کنگر و ماست
دکتۆر شێركۆ عەبدوڵڵا


هیچ درۆت عەرز ناکەم گەر بڵێم کەس بە قەدەر شیعە و سوننە، دیکتاتۆر و دیموکرات، قەناتی ئیقرە‌و و [شۆ]تی ڤی پێویستیان بە یەکتری نییە. بەڕێزیان شەڕیش لە گەڵ یەکتریدا بکەن وای ناکەن ئەمیان قڕ بخاتە ئەوی تر، چونکە هەر کاتێک رەنگی رەش نەمێنێت دەستبەجێ رەنگی سپییش بانگ دەکرێت و پێی ئەڵێن جەنابت ئیتر ئیشت نەماوە فەرموو عەرەبانەکەت راکێشە.

تەبعەن بەزمانێکی مێخۆش ئەو فەرمانەی ئەخەنە دەستەوە. یەعنی بەشێوەیەکی ئەخلاقی. ئەخلاقیش ئەگەر لە عەینەکی بەعزە فەیلەسوفێکەوە تەماشی بکەین شتێکە بۆ سەرکوتکردنی غەریزەکان دروستکراوە، کە باشتر وایە دەستی لێ بشوێن چونکو پاسی هین بە قۆچەقانی ناکرێ.شەقی زەمانە بۆی سەلماندوین ترش و خوێ باشترە لە سەرکوتکردن. مەبەستم ترش و خوێی رۆحییە. ئەو ترش و خوێیەی کە غەریزەی سێکسی ئەگۆڕێت بە عیشق و بوختانکردن ناو ئەنێ ئازادیی بیروڕا.

بیرو راکەی بۆ خۆتان، بەڵام هەتا زووە ئازادییەکە لەکۆڵ بکەنەوە لەبەرئەوەی کەسمان کەری ئەو بارە نین. ئازادیی راستەقینە مرۆڤی راستەقینەو نموونەیی ئەوێ. دیارە ئەویش دەمێکە لە بازاڕدا نەماوە. فەرموو چەوەندەرێک لەو عەرزە هەڵکەنە.

هەڵناکەندرێ. ئەی حەل؟ بەسەراحەت پێتان بڵێم بێ عاجزبوون حەل وەکو کەندەکەوە وایە، دوو رێگەی هەیە.یان ئەوەتا خەسڵەتە دڕندەییەکان لە مرۆڤ بگوروویت و بیکەیتە پەلەوەرێکی ماڵیکراو بەوجۆرەی کە خۆت دەتەوێت، ئەمەش لەسەری ساڵدا تەلەبەیەکی فاشیلی بێ توانات دەداتێ کە هیچ ئەخلاقێک ناتوانێ پاساوی بداتەوە.رێگەکەی تریش ئەوەیە.

ئۆۆوو بیرم نەبوو شارەوانی دایخستووە. ببورن توخوا، دەی قەی چێکا یەک رێگا بەسە، مادام هەموویان دەچنەوە بۆ بانە با دوان نەبێ یەکێک بێت، خوا نەیبڕێت یەکێک سەرو زیادمانە، تکایە بۆم تێ مەچێنن. نەمگوتووە سەرەکانمان زیادن، دەڵێم شوکور خزمەتگوزارییەکان ئەوەندە زۆرن لەسەرمان دێن لە پێمان دەرئەچن. بەڵام ئەوا دەریش چوون، فایدەی چی؟! خۆ کەس تەعیین ناکرێ. گوایە هەڵیانگرتووە بۆ وەختی هەڵبژاردن، دەستیان خۆشبێ کاکە، کنگر و ماستیش بە واعەی خۆی.

-knwe
AM:05:51:22/09/2020