خۆشەویستی لە یەکەم چاوپێکەوتن
د.نازەنین عوسمان


زۆر لە شیعر و رۆمان وفیلم و هەتا فیلمی کارتۆنی منداڵانیش باسی ئەو عەشق و خۆشەویستییەی کردووە کە لە یەکەم چاوپێکەوتن رووی داوە، ئەو کەسەی خستووەتە دنیای خەیاڵ و باڵە فڕکەی گرتووە و ئۆقرەی لێبڕیوە وەک ئەرستۆ دەڵێت خۆشەویستی یەک رۆحە لە نێو دوو جەستەدا. ئایا خۆشەویستی لە یەکەم چاوپێکەوتن بوونی راستە یاخود دروستکردەی بازاڕی ئەو بەرهەمانەیەتی؟

هەندێ  لە توێژەران دەڵێن خۆشەویستی لە یەکەم چاوپێکەوتن بوونی هەیە بەتایبەتی لای پیاوان. کەوتنە ناو ئەو خۆشەویستییە زۆر خێرا روودەدا و چەند چرکەیەکی پێویستە کە لە سێ چرکە زیاتر نییە، هەر بۆیە ناوی لێنراوە خۆشەویستی لە یەکەم چاوپێکەوتن یان لە هەندێ زمان پێی دەڵێن خۆشەویستی هەورەتریشقەیی، چونکە وەک تەزووی کارەبایی خێرایە، گەر گوێ لە قادر کابان بگرین کە گۆرانی جادە چۆڵ و سێبەربوو کە شیعری گۆرانە لە یەک درز کە دەکەوێتە عەباکە و لە چرکە چاوپێکەوتنەک هەرچی جوانی هەیە دەیبینێ و شاعیر دەخاتە دنیایەکی تر و جۆرێکە لە خۆشەویستی لە یەکەم چاوپەکەوتن.  هەندێکیش  بڕوایان بەو خۆشەویستییە نییە و دەیخەنە قاڵبی سەرسوڕمان و سەرسامبوون نەک خۆشەویستی.

زۆربەی کات روودانی خۆشەویستی لە یەکەم چاوپێکەوتن بۆ کەسێک کە یەکەم جارە دیبنی و نەناسراوە لەلای و غەریبەیە بەهۆی تایبەتمەندییەکی ئەو کەسە رایدەکەشێت و زۆربەی کاتیش جوانیە یان جوانی شوێنێکی تایبەتی یاخود بۆنیەتی کە دەبێتە هۆی راکێشانی بەرانبەرەکەی، لەو جۆرە خۆشەویستییە هەستەکانی  چاو و لووت وگوێچکە رۆڵ دەبینن، هەر بۆیە ئەم جۆرە خۆشەویستییە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە روونادات. 

جیاوازی نێوان خۆشەیستی لە یەکەم چاوپێکەوتندا و سەرسوڕمان بە یەکێک زۆر نزیکن لە یەک و ئەگەری تێکەڵبوونی هەستەکان هەن و ناتوانرێت لە سەرەتا لێک جیاکرێتەوە بەتایبەتی لای پیاو، کچ زۆر جار حەزدەکات جێگای سەرنج بێت و چاوی لەوەیە سەرنجی پیاو راکێشێ و مەسجێکی هەڵە دەدا بەو کوڕەی لە بەرانبەریدایە، بۆیە کەمتر تووشی خۆشەیستی لە یەکەم چاوپێکەوتندا دێت.

هەندی نیشانە هەن لەو کەسانە بەدیار دەکەوێت کە تووشی ئەو جۆرە خۆشەویستییە بوون وەک دڵەڕاوکێ، هەستێکی تێکەڵ لە خۆشی و ترس، هەوڵدەدا سەرنجی خۆشەویستەکەی رابکێشی و هەڵسوکەوتی جوان بکات، بیرکردنەوەی بەردەوام لە خۆشەویستەکەی و دنیا بە چاوەکی پەمەیی دەبینێ و خەیاڵی دواڕۆیان پێکەوە وەک خێزان بە منداڵەوە لێدەدا، زۆرجار خەیاڵی دەڕوا و کەم دەتوانێت تەرکیز لەسەر ئیش بکا ت حەزی بە خواردن کەم دەکات، هەوڵدەدا هەموو وردەکارییەک دەربارەی خۆشەویستەکەی بزانێت و گوێچکەکانی قیت دەبنەوە کە ناو یان باسی خۆشەویستەکەی دەکرێت، خۆ ئەگەر لەلایەوە نزیک بیت حەزدەکات چاوی لەسەری هەڵنەگرێت دڵی بەخێرایی لێدەدا و سور دەبێتەوە.

هۆی ئەم گۆڕانکارییانە زانایان دەیگەڕێننەوە بۆ هەندێ شوێن لە مێشک کە کارا دەبێت لە کاتی هەست و خۆشەویستی هەروەها بەگەڕکەوتنی مێشک بۆ دەرکردنی چەند هۆرمۆنێک لەوانە هۆرمۆنی خۆشەویستی ئۆکسیتۆسین و ڤازۆپرێسین کە وەفا بۆخۆشەویستی زیاد دەکات، هۆرمۆنی دۆپامین و سیرۆتۆنین کە حەز و زەوق زیاد دەکات و کۆرتیزۆل کە دڵەڕاوکە زۆر دەکات، هۆرمۆنی فیرۆمین کە کاریگەری هەیە لەسەر هەندێ جۆری بۆن کە وا ئەویش کاریگەریی بەسەر بزوێنی سێکسەوە هەیە.

ئایا خۆشەویستی لە یەکەم چاوپێکەوتن بەردەوامبوونی هەیە؟ بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەم جۆرە خۆشەویستییە لە سێ ساڵ تێپەڕ ناکات، چونکە ئەو هۆرمۆنانەی لەپێشەوە باسمان کرد کاریگەرییان کەمدەبێتەوە لەسەر دەمارەکانی بزوێن، هەروەها رێژەی دەردانیشیان کەمدەکات.

بۆ بەردەوامبوونی ئەو سەرەتایە و خۆشەویستی بۆ تەمەنی درێژ و بەردەوامبوونی پێویستی بە دەرکردنی هۆرمۆنی ئۆکسیتۆسین و ڤاسۆپریسین هەیە. بۆ دەردانی ئەو دوو هۆرمۆنە باوەش و ماچ و لێکنزیکبوونەوە کاریگەریی سەرەکین بۆ دەردانی ئەو هۆرمۆنانە. گوێگرتن لەیەکتر و زاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکانیان پێکەوە وا دەکات خۆشەویستی لە یەکەم چاوپێکەوتن ببێت بە خۆشەویستییەکی درێژخایەن.

-mewdamedia
PM:04:58:09/07/2020