ئەركی رۆشنگەری بە ئاگاهێنانەوەی مرۆڤەكان و وریاكردنەوە و خۆناسینە. رۆشنگەری وا لە مرۆڤ دەكات مانایەك بە ژیان بدات. مرۆڤ لەگەڵ چییەتی و ناوەرۆكی ماف، هاوڵاتی بوون ئاشنا دەكات، ئەركی رۆشنگەری ئەوەیە نەك تەنیا خۆمان بناسێنینەوە، بەڵكوو شارەزای لایەنە دیارونادیارەكانی ئەم جیهانەش بین، لە رەنگە جیاوازەكان، ئایدلۆجییەكان، ئایینە جیاوازەكان شارەزابین.
رۆشنگەری بۆ ئەوەیە پیرۆزی بەهیچ شتێك نەدەین و لە هەمان كاتدا رێز لە پیرۆزی خەڵكانی تر بگرین. وامان لێدەكات سنوورەكان ببەزێنین، بەڵام سنووری شتە تایبەتییەكانی مرۆڤ نەبەزێنین. فێری ئەوە بین ژیان لە گەڕەكێك، لەشارێك، لە وڵاتێك و كیشوەرێك و ئەستێرەیەک زۆر گەورەترە. ناوەرۆكی رۆشنگەری بۆ ئەوەیە وابەستەی هیچ كەس نەبین، نەبین بە كۆیلەی ئایدۆلۆجیا، حیزب، ئایین. رۆشنگەری بۆ ئەوەیە كەسایەتییەكی بە هێزمان هەبێت. بژین وەكوو ئەوەی ئەمانەوێت. رۆشنگەری بۆ ئەوەیە بەبێ ترس ئەوەی بڕوامان پێیەتی دەریببڕین، لە هەمانكاتدا رێز لە رای جیاواز بگرین. رۆشنگەری ئەو رێگەیەمان پێشان دەدات كە مرۆڤ ئازادە هەرچییەك بڵێ. هەرچییەك بكات بەمەرجێك زیان بە بە رامبەرەكەی نەگەیەنێت. رۆشنگەری پێمان دەڵێت ژیان لەسەر رەخنە درووستبووە، ژیان لە سەر گومڕایی درووستبووە. هەموو شتێك بە چاوی رەخنەوە تەماشا بكەین. فێری ئەوەمان دەكات بەردەوام پرسیار بكەین. هەموو كۆمەڵگایەكی هاوچەرخ لەسەر پرسیارو رەخنە درووستبووە. رۆشنگەری پێمـان دەڵێت ئایدۆلۆجیا وەك ئەسپێك وایە كە ئەم لاوئەولای چاوی دەگرن بۆ ئەوەی تەنیا بەردەم خۆی ببینێت. بەڵام ئێمە دەبێت بۆ هەموو لایەك بڕوانین.
لە كوردستان حیزبەكان، رەوتە ئیسلامییەكان بەشێكی زۆر لە رێكخراوە مەدەنییەكان كۆمپانیایەكن، رۆشنبیری رسوایی بەرهەمدەهێنێت. وا لە مرۆڤەكان دەكات باوەڕی بەجۆرێك لە رۆشنبیری بێت كە خۆی نەدۆزێتەوە، بەڵكوو لەناو حیزب، لەناو ئایین بتوێتەوە و وا لەمرۆڤەكان دەكات پاشكۆی ئەوی تر بێت. فێری دەكات چۆن خۆی بەبچووك بزانێت بەرامبەر ئەوی دیكە. وای پەروەردە دەكات گەورەیی خۆی لە پاڵ حیزب و سەركردە و بەرپرسدا بدۆزێتەوە. وای لێدەكات چۆن ببێتە سێبەری ئەوی تر تەنانەت ئەم جۆرە رۆشنبیرە لە خێزان، لە شوێنە گشتییەكاندا بوونی هەیە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەبینرن بەرزكردنەوەی وێنەی سەركردە یان بەرپرسێك لەجیاتی وێنەی خۆی. رۆشنبیری رسوایی بە تاكەوە نەوەستاوە بەڵكوو بە كۆمەڵیش تەسلیمی ئەم رۆشنبیرییە رسواییە بوونە. بەناوی دۆستانی فڵانە بەرپرس، لایەنگرانی فڵانە بەرپرس لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پەیج دەكەنەوە. تەكەتولیش لەناو حیزب هەربەشێكە لە رۆشنبیری رسوایی. فەیلەسوفی ئەڵمانی كانت بڕوای وایە كەسی رۆشنبیر ئامادە نییە جڵەوی عەقڵی خۆی بداتە دەست كەسانێك كە خۆیان بە چاوساغی كۆمەڵگا دەزانن.
رۆشنبیری رسوایی جۆرە مرۆڤێكمان بۆ بەرهەم دەهێنیت نەك تەنیا پاشكۆی ئەوی تر بێت، بەڵكوو لە هەمانكاتدا مرۆڤێكی خەمسارد بێت، بەرژەوەندی تایبەتی خەمی گەورەی بێت، گەرچی لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی بێت. ئەم جۆرە رۆشنبیریە كۆمەڵگایەكی نادادپەروەر و نایەكسانمان بۆ دروستدەكات. سیستەمێكی خێڵەكی دروستدەكات وا لە تاك دەگەیەنێت گەر لە خێڵ دووركەوێتەوە گورگ دەیخوات. رۆشنبیری رسوایی هانی مرۆڤەكان دەدا، بخوێننەوە بۆ ئەوەی چۆن فێری پیاهەڵدان بە حزب وسەرۆك بەرپرسەكان بێت.
ئەوەی ماوە باس بكرێت ئەو حەقیقەتەیە كە بۆ دەربازبوون و هاتنە دەرەوە لە بازنەی ئەو جۆرە رۆشنبیرییەی كە دەرهاوێشتەی بیری دەسەڵات و حاكمانن، پێویستە نەوەی نوێ لەسەر بنەمای خوێندنەوەیەكی زانستیانە و ئەمڕۆیی و بەدوور لە هەر جۆرە ئایدیایەكی حیزبی، هەوڵەكانی لەسەر بنەمای بڕینی هێڵە گشتییەكانی حیزب و توێژە كۆمەڵایەتییەكان بخاتە گەڕو لە ئاراستەی دروستكردنی كەشێكی تەندروست و مرۆڤێكی سەربەخۆ ئەركەكانی جێبەجێ بكات. هەوڵدان لەو پێناوە بێ شك ئەركێكی ئەستەمەو ئاسان بە دی نایەت، بەڵام ئەزموونی سەركەوتووانەی وڵاتانی پێشكەوتوو دەكرێ وەك سەرچاوەیەكی بەهێز بۆ ورەبەرزبوونی تاكەكانی كۆمەڵ خوێندنەوەی بۆ بكرێت و هەوڵ بدرێت هەوڵەكان لەپێناو كۆمەڵگایەكی وشیارو تاكێكی وشیار ئاراستە بكرێن.
NRT