کۆڕەک تی ڤی ، لە جیاتی ئێوە و میوانەکەشتان خەجاڵەتیی دەکێشم !
بەرزان هەستیار


دوێنێ ئێوارە 26.07.2020 لە کەناڵی کۆڕەک تی ڤی خانمێک ڕاستەوخۆ بەرنامەی "کۆڕو کۆمەڵ " ی پێشکەش دەکرد و چوار میوانی بە ناوی هونەرمەندی کۆمێدی بانگهێشت کردبوو، هەڵبەتە نامەوێک لەسەر کۆی بەرنامەکە و گفتوگۆکان قسە بکەم ، بەڵام ئەوەی بۆ من مایەی شۆکێکی گەورە بوو یەکێک لە میوانەکان بەسەرهاتێکی گێڕایەوە و لە نیوەی قسەکانیدا وتی تەلەفونم کرد بۆ برادەرێکم "کەریم کابان"ی پێیە !!! پاش ئەو بێئەدەبییەش وەک نە بای دیبێت نە بۆران ، بچووکترین نیشانەی ئیحراجبوون بە ڕووخساریەوە دیارنەبوو، تا کۆتایی بەرنامەکەش کەیفی ساز بوو .
ئەمڕۆ ویستم لەوە دڵنیا ببمەوە کە ئایا من بەهەڵە تێگەشتووم یان هەر بە ڕاستی ئەو برادەرە وای وت، بەڵام کە لە ئەکاونتی کۆڕەک تی ڤی لە فەیسبووک بینیم بەرنامەکەیان هەر دوێنێ ڕاستەوخۆ پەخش کردووە گوێم لێ گرتەوە، دڵنیابوومەوە کە من هەڵە تێنەگەشتووم و کۆڕەکیش بە بڵاوکردنەوەی جارێکی تری بەرنامەکە تەقەی سەریان لە مەسەلەکە دێت .
ئا لێرەوە ئیتر من حەپەسام و نائومێدییەکی تەواو دایگرتم ، بیرم لە کۆمەڵگایەک کردەوە کە ئەم برادەرە هونەرمەندی بێت و بە حسابیش بە کۆمێدیا باس لە کێشەو هەڵسوکەوت و ئەخلاقییەتی نالەباری ناو کۆمەڵگای کوردی دەکات و بەڵام نزیکترین کەس لە خۆیەوە کە دەبێت ناخی پاک بکرێتەوە تەنها خۆیەتی و کەچی نایبینێت .
دڵنیام ئەو برادەرە کە دواتر زانیم ناوی "زانا"یە لە ژیانی ڕۆژانەشیدا هەر بە هەمان شێوە ئەو بێحورمەتییە بە هونەرمەندێکی گەورەی وەک مامۆستا "کەریم کابان " دەکات، دەنا گەر وا نەبێت بەو جۆرە دەمی بەو وشەیە ڕانەدەهات لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی تەلەفیزۆنییدا ،بەو جۆرە ماتۆڕە ی برادەرەکەی پێی بووە بڵێت "کەریم کابان"ێکی پێ بوو ، لەوەش سەیرتر ئەوە بوو سێ میوانەکەی ترو پێشکەشکارەکەش مێش میوانیان نەبوو ،بگرە قا.. قا پێدەکەنین !
لێرەوە داوا لە کەناڵی کۆڕەک و ئەو "هونەرمەندە ! "ش دەکەم کە هەر لەو شاشەیەوە پۆزشێک بۆ خانەوادەی مامۆستا " کەریم کابان " و سەرجەم هونەرمەندان و جەماوەریش بهێننەوە، ئەگەر چی داوای لێبوردنیش زامی ئەو سوکایەتییە گەورەیە ساڕێژ ناکات، بەڵام کەمێک بە خۆیاندا بێنەوە و بزانن کێ شایەن و ڕووی ئەوەی هەیە بخرێتە سەر شاشەی تەلەفیزۆن و خۆی بکات بە ماڵی هەموو کەسێکدا .
من خۆم لێرەوە خەجاڵەتیی دەکێشم کە قسەکانی ئەو برادەرەم دووبارە کردەوە، ئەی نازانم کۆڕەک تی ڤی و ئەو برادەرە " کۆمێدی!! " یە دوای خوێندنەوەی ئەم چەند دێڕە هەڵوێستیان چۆن دەبێت !!!



AM:06:16:27/07/2020