هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، لە میوزیکەوە بۆ تویت
عەزیز رەئوف


یەکێک لە پایە گرنگەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا بریتیە لە ڕیکلام. لە ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنەکان پارەیەکی زۆر لە ریکلام سەرف دەکرێ. هەموو دەزانین هەم ئەمریکا گەورەیە و هەم فەزایەکی گەورەی سۆشیال میدیا کاریگەری هەیە لەسەر هەڵبژاردن لەو وڵاتە.

فۆرمی ڕیکلام گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا ڕۆناڵد ڕیگن لە ساڵی 1984 لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانەوە لەناو پاس و ئۆپۆمبیلەکانەوە بە میوزیکی خۆش و ئارامبەخش ک مپینی هەڵبژاردن  دەکرا. کەلتوری جوانی ئەمریکی پیشان دەدرا و وشە و رستەی جوان و سەرنج راکێش و بە عەقڵانیترین شێوە بەڵێن دەدرا. بەڵام لە ئێستادا ئەم فۆرمە گۆڕاوە ژاوەژاوی میدیایی خەریکە جوانی و ناشرینیەکان تێکەڵ دەکا. شەری میدیایی تویت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پڕە لە ژاوەوژاو و پڕە لە قسەی کرچ و کاڵ، پڕە لە وشەی بێ ڕۆح و بێ خوێن.

ئەگەر کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی پێشو جۆرێک لە جێژ و ڕووبەرڕووبوونەوەی جەستەی و فەس تو فەیس ی تێدابوایە ئەوا لە ئێستادا جۆرێک لە تەمەڵی جەستەیی لەئارادایە و بەردەوامیشە، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پڕن لە سپۆنسەری دوو هێزی ڕکابەر، فەیسبووک پڕە لە قسەی ڕکابەرەکان و دەنگدەرەکان لە شاشەی مۆبایلەوە قسە و تویت و ڕیکلامەکان دەبینن کە ڕۆحی تیا نیە و بەشداری جدی و هاتنە سەرشەقام و جوڵە و ژیانی تێدا ونە.

وەک دەبینرێ لە ڕێی سپۆنسەرەکانیانەوە پەیجەکانی سۆشیال میدیا پر کراوە لە دروشم و وێنە و قسەی کاندیدەکان و خەریکە سیاسەت لەم ماوەیەدا زاڵ دەبێ بەسەر ژیانی گشتی دا. واتە سیاسەت خەریکە کۆی کایەکانی تر دادەپۆشێ بە جیاواز لە کەمپەینەکانی ساڵانی سەدەی ڕابردوو کە تۆ تەنها دەتتوانی گوێت لەو کەناڵە بێت کە خۆت دەتەوێ سوڕانی مەوجی ڕادیۆ و پلاکی تەلەفزیۆن بەدەست خۆت بوو. ئێستا بێ ئەوەی هەست بەخۆت بکەی وێنەی ترامپێکی سور و بایدنێکی دەنگ گڕ خۆیدەکات بە ئەکاونت یان پەیجەکەتدا و سپۆنسەر کراوە و دەسەڵاتی خۆتی تیا نیە.

هەموو ئەمانە لەوە کەم ناکاتەوە کە سوشیال میدیا کاریگەری خۆی هەیە و لە ئێستادا بەناچاری دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. تویتەکانی لە سۆشیال میدیاوە  کاریگەری هەبوو لەسەر هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ بۆ سەرۆکی ئەمریکا. ڕاستتر بڵێین ترامپ فەیسبووک و تویتەر دەریچاند.
بۆ ئەمریکیەکان مەسەلەکە تەنها بێ ڕۆحی کەمپەینی هەڵبژاردن نیە بەڵکو ئەو مەترسیەی کە بۆ ئەمریکیەکان ئامادەیە  ئەوەیە کە فەیسبووک و تویتەر و سۆشیال میدیای بێ ڕۆح، سەرۆکی بێ ڕۆح دروست دەکا. 

فەیسبووک کاریگەری گەورەی  شکانی ئەوی دی و هەڵە تێگەیشتن و زانیاری هەڵەدا هەیە. ڕکابەرەکان لە شاشەکانەوە دەتوانی هەواڵی فەیک لەسەر ئەوی تر بلاو بکەنەوە و ناشرینی خۆیان بشارنەوە و جوانی ئەوی تر بە ناشرینی وەسف بکەن. بۆ نمونە جۆ بایدن هیتفۆنێکی وایەرلێسی لە گوێچکەدایە، لایەنگرانی ترامپ وا ڕادەگەیەنن ئەوە کێیە لە پشتی بایدنەوە بە گوێی بایدندا دەچرپێنێ who is in Joe‌s ear? ئەمەش بەو مانایەی کە بایدن خۆی نیە و کەسێک لە پشتەوە بە گوێچکەیدا دەچرپێنێ.
بەڵام بە هەر فۆرمێک وەریبگرین ئەوەی دەبێت کۆی هێزەکان لە ئەمریکا مامەڵەی لەگەڵ بکەن میدیایە و بەبێ میدیا هیچ کاندیدێک دەرچوون بە چاوی خۆی نابینێت. 

*عەزیز ڕەئووف. ڕۆژنامەنوسی فریلانس و هەڵبژدراوی The Foreign Press Centers بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا.

-sharpress
AM:07:06:10/10/2020