دەستورێک بۆ هەرێمى کوردستان
عارف روژدى


لەچەندین ماددەو بڕگەى دەستورى هەمیشەیی عێراقدا، بەشێک لەماف و ئەرکە بنەڕەتییەکانى هەرێمى کوردستان دان پێدانراون، بۆیە پێویستە حکومەتى هەرێم هەروەکو ئێستا پابەندبوونى (دەستورى) دوو لایەنە (بەغداو هەولێر) وەکو سەنگەرى بەهێزى بەرگرى لەپێناوى پاراستنى مافە رەواکانى گەلى کوردستان بەکارى بێنێت، بەتایبەتى پشتبەستن بەو ماددەو بڕگانەى پەیوەستن بەپێناسەکردنى سیستمى سیاسی عێراق و کەسایەتى سیاسی و یاسایی هەرێمى کوردستانەوە،
 یەکێک لەو مافە بنەڕەتییانە بریتییە لەمافى نوسینى دەستورى تایبەت بەهەرێمەوە  سەبارەت بەسیستمى سیاسی لەعێراقدا، لەماددەى (١)ى دەستوردا، سیستمى سیاسی عێراق بەسیستمێکى فیدراڵى پێناسەکراوە بەمشێوەیە (کۆمارى عێراق وڵاتێکى ئیتیحادی سەربەخۆیە، خاوەنى سەروەرى تەواوە، سیستمى حوکمڕانیەکەى کومارى پەرلەمانی دیموکراتییە.

 ئەم دەستورە یەکگرتوویی عێراق مسوگەر دەکات). (جمهوریة
 العراق دولــــــة أتحادیة واحدة مستقله، ذات سیادة کاملة، نظام الحکم فیه جمهورى نیابى (برلمانى) دیمقراطى. وهذا الدستور ضامن لوحدة العراق.بۆیە لەبەر رۆشنایی ئەو ماددەیە ، لەماددەى ١١٧دا ، هەرێمى کوردستان وەک هەرێمیکى فيدراڵ ناسێنراوە، بەمشێوەیە: (ئەم دەستورە لەکاتى جێبەجێکردنیدا، دان دەنێت بەهەرێمى کوردستان و دامەزراوە هەبووەکانیدا وەک هەرێمێکى فەدراڵى) .

(یقر هذا الدستور، عند نفاذه أقلیم کردستان، وسلطاته القائمه
، أقلیما إتحادیا). هەروەها بۆ زیاتر جەختکردنەوە لەو کەسایەتییە مانەوییە، ماف بەخشراوەتەوە هەرێم دەستورێکى تایبەت بەخۆى هەبێت و لەماددەى ١٢٠دا بەدەقێکى ەوان ئەو بابەتە باسکراوەو هاتووە: هەرێم دەستورێکى تایبەت بەخوى دادەنێت، دەستنیشانى پێکهاتەى دامەزراوەکانى هەرێم و دەسەڵاتەکانى و چونیەتى پیادەکردنى ئەو دەسەڵاتانە دەکات، بەجورێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ ئەم دەستورەدا . (یقوم الاقلیم بوضع دستور له، یحدد هیکل سلطات الاقلیم، وصلاحیاته، والیات ممارسه تلک الصلاحیات ، على أن لا یتعارض مع هذا الدستور).

 لەبەر رۆشنایی ئەم راستییە دەستورییانەدا و لەپێناوى پاراستنى کەسایەتى و ئەرک و مافەکانى هەرێمى کوردستان و  رێگەگرتن لەهەر پێشێلکارییەکى سیاسی یاسایی بەرامبەر بەهەرێمەکەمان بکرێت، پێوێستە پارلەمانى کوردستان، چیتر خاوى نەنوێنێت لەئاستى نووسینى دەستورى هەرێمدا، بەڵکو وەک ئەرکى نیشتیمانى سەرەکى و هەنوکەیی خۆى بزانێت و دەستوبرد بکات لەو ئەرکە مێژووییەدا. ئەوەى زانراوە دوو رەشنووسی دەستور لەبەردەستى پارلەماندا هەن، دەکرێ پەنا بۆ گونجاوترینیان ببرێت، یەکێکیان قوناغى دەنگدانى پارلەمانیشى بڕیوە ماوەتەوە گشتپرسی لەسەربکرێت ، یان ئەوەی دیکەیان تەواوبکرێت و لەکاتێکى نزیکدا لەپارلەمان بەکۆى دەنگ پەسندبکرێت و بخرێتە گشتپرسییەوە.

 نوسینى دەستورى هەرێم دەبێ ئەرکى لەدوا نەخستوى پارلەمان بێت ، پێویستە سەرجەم فراکسیۆنەکان بەهزرو بیرى کوردستانی و پێشکەوتوخوازانەوە کارى بۆبکەن و هەرێمەکان ببێت بەخاوەنى یاسایەکى بنەڕەتى، لەمەودوا وەک سەرچاوەى بەهێزى یاسایی بڕیاردەر بێت لەبوارى دەرچواندنى یاساکانى دیکەو چارەسەرکردنى گرفتە نێوخۆییەکان و رێکخستنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا.

 ناکریت لەکاتێکى هەستیاردا پارلەمان سەرقاڵ بێت بەهەندێ کێشەى لاوەکییەوە ، بەڵکو دەبێ شان بداتەبەرو هاوتەریبى حکومەت لەهێڵى بەرگرى دابێت لەپاراستنى کەسایەتى هەرێم و رێگرى بکات لەهەبوونى هەر دەنگ و هەوڵێکى ناڕەوا لەئاستى نێوخویی و دەرەکى دژ بە بەرژەوەندییەکانى گەل و نیشتیمان بێت. پێویستە دەستورى هەرێمى کوردستان لەچوارچێوەى پێوەرە دیموکراتییەکاندا داڕێژراوبێت، پرینسیپى جیاکردنەوەو هاوسەنگى دەسەڵاتەکان رەچاوبکات. هەر گیروکردنێکى دیکەى نووسینى دەستورى هەرێم، لێکەوتەى نەرێنى زۆرترى بەدوایدا دێت، ئۆباڵەکەى لەئەستۆى هێزە سیاسییەکان، پارلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستاندایە.


-hawlati
AM:10:39:24/07/2020