە ئەمان خۆیان باوەڕیان پێی نییە ئیتر نابێت دان بە پیرۆزی‌و خۆشی بەرامبەریشدا بنێن! نازانن ئەوە كرۆكی نامرۆڤ بوونیانە، بگرە ئەوە ئەوپەڕی ئەو ئەنانیەت‌و خۆم بەڵێ‌و تۆ نەخێرەیە كە وادەزانیت پێشكەوتویت بەڵام دڵنیابە پاشكەوتویت‌و لەدواوی دواوەوەی كاروانی مرۆڤایەتیت! 

ئەگەر هەر سەیرێكی هاونیشتمانیەكانی ئەو ووڵاتانە بكەن كە لێی دەژین ئەو كات دەزانن كە مرۆڤ بوون ئەوە نیە كە ئێوە بانگەشەی بۆ دەكەن كە پیرۆزبایی نەكردنتانە لە مرۆڤە هاوبەشە جیاوازەكانی دوروبەرتان! یان هەندێ موسڵمان دەبینیت ئەوەندە باوەڕی بە تەنیایی ژیانی خۆی هەیە بێزی نایەت یان بە دروستی نازانێت پیرۆزبایی جەژنەكانی كریستیانەكان بكات یان لە خۆشی‌و ناخۆشیان بەشدار بێت وا دەزانێت بیرە ووشك‌و وەستاوەكەی خۆی ئەوە ئەخوازێت! نازانێت ئەمە هەر لە پەیامەكەی خۆیدا هەیە بەس ئەم نایبینێ‌و چاوی كوێرە لە ئاست ئەو جوانیانە تەنها ئەوە ئەبینێت كە بەلای خۆیەوە جوانە نەك ئەوەش كە بەلای پەیامەكەشیەوە جوانە.

دەمەوێت بڵێم هەموو لایەكتان دان بە خۆشی‌و جەژن‌و بۆنەی یەكتردا بنێن چونكە بەوه ئێمە مرۆڤانەتر‌و ئازادانەتر دەژین، بەوە ئێمە لە هەست‌و خۆشی‌و ناخۆشیەكانی یەكتر جوانتر تێدەگەین‌و لەبری ئەوەی ببینە دوژمن دەبینە دۆستێكی جوانی یەكتری بەبێ خوێندنەوەی جیاوزیەكانمان، ئەو عێڕاقەی ئێستا تەفروتونا بووە‌و لە ڕەگ‌و ڕیشەوە لە گۆڕنراوە‌و چەندین سەدەی دەوێت هەتا دەگەڕێنرێتەوە بۆ ژیانێكی ئاسایی ئەوە هەمووی تۆخكردنەوەی جیاوازیەكان‌و دانننەنان بەوی تر وای لێ كرد‌و ئاوا ڕوخاندی. ئەگینا كوا لە مێژووی عێڕاقی كۆندا ئەو دووبەرەكی‌و ناكۆكیانە ڕوویداوە؟!

با ئێمە كوردستان بكەینە پێگەیەكی خۆش‌و دڵگیر بۆ پێكەوە ژیانێكی جوان‌و داننان بە خۆشی‌و جوانی‌و ئاهەنگی هەموولایەكدا.

جەژن لە هەموو ئەوانە پیرۆز دەكەم كە جەژن‌و خۆشی دەردەبڕن.


- rwangauraxna
AM:04:37:23/05/2020