زانستی پەتی و ڕاگەیاندن
د.شێرکۆ نریمان سبحان


لە کەناڵە ڕاگەیاندنە جیهانیە پێشکەووتوەکاندا، ڕاگەیاندکاری زانستی (Science correspondent or journalist) یان هەیە، کە ئیشەکەیان بریتیە لە لێکدانەوە و تاوتوێکردنی زانستە پەتییەکان و سادەکردنەوەی بۆ خەڵکی گشتی (Public).

ڕاگەیاندکاری زانستی لانیکەم بەکالۆریۆس یان ماستەری هەیە لە زانستی پەتیدا.

هەروەها پێشکەشکاری زانستی (Science broadcaster) یشیان هەیە کە خاوەنی بڕوانامەی بەرزن لە بواری زانستە پەتییەکاندا. لەو وڵاتانەدا، سیمیناری گشتی (Public talk) هەیە بۆ ئەوەی خەڵکی ئاسایی بتوانن لە گرنگی بابەتە زانستیەکان تێ بگەن.

 

بۆ نموونە کەناڵی بی بی سی بریتانی، ڕاگەیاندکاری شیکەرەوەی زانستی، ئابووری، سیاسی، جیۆگرافی، مێژوویی، و هی تریان هەیە.

هەروەها، ئەم پێشکەشکارانە، هەندێکیان پرۆفیسۆرن. بۆ نموونە جیم ئەلخەلیلی، کە باوکی عێراقیە و دایکی ئینگلیزە، پرۆفیسۆری فیزیایە، هەفتانە لە ڕادیۆی بی بی سی بەرنامەی زانستی هەیە کە چاوپێکەوتن دەکات لەگەڵ زاناکانی بواری فیزیا.

چەندین بەرنامەی دۆکیومێنتاریشی هەیە لەسەر بابەتە زانستییەکان. پرۆفیسۆر براین کۆکس، و خانمە پرۆفیسۆر ئەلیس ڕۆبەرت، نموونەی زانای ڕاگەیانکارن کە دەیان بەرنامەی دۆکیومێنتاریان هەیە کە مرۆڤ بە دیاریانەوە واقی دەوڕمێت. کاک دەیڤد ئەتێنبەرە لە ساڵی شەستەکانەوە خەریکی بەرنامەیە لەسەر سروشت و ئاژەڵان، بۆیە لە بریتانیا نازناوی کاک (سێر) ی پێدراوە. ڕیچارد دۆکینز، پرۆفیسۆری پەرەسەندن و بایۆلۆجیە، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە گەیاندنی زانستی پەتی بۆ ناو خەڵکی گشتی.

 

لە سەردەمی کۆرۆنادا، زۆر بە ڕوونی دیارە کە پسپۆری زانستی بەتاڵە لە ناو ڕاگەیاندکاری کوردیدا. نەبوونی ڕاگەیاندکاری تایبەتمەندی وەک زانستی، و بوارەکانی تر،خاڵێکی لاوازی کەناڵە ڕاگەیاندنەکانی کوردستانە.

بۆیە لە کوردستاندا، ڕاگەیەندکارەکان حەق نیە خۆیان بدەن لە بابەتە زانستییەکان. بەڵکو داوا لە کەناڵەکانی خۆیان بکەن، کە کەسانی پسپۆڕ لە زانستە پەتییەکان دابمەزرێنن. هەزاران گەنجی تازە دەرچووی بەشە زانستییەکان هەن، دەکرێت خولی ٦ مانگ بکرێتەوە بۆیان و پێبگەیەنرێن، و تایبەتمەند بکرێن بۆ بواری ڕاگەیاندکاری زانستی.

 

پرسیار، بۆچی ڕاگەیانکارەکانی کوردستان ئەوەی گرنگ نەبێت لایان پسپۆری زانستیە، لە کاتێکدا خۆیان ڕەخنە لە حکومەت دەگرن کە وەزیرەکان پسپۆر نین؟! ئێ خۆ ڕاگەیاندنیش دەسەڵاتی چوارەم نیە؟!


-snurmedia
AM:05:08:26/07/2020