کارەساتی گرێی خۆ بەپاڵەوانکردن لە کۆمەڵگەی کوردیدا
تریفە جەلال


کۆمەڵگەی کوردی لە لێوارێکی مەترسیداردایە، کە تیایدا  نزیکە ھەموو بەھا باڵاکان و پیرۆزییەکان و جوانییەکان بکەونە خوارەوە، چونکە بەھۆی "گرێی خۆ بەپاڵەوان کردنەوە" لە سۆشیاڵ میدیا، رۆژانە شتانی نامۆ و سەیرو سەمەرە لەکۆمەڵگاکەماندا روو دەدەن.

گرێی خۆ بەپاڵەوان کردن ئەوەیە: کە گەنجێک (کوڕ یا کچ) بیەوێت لەرێگەی مۆبایلە سمارتەکەی دەستییەوە، ھەرچییەکی کردووە بیکات تەنھا لەبەر ئەوەی ناو دەربکات یاخود ببێت بە پاڵەوان و موشتەری و لایک و کۆمێنت بۆ خۆی زیاد بکات.

ئیدی لەم پێناوەشدا، ھەموو شتێک دەکات و ھەموو شتێک دەڵێت بەبێ رەچاوکردنی عورف و عاداتی کۆمەڵگاکەی تەنھا بۆ ئەوەی ئەو گرێیەی لەناخیدایە بیکاتەوە و خۆی بکات بە ئایکۆن، ئیدی لەھەر بوارێک بێت، کە ھەندێ کات بەسازشکردن لە سیفەتەکانی کەسایەتیش کۆتایی دێت.

ھەر لەو رۆژەی دەستمان گەشت بەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان،  ئیدی جۆرێک لە منافسەی نا تەندروست لەنێوان چینێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا دروست بوو کە تیایدا ئامانجی سەرەکی ئەوە بوو چۆن لەدژی یەک و لەرقی یەک و لەسەر حسابی یەکدی ببن بە پاڵەوان.

ھەستی حەزکردن بە ناودەرکرن و بوون بە رەقەم،  کارێکی یاساغ نییە، بەڵام گرتنەبەری رێگەکانی یاساغی دەکەن، چونکە کەسێک لەسەر ئەساسی پێ نان بە پیرۆزییەکاندا ببێت بە پاڵەوان ئەوە دەرەنجامێکی نامۆشی لێ دەکەوێتەوە.

حەز دەکەیت ببیت بە فاشیۆن یاخود ھونەرمەند یاخود کەسێکی کۆمیدی یان ھەر بابەتێکی دیکە، ئەوا ئوسلوب و رێگەی تایبەت بەخۆی ھەیە و نابێ بەم بیانووەوە ھەندێ رێگا بگیرێتە بەر کە تەنھا زیانی بۆ خودی کەسەکە و خێزانەکانیان ھەیە.

-nrttv
AM:05:06:11/10/2020