ئەنجومەنی سەندیكا بەچ شێوازێك ئەندامی وەردەگرت؟ ‌
مسته‌فا ساڵح كه‌ریم‌
لەو دوو خولەدا كە بەندە جێگری نەقیب بووم، بەباشی ئاگاداری چۆنیەتی وەرگرتنی ئەندامم كە بەچەند فیلتەرێكدا تێدەپەڕیی، سەرەتا بەرپرسی یەكەمی كەناڵەكەی پشتگیریی پاڵێوراوەكەی دەكرد، ئەمجا دەستەی لق بەوردی تاوتوێیان دەكردو ڕای خۆیان لەسەر دۆسیەكە دەنووسی، پاشان دەیاننارد بۆ مەكتەبەكەی ئێمە كەلێرە لە سلێمانی لیژنەیەكمان هەبوو لە خولی یەكەممانا خاتوو سۆزان مامەو  كاك ئەنوەر حسین و من بووین، لەخولی دوەممانا كاك شوان داودی و كاك ئەنوەر حسین و بەندە، زۆر بەوردی لێكۆڵینەوەمان لەسەر فایلەكان دەكرد، ئەمجا بڕیاری خۆمان لەسەر دەدا، لەخولی دوەممانا نەك هەر تاوتوێی فایلەكانمان دەكرد بەڵكو ڕووبەڕوو موقابەلەشمان دەكردن ئەمجا فایلەكانمان دەنارد بۆ ئەنجومەنی مەركەزیی كە لەوێش لیژنەیەكی تایبەت بەسەرۆكایەتی نەقیب دراسەی دەكرد، دوای بڕیاری ئەوان دەهاتە ئەنجومەن لەوێ‌ دوا بڕیاری لەسەر دەدرا.

* برای بەڕێزمان كاك كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی لە نووسینێكی ئەم گۆشەیە هاتۆتە دەنگ و دەڵێ‌: ((هەر دوو گۆشەی كۆتایی و پێش كۆتایی باسێكی لەئێمە كردبوو))واتە بەندە لەو دوو گۆشەیەدا باسی ئەوانم كردوە، ئەمجا گلەیی لەسەر زۆری ژمارەی ئەندامان دەكاو دەڵێ‌: ((لە 1/1/2012 لقی سلێمانیمان وەرگرت، زیاتر لە 2400 ئەندام تۆمار كرابوون))

* خۆشبەختانە لە ئەرشیفی تایبەتی خۆمدا هەندێ‌ شتی زۆر گرنگم دەربارەی سەندیكا پاراستوە لەوانە ژمارەی ئەندامان. كاتێك ئێمەی (یەكێتی ڕۆژنامەنووسان) كە لەگەڵ سەندیكادا یەكمان گرت تەنیا (375)ئەنداممان هەبوو، بەڵام بەرەكەت دا (سەندیكا) دوو ئەوەندەی ئێمە ئەندامیان هەبوو.

دوای دەست بەكاربوونمان پێ بەپێی زیادبوونی ئەو هەموو ڕادیۆو تەلەفزیۆن و سەتەلایت و ڕۆژنامەو گۆڤارانە، بێگومان ژمارەی ئەندامانیش ڕوو لەزیادی بوو، لێرەدا دەبێ‌ ئەوە بزانرێ‌ كە ئەنجومەن بەرپرس نیە لەوەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرە چونكە لەو سەردەمەدا وەرگرتنی ئەندام بەو شێوەیە دەكرا كە لە سەرەوە باسی قۆناغەكانی وەرگرتنم كرد، تا ڕۆژی كۆنگرە ژمارەی ئەندامان لەسلێمانی ئەو ڕەقەمەی كاك كاروان نەبوو بەڵكو 1450 كاراو 431 بەشدارو 112 مەشقككارمان هەبوو بەهەمویان دەیكردە 1993 نەك 2400وەك بەڕێزی وتویەتی.

* بۆ كەم كردنەوەی ژمارەی ئەندامان كاك شوان داودیی سووربوو لەسەر ئەوەی لە كۆنگرەدا داوا بكات هەر كەسێك بوە بە فەرمانبەر سیفەتی كارای لێ‌ بسەنرێتەوە، بەڵام بەداخەوە نەكرا، وا (7) ساڵە ئەم ئەنجومەنەی ئێستا نەیتوانی خۆی لەو كارە بدات، كەواتە لێپرسراوێتی ئەو ژمارە زۆرە دەكەوێتە سەر ئەنجومەنی ئەم حەوت ساڵە، بێگومان لقی سلێمانیش پشكی بەردەكەوێ‌، چونكە بەبەرچاویانەوە ژمارەیەكی زۆر لە ڕۆژنامەنوسان لەسەر میلاكی ڕێكخراوەكان بوون بەفەرمانبەر و سیفەتی كارایان لەدەست داوە، لەگەڵ ئەوەشدا لقی سلێمانی نەهاتۆتە دەنگ؟ ئەم زیادانەی نەخستۆتە بەردەستی ئەنجومەن تا چاریان بكات؟ بۆ مەسەلەی فیشەكەكەش هەفتەی ئاییندە باسی دەكەین.



كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:07:04:23/08/2017