گەڕانەوەی کۆنە بەعسیەکان و مامەڵەی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا
هێمن حەسەن جاف


لەسێهەمین ڕۆژی جەژنی قورباندا،بەشێک لەپاشماوەکانی ڕژێمی بەعس دووبارە هەڵیانکوتایە سەر خاک و زێدی ڕەسەنی کوردی دانیشتوانی داقوق و دوزخورماتوو،ئەمانە دوور لەیاسا و بەزمانی هەڕەشەو چەک ویستیان دووبارە تەعریب دەستپێبکەنەوە،ئەوەی جێی سەرنجە دوای ئەم ڕوداوە لەسۆشیال میدیا هاونیشتیمانیانی کورد وەک پەرچەکرداری ناڕەزایی هێرشیان کردە سەر نەتەوەی عەرەب و بەشۆڤێنیان لەقەڵەمدا،پرسیار لێرەدایە ئایا ئەوانەی ئەو کێشەیان دروستکرد بەنوێنەرایەتی هەموو نەتەوەی عەرەب هاتوون تا نازناوی شۆڤێنی بخەینە پاڵ عەرەب هەموو عەرەب لەخۆمان بکەین بەدژ،یا دوو هۆزی پاشماوەی کۆنە بەعسیە هاوردەکان بوون؟...

یەکێک لەخەسڵەتەکانی هونەری دەربڕین،ئەوەیە بتوانیت پەیامەکەت بگەیەنیت و کاریگەری لەسەر بەرامبەرەکەت دروست بکەیت،کەواتە  باشترە دەستەواژەی پاشماوەی کۆنەبەعسیەکان بەکاربێنیت،لێرەدا نەک شیعە ناکەی بەدژی خۆت بەڵکو دەبێتە هاوخەمت بۆ ئەوەی پەنا بۆ یاسا ببەی تا بەر بەو کەڵەگاییە بگرین.

ئەوەی گرنگە ڕاگەیاندنەکان و کارەکتەرە سیاسیەکان گرنگی پێ بدەن و بیوروژێنن،پرسیارێکی جەوهەری بخەنە نێو شەقامی سیاسی عێڕاقەوە بۆچی ئەو کێشەیە لەم تەوقیتە و لەسێهەم ڕۆژی جەژندا و بەو پەلەکڕوزێیە ڕوویدا؟بۆچی لەکاتێکدا هاتووچۆی نێوان پارێزگاکانی عێڕاق قەدەغەیە،ئەمانە چۆن لەباشوری عێڕاقەوە ڕێگەیان بۆ کرایەوە بێن بەرەو کەرکوک؟کێ هێنایانی؟بەپشتیوانی کێ دەخوڕن؟لەهەمووی گرنگتر بۆ لەم کاتە؟؟؟ بێگومان گەر سەرنج بدەن هەر دوای بڕیارەکەی کازمی کاتێک شەشی حوزەیرانی ساڵی ئایندەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریکرد،ئەم کەیسە جوڵێنرا،جا بە پشتیوانی و پلانێکی نێوخۆیی بێت یا ئیقلیمی پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و ئەنجامدەران و بەشداربونی ئەو هەوڵە ئاژاوەگێڕیە بدرێنە دادگا و دواجار دەستی کۆنە بەعسیەکان ببڕدرێت.

خاڵێکیتر پێویستە ڕاگەیاندنەکان کارلەسەر هێورکردنەوەی شەقامی کوردی بکەن،بەجۆرێک شەقامی توڕەیی گەنجان گۆش بکرێت،کە  فیتنەی کارەساتی ساڵی 1959 شەڕی نێوان کورد و تورکمان لەمۆدێلێکیتر دوبارە نەبێتەوە،پێویستە کورد ژیرانە پشت لەشەڕو ڕوو لەیاسا هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بدات،چون هەموو چاودێرانی سیاسی هاودیدن لەسەر ترسناکی دیاردەی زۆربوونی میلیشای چەکداری لەعێڕاق کەهەرکاتێک شەڕێکی تایەفی دروست بێت کوژانەوەی ئەستەمە،خۆ ئەگەر ئەو شەڕە بەرۆکی کورد بگرێت،ڕەنگە ئەنفالێکیتر دوبارەبێتەوە.

-xendan
AM:04:18:08/08/2020