درامای شەرەف
بەناز مەحموود


لە کۆتایی مانگی رابردوو ( 28-29ی سێپتێمبەری 2020) کەناڵی ئای تی ڤی درامایەکی دووبەشی بەناوی شەرەف پەخشکرد، کە لەسەر بنچینەی ژیانی بەناز مەحموود بوو. بەناز مەحموود ئەو کچە کوردە بوو کە لە سەرەتای ساڵی 2006 بە پلانی باوک و مام و ئامۆزاکانی کوژرا. دوای سێ  مانگ تەرمەکەی لەناو جانتایەک لە باخچەیەکی شاری بێرمینگهام دۆزرایەوە و ئاشکرا بوو کە پێش کوشتنی دەستدرێژی کراوەتەسەر.
 
کەیسی بەناز وەک چیرۆکی هەموو ئەو کچ و ژنانەی بە بیانووی شەرەفەوە بە نهێنی دەکوژرێن، چیرۆکێکی تراژیدییە. خێزانەکەی کە پێکهاتبوو لە پێنج کچ و کوڕێک لە سیاسەتی رەشەکوژیی رژێمی بەعس هەڵدێن و لە ساڵی  1995 وەک پەناهەندە لە لەندەن نیشتەجێ دەبن. لەوێ وەک زۆربەی خێزانە ئاوارە و کوردەکان لە دەوروبەری لەندەن ژیانێکی پەراوێزخراو دەژین. لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، ئەگەرچی کچەکان دەچنە مەکتەب، بەڵام ژیانیان بە تووندترین جۆری رێسا و کۆد و نەریت بەڕێوەدەچوو. بەناز لە تەمەنی هەرزەکاریدا بە زۆر دەدرێت بەشوو بە پیاوێکی نەخوێندەوار کە 10 ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو.

بە پێی گەواهیی خودی بەناز بۆ پۆلیس، مامەڵەی مێردەکەی لەگەڵی زۆر خراپ بووە و بەردەوام لێی داوە و لاقەی کردووە. بۆیە رادەکات و دەگەڕێتەوە لای ماڵی باوانی. دواتر عاشقی کوڕێکی کوردی رۆژهەڵات و هاوتەمەنی خۆی دەبێ کە بۆ خێزانەکەی دەبێتە مایەی بێ 'شەرەفی' و بە بیانووی ئەوەوە دەکوژرێت. 
 
کوشتنی بەناز دەکرا رێگەی لێ بگیرێت، چونکە دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵی باوانی، پێنج جار هانای بردووەتە بەر پۆلیس و سکاڵای لە دژی باوک و مامەکانی تۆمارکردووە وتوویەتی هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردووە و ژیانی لە مەترسیدایە. پۆلیس نەک هەر سکاڵاکانی بە هەند وەناگرێ، بەڵکو لە یەکێ لە راپۆرتەکانی دەنووسێ کە بەناز  کەسێکی ''لەخشتەبەرە'' و ''میلۆدرامییە''. تەنانەت یەک لەو جارانە پۆلیس تومەتباری دەکات بەوەی کە پەنجەرەی ماڵی باوکی شکاندووە کە لەکاتی راکردنی روویدابوو. لە هەموو ئەمانە پۆلیس زۆر کەمتەرخەم و بێباک بوو بەرامبەر بە ژیانی بەناز وەک ژنێک، وەک پەنابەر و وەک بێگانەیەکیش کە بەها و و ستاتوی کەمترە لەچاو کەسێکی بەرەسەن ئینگلیز و بەریتانی. 
 
سەرەڕای ئەم رووداوە بەڵگەئامێزانە، درامای شەرەف ''ئەفسەرێکی پۆلیس کە ژنێکی سپی پێستی ئینگلیزە دەکاتە پاڵەوان و رزگارکەر'' ی بەسەرهاتەکە. ئەو ئەفسەرە بەناوی کارۆلین گوود، رۆلی ئەوە بوو کە دوای تاوانەکە هات و لێکۆڵینەوەی لە کەیسی بەناز کرد و تاوانبارەکانی بە سزا گەیاند.

واتە دوای ئەوەی بەناز کوژرا، ئینجا هاتنە سەر خەت! هەروەها ئەو ئەفسەرە نەیدەتوانی لێکۆڵێنەوەکە بکات ئەگەر لە لایەن رەحمەت سولەیمانی دۆستەکەی بەناز و خوشکەکانی و چەند کەسێکی دیکەی ناو کۆمەڵگەی کوردی لە بەریتانیا هاوکاری نەکرابا. پاڵەوانی سەرەکی ئەو چیرۆکە تراژیدییە خودی بەناز مەحموود بوو کە لە کاتی سکاڵاکانی ناوی تەواوی ئەو کەسانەی پلانی کوشتنەکەیان داڕشتبوو رادەستی پۆلیس کردبوو پۆلیسیش باوەڕی پێ نەکردبوو.
 
من بۆ ماوەی دوو ساڵ، لەگەڵ هاوکارم پرۆفیسۆر عایشە جییل، ئەندامی بۆردێکی راوێژکاری پۆلیسی مێترۆپۆلیتان بووم لە لەندەن و لەسەر پرسی کوشتن لەسەر بنەمای شەرەف کارمان دەکرد. جگە لە کۆبوونەوەی مانگانە و کۆڕ و سیمینار لەگەڵ پۆلیس، رۆلم هەبووە لە خولی راهێنان و هۆشیارکردنەوەی پۆلیسی بەریتانی دەربارەی تووندووتیژیی جێندەری و کوشتن لەسەر بنەمای شەرەف. لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە و خولەکان هەمیشە پێم لەسەر دوو لایەن داگرتووە: 
 
یەکەم: کاتێ ''کچێکی رەشپێست و ئاوارە و بێگانە'' سکاڵا دەکات، پێویستە سکاڵاکەی بەهەند وەربگیرێت و وەک هەر کچێکی ئەو وڵاتە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
 
دووەم: پێم لەسەر ئەوە داگرتووە کە نابێ تەواوی کوولتووری کوردی و کۆمەڵگەی کورد بخەنە ناو قالبێکی نەخوازراو و هەموو کورد بە دواکەوتوو و ژنکوژ و تاوانبار لە قەڵەم بدەن. 
 
دیارە خاڵی دووەم لە ئەنجامدا دەبێتە مایەی رەگەزپەرستی، هەستی راستە تووندڕەوەکان بەرامبەر بێگانە و پەنابەر و ئاوارەکان دەوروژێنێ و ناکۆکی و لێکترازان و شەڕ و ئاژاوەی لێ دەکەوێتەوە. ئەم بیروڕایانەم لە وتار و کتێبەکانم بە روونی دەربڕیوە بە کوردی و ئینگلیزی و فەرەنسی و سوێدیش کاتێ ئەندامی بۆردی راوێژکاری وەزیری سوێدی کاروباری ئینتیگراسیۆن، مونا سالین، بووم لە ستۆکهۆلم.
 
لە بەریتانیا و لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی، کەسانێکی زۆر بە ژن و پیاوەوە چالاکبوون لە بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی و کوشتن لەسەر بنەمای شەرەف. لە لەندەن لە ساڵی 2000 کۆمەڵێ ژنی کورد بە هاوکاری چەند پیاوێکی پێشکەوتوخوازی وەکو پێشڕە و نامۆ و رێبوار سەعید و زۆری دیکە، کەمپینێکی سەرانسەریمان راگەیاند کە ژنانی هەرچوار پارچەی کوردستان بە هەموو جیاوازییەکانەوە تێیدا بەشداربوون. کەمپینەکە ماوەی چەندەها ساڵی خایاند و بەناوی گرووپی ژنانی کورد دژی ژنکوشتن بە بیانووی شەرەف کە بە (کواک) ناسرابوو. 
 
درووشمی کەمپینەکە بریتی بوو لە ''شەڕەف لە کوشتن دا نییە''. خانمانی رۆژهەڵات و باشوور و باکوور و رۆژئاڤا هەموو پێکەوە رۆڵێکی چالاکمان دەبینی لە هۆشیارکردنەوەی رای گشتی و پۆلیسی بەریتانی و دواتر ئەوروپیش دەربارەی ئەم پرسە ئاڵۆز و هەستیارە. بەرای زۆر نووسەر و پسپۆر، ژنانی کورد، لەسەرووی هەموویانەوە بەناز مەحموود، رۆلی سەرەکییان هەبووە لە گۆڕینی سیاسەتی بەریتانی دەربارەی تووندووتیژیی جێندەری و شەرەفپارێزی لە بەریتانیا. کەچی درامای شەرەف پۆلیسێکی ئینگلیز دەکات بە پاڵەوان و رزگارکەری کچانی کورد لە دەستی ''کولتووری کوشتن لەسەر بنەمای شەرەف''. ئەو پۆلیسە لە جیاتی ئەوەی فەشەلی پۆلیس لە پارێزگاریکردنی کچانی ئاوارە و بێگانەی وەک بەناز ئیبراز بکات، رۆشنایی دەخاتە سەر ئەوەی کە گوایە بۆ پۆلیسی بەریتانی ئاسان نەبووە ''لەم ''کولتوورە'' بیانییە تێبگات و بەخێرایی بێتە سەرخەت و بەهانای ئەو کچانەوە بێت کە مەترسی کوشتنیان لەسەربووە''. شایانی باسە ئەو پۆلیسە کەمتەرخەمەی راپۆرتی لەسەر یەک لە سکاڵاکانی بەناز نووسیبوو، لە جیاتی بەدەنگییەوە بچێت، بە ''بەخشتەبەر'' لە قەڵەمی دابوو، نەک هەر سزا نەدرا لەسەر ئەم کردەوەیە، بەڵکو دواتر پلەکەی بەرزترکرایەوە.
 
لە ئەنجامدا کولتووری 'شەرەف'' دراوەتە پاڵ نەتەوە و میللەتانێک کە رۆژئاڤا بە شێوەیەکی جەوهەری بە دواکەوتوو و ژنکوژ تاوانباریان دەکات. لەم پرۆسەیەدا، کولتووری پیاوسالاری کە بنەمای سەرەکیی هەموو تووندووتیژییە جێندەرییەکانە بە کوشتنی شەرەفئامێزیشەوە، لەبیر دەکرێ و کولتووری کوردی و بیانی یا ئیسلامی دەکرێتە ئامانج و بەرکەوتەی سەرەکی. ئەمەش نەک هەر هەستی رەگەزپەرستی بەرامبەر بە کورد و کۆمەڵگە هاوشێوەکانی زیاتر دەکات، بەڵکو وا دەکات ئەو دەوڵەتانە نەتوانن وەک پێویست ستراتیژی و پۆلەسی گونجاو دابڕێژن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایە کە رەگی لەناو کولتووری پیاوسالاری (پاتریارکی) داکوتاوە و لە سەرانسەری جیهان و لە کۆمەڵگە رۆژئاڤاییەکانیش بەشێوازی جیاجیا پیادە دەکرێت. بۆ نموونە، لە فەرەنسا کە هەر سێ رۆژ ژنێک لە لایەن مێرد یا برادەرەکەیەوە دەکوژرێت، ئەوە دەرهاویشتەی ئەو کولتوورەی پیاوسالارییە. 
 
لە ماوەی پەخشکردنی درامای 'شەرەف'، ئەگەرچی لە سۆشیال میدیا هاوسۆزییەک دروست بوو بۆ قوربانیانی ''تووندووتیژیی شەرەفئامێز''، بەڵام خەڵکێکی زۆریش هێرشیان دەکردە سەر کولتووری کوردی کە گوایە ئەوە تەنها کورد و میللەتە دواکەوتووەکانی وەک پاکستان و هیندین ژن و کچی خۆیان دەکوژن. ئەمە لە کاتێکدا دراماکە ئەفسەرێکی پۆلیسی ئینگلیزی کردە پاڵەوان و رزگارکەر.

لە راستیدا، ئەگەر پاڵەوانێک لەم کەیسەدا هەبێت، ئەوە بە پلەی یەکەم بەناز مەحموود بوو، لەگەڵ رەحمەت سولەیمانی و چەند خوشکێکی بەناز کە سەرەڕای ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیە، توانیان بەرەوڕووی بێباکی و کەمتەرخەمیی پۆلیس ببنەوە و تا بە دادگاگەیاندنی تاوانبارەکان هاوکارییان کرد. رەحمەت سولەیمانی لە کۆتاییدا بەرگەی ئەو هەموو ئازارە و ژیانی ناو پەناگەی نەما و لە ساڵی 2014 کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا. 
 
ئەگەر ئامانجێک لە پشت درامای شەرەف هەبێت و بریتیی بێت لە هۆشیارکردنەوەی رای گشتی و دەسەڵاتی سیاسی دەربارەی ئەم پرسە دژوار و ئاڵۆزە، ئەوە دەبوایە دراماکە لەم کەیسە بارگاوییە بە ئازار و مەینەت رۆلی ئەفسەریکی پۆلیس وەک پاڵەوانێکی سپی پێست ئیبراز نەکات، بەڵکو لە دەرەوەی ئایدیۆلۆژیای سیاسی و کولتووری و ئایینیدا، کولتووری پیاوسالاریی بە گشتی ئیدانە بکات و ئاوڕێکی گونجاویش لە فەشەلیی پۆلیس لە پاراستنی کچان و ژنان بداتەوە. 

-rudaw

AM:05:18:11/10/2020