له مێژووى دروستبوونى ده‌وڵه‌تى عیراق و لكاندنى باشوورى كوردستان (ویلایه‌تى موسڵ) پێوه‌ى، ده‌یان كاره‌ساتى جینۆساید به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ى كورددا هێنراوه، هه‌ندێكى به پیلانى دوژمنان و هه‌ندێكى تر‌ى به ده‌ستى (نۆكه‌ران)ى دوژمنان بووه. له مێژووى نزیكدا پرۆسه‌كانى كیمیاباران و ئه‌نفال، ته‌عریب و ته‌عریبى نوێ‌و راگواستن و خاپوركردنى نزیكه‌ى (5) هه‌زار گوندى كوردستان، له‌مێژووى هه‌ره نوێشدا، به‌ر له شه‌ش ساڵیش‌دا جینۆسایدى ئێزدییه‌كان و شه‌هیدكردن و ده‌ستدرێژیى بۆ سه‌ر كچان و ژنان و بازرگانیكردن پێیانه‌وه و رفاندن و بێباوك كردنى منداڵانى كورد، به‌به‌رچاوى هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى عیراق و هه‌موو جیهانه‌وه، كۆكردنه‌وه‌ى خه‌رمانى كورد بووه له هاوبه‌شى له‌وڵاتێكدا كه له لێوارى 100 ساڵ ته‌مه‌نیدایه.
راستییه‌كى تاڵ هه‌یه كه ده‌بێ بۆ مێژوو بوترێ و بنوسرێته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه به‌شێك له‌و نه‌هامه‌تییانه‌ى به‌سه‌ر كورددا دێن، به‌هۆى رێنوێنیكاران یان رێخۆشكارانه‌وه بووه، له‌و كوردانه‌ى نۆكه‌رایه‌تى دوژمنانیان كردووه، نموونه‌ش رێنوێنی‌كردن بووه له پرۆسه‌ى به‌دناوى ئه‌نفال و هه‌روه‌ها چۆڵكردن و به‌ده‌سته‌وه‌دانى شه‌نگال كه ئه‌مه په‌ڵه‌یه‌كى ره‌شه به نێوچه‌وانى ئه‌وانه‌ى رێخۆشكه‌ربوون له رفاندنى 6417كه‌س، كه تائێستاش 2908 كه‌سیان له‌ژێر ده‌ستى داعشدا ماون.
ئه‌وه یه‌كه‌مین جار نییه ئێزدییه‌كان تووشى كاره‌ساتى له‌و جۆره ببن، به‌ڵكو به‌درێژایی مێژووى دوو سه‌ده له‌م ناوچه‌یه‌دا ئه‌وه (73)یه‌مین جاره هه‌وڵى قڕكردنیان ده‌درێت و هه‌رجاره‌و به‌بیانوویه‌ك (ئایین و ره‌گه‌ز) به‌به‌رچاوى جیهانه‌وه تووشى جۆره‌ها توندوتیژیى ده‌بن.
له‌دووه‌مین ساڵیادى ئه‌م كاره‌ساته‌دا رێكخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ڕاپۆرتێكدا ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه جینۆسایدى ئێزدییه‌كان هاوتاى جینۆسایدى ئه‌رمه‌نییه‌كان (1915)و جینۆسایدى جووه‌كانه له‌ماوه‌ى شه‌ڕى جیهانى دووه‌م، ئه‌گه‌ر ئه‌مه راى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بێت، كه‌واته هۆكارى به‌جینۆسایدناساندنیان تا ئه‌مڕۆ بۆ دواخراوه؟!
هه‌ڵبه‌ت رێگه‌گرتن له‌گه‌ڕانه‌وه‌ى ئێزدییه‌كان بۆ سه‌ر ماڵ و زێدى خۆیان و كه‌مته‌رخه‌مى له‌دۆزینه‌وه‌ى زیاتر له (1400) منداڵى ده‌ستبه‌سه‌رو په‌له‌نه‌كردن له هه‌ڵدانه‌وه‌ى (80) گۆڕى به‌كۆمه‌ڵ، هۆكاره‌كه‌ى به‌نده به ململانێ ناوخۆیى، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى هۆكارى به‌ده‌سته‌وه‌دان و چۆڵكردنى شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى بوون!.
پێویسته یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان هه‌روه‌ك چۆن هه‌میشه له خه‌مى هاووڵاتیانى كوردستاندا بووه، ده‌بێ دۆسێى ئێزدییه‌كانیش بكاته پێشینه‌ى كاره‌كانى و هه‌وڵى جدى بدات له‌پێناوى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى و گێڕانه‌وه‌ى رزگاربووانى ناو كه‌مپه‌كان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان، چونكه ئێزدییه‌كان جگه‌له‌وه‌ى تاوان و كاره‌سات و كۆمه‌ڵكوژیى داعش، برینێكى قووڵى له‌ناخیاندا دروستكردووه، به مانه‌وه‌شیان له‌كه‌مپ و رێگریكردن له‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵیان به‌یه‌كنه‌گه‌یشتنه‌وه‌ى خێزانه‌كان و كۆچكردنى هه‌ندێكیان به‌ره‌و ئه‌وروپا، هێنده‌ی تر گوزه‌رانیانى ئاڵۆزتر كردووه.
پێویسته حكومه‌تى هه‌رێم به‌هاوكاریى حكومه‌تى به‌غدا په‌له‌بكه‌ن له به‌جینۆسایدناساندنى كاره‌ساتى شه‌نگال، پێویسته په‌له‌بكه‌ن له دۆزینه‌وه‌ى ژنان و كچانى رفێندراوى ژێرده‌ستى داعش، چیتر نابێت به‌هۆى ململانێى ناوخۆییه‌كانه‌وه هه‌ر جاره‌ى به‌شێوازێ میلله‌ت باج بدات، له‌كاتێكدا ئێزدییه‌كان پێش جیاوازیى ئایین، باجى كوردبوون و ره‌سه‌نایه‌تى ده‌ده‌ن.
تكایه، ره‌نجى نادیه موراد كچه ئێزدی باڵیۆزى نیازپاكیی؛ به‌فیڕۆمه‌ده‌ن، كه به‌و ئازاره گه‌وره‌یه‌وه دواى گیانله‌ده‌ستدانی (6) براو دایكى به به‌رچاویه‌وه توانى له‌بنده‌ستى داعش هه‌ڵبێت و دۆسێى ئێزدییه‌كان بگه‌یه‌نێته جیهان و له به‌رامبه‌ر ئه‌و لێهاتووییه‌شدا بووه خاوه‌نى خه‌ڵاتى نۆبڵ.
كه‌واته بۆ ساڕێژبوونى برینى ئێزدییه‌كان ئه‌وانه‌ى رێخۆشكه‌ربوون بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌م كاره‌ساته، ده‌بێ به یاسایى و ناپاكیكردن له گه‌ل و نیشتمان سزابدرێن، هه‌روه‌ها په‌له‌بكرێت له‌وه‌ى دۆسێى ئێزدییه‌كان وه‌ك ئه‌رمه‌نى و جووه‌كان له ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا به‌جینۆساید بناسێنرێ.
-knwe