ئافرەت لە تێگەیشتنی کۆمەڵایەتیدا
د.ڤیان سلێمان
وێنای ئافرەت لە ڕوانینی کۆمەڵایەتیدا بابەتێکی فرەڕەهەند و بارگاوییە بە چەندین فاکتەری کەلتوری و ئایدۆلۆژی و سیاسی و ئابوری، لاسەنگی هێز و دەسەڵات لە نێوان ئافرەت و پیاو و باڵادەستی و هەژومونی پیاو لە تەواوی بوارەکانی ژیان، پلەبەندی ڕەگەزی و بە ناوەندبوونی دەسەڵاتی نێرینەی خوڵقاندووە، تەنانەت هیچ سیستەم، ئایدۆلۆژیا و ڕێبازێک نەیتوانیوە بە کردەیی و بە تەواوی تەرازووی لاسەنگی ژیان لە نێوان ئافرەت و پیاودا هاوسەنگ بکاتەوە، ئەوەی سیاسەت دادەڕێژێ، ئەوەی بڕیار دەدات، ئەوەی ئابوری به دەستەوه‌یه و ئەوەی پانتایی کۆمەڵایەتی داگیرکردووە، پیاوە؛ بۆیە لە ڕێگای بینینی پیاوەوە ئافرەت دەبینرێ و وێنا دەکرێ و ڕوانینی کۆمەڵایەتی له دیدی زۆرینه‌ی ئافره‌ت و پیاوه‌وه، یەکسانە بە ڕوانینی پیاو بۆ ئافره‌ت . ئۆرگان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان، خێزان، ڕێوشوێنە ئاییینییەکان نه‌ك خودی ئایینه‌كان و ڕاگەیاندن هەرهەموویان ڕۆڵیان هەیە لە مانەوەی ئەو وێنایە و بەردەوامبوونی ئه‌و دیده جیاوازی جێنده‌رییه .
وێنای ئافرەت لە تێگەیشتنی پیاودا وێنایەکە لە جەستە و زایه‌ند دا كۆ‌و چڕکراوەتەوە، ئەوەی لای وایە پێوەری باشی و سەنگینی بۆ ئافرەت داپۆشراوی و باڵاپۆشییەتی بە ڕوانگەی كولتوری كۆمه‌ڵگه ئیسلامییەکە، یان ئەوەی پێی وایە جلوبەرگی زۆر کراوە دەرخەر و نیشاندەری ئازادی ئافرەتە بە مۆدێلە كۆمه‌ڵگه عه‌لمانی و سەرمایەدارییەکە، ئەوەی شەرەف لە جەستەی ئافرەتدا دەبینێتەوە، بینین تەنها بە چاوی حەز و چێژ، پیاهەڵدان بە جوانی و بەژن و ئەندامانی جەستەی مێ و ڕەنگدانەوەی لە هونەری میللی و فه‌رهه‌نگی زمانی‌دا، هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ یەک سەرچاوە کە بینینی ئافرەتە وەک جەستە، وەک تەنێکی بێ هەست و هۆش و زیرەکی و کەسایەتی، بینینی وەک تەنها بوویەکی مادی. .
جەستەی ئافرەت، ئەو پانتاییەی هەر لە یەکەم ڕۆژی لەدایکبوونەوە مامەڵەی جیاوازی لەگەڵ دەکرێت، هەموو دەرکەوتنێکی سانسۆر دەکرێت، دانیشتنی، هەستانی، پێکەنینی، چاوی، هەر هەموو بەشەکانی جەستەی بە کۆمەڵێک نۆرم و کۆدی کۆمەڵایەتی بارگاوی کراوە، هەر ئەو جەستەیەشه داوای لێدەکرێت بە پێی ئایدۆلۆژیا و پێوەرە کۆمەڵایەتی و ستاندارەکانی جیهانی سەرمایەداری چه‌ندی له خۆی بشارێتەوە یا نمایش بکات، ئەویش بەپێی باوەڕی پیاو و بۆ ڕازیکردنی چاوی پیاو و بۆ جێبەجێکردنی ئەو نۆرم و ڕێسایانەی پیاو بەهای پێداون.
ڕوانینی نێرانە ئەوەیە چۆن پیاو ئافرەت تەنها وەک ئۆبجێکتێکی سێکسی دەبینێت، لەو دۆخەدا بەشێک لە ئافرەتیش دەکەونە ژێر کاریگەری ئەو ڕوانینە بۆ ڕازیکردنی چاو و حەزی پیاو، ئەمەش کورتکردنەوەی ئافرەتە لە جەستەدا، جەستەیەک کە بە پێوەرێ دەبێت دابپۆشرێ و بە پێوەریتر دەبێت لە پێناو گەیشتن بە ستاندارەکانی سیستەمی سەرمایەداری بۆ جوانی و ڕێکی لەش و لار هەرچی ڕێگایە بگرێتەبەر لە گرتنەبەری قورسترین شێوازی ژیان و رێجیمه خوراكییه‌كان و زۆرترین بەکاربردن لە پێناو جوانی و ڕوکەشگەرایی، هەردوو ئەم تێڕوانینە لە قاڵبدانی ئافرەتە لە جەستەدا، فەرامۆشکردنی جەوهەری ئافرەتە وه‌ك مرۆڤ، بێبەهاکردنی هۆش و هۆشیاری و توانا و دونیابینی ئافرەته.
لایه‌نی زایه‌ندی له ڕاستیدا درێژكراوه‌ی هه‌مان دید و وێنای جه‌سته‌ییه له به‌رگی به‌كارهێنانی هێزی جه‌سته یی ئافره‌تان واته كارپێكردن و سوودی هێزی بازوو . له لایه‌ك بۆ وه‌چه خستن وپه‌روه‌رده و زیادكردنی ژماره‌ی نێره‌كان وه‌ك هێزی كاریگه‌ر و به ده‌سه‌ڵات و له لایه‌كی تر خزمه‌تكردنی ئه‌ركه كه‌سییه‌كانی پیاو وه‌ك ئاماده‌كردنی خواردن و شوێنی مانه‌وه و پاك و خاوێنی . بۆیه‌ش ده‌بینین به پێی نه‌ریت و یاسای نووسراو تا ئێستاش پیاو خاوه‌ندار و خانه‌خوێ و ئافره‌ت مولك و كابانه. پیاو له ناو كۆمه‌ڵگا و خاونبه‌شی شێرله هێز و ده‌سه‌ڵات، ئابوور و داهێنان و به‌ڕێوه‌بردن، پێچه‌وانه‌ی ئافره‌ت كه زورینه لێی تابۆ یان به ده‌گمه‌ن و دوای ماندیبوون و تێكوشانێكی زۆر تاكێكی ئافره‌ت به ده‌ستی ده‌هێنێت.
بۆئەوەی ئافرەت نەکەوێتە ژێر ئەم کاریگەرییە و تەواوکردنی ڕوانینی نێر، پێویستی بە هۆشیاری خودی هەیە، هۆشیارییەک کە بەرچاوی ڕوناک بکاتەوە دەربارەی چەمکی خود و ئافرەتبوون. دەربارەی بەها و پێوەرەکانی پیاوسالاری، دەربارەی ئەوەی کە ئافرەت لەبەر ئافرەتبوونی مامەڵەی یەکسانی لەگەڵ ناکرێت و کاروبارەکانی ژیان بەپێی ڕوانگە و خواستی پیاو ڕێکخراون، هۆشیاری دەربارەی نایەکسانییەکان و ئەو وێنایەی کە بۆ ئافرەت و شوناسی ئافرەت و ڕۆڵی ئافرەت داتاشراوە.
هۆشیاربوونەوە لە مەترسی برەودان بە هزری پیاوسالاری و زەرورەتی کارکردن بۆ یەکگرتوویی گوتاری ئافرەتانە و چوارچیوەی هاوبەش، هۆشیاربوونەوە لەوەی ئازادی و مافی ئافرەت لە جەستە و زایه‌ند دا کورت ناکرێنەوە، دیسپلنکردنی جەستە و زایه‌ند بە پێی هەر ئایدۆلۆژیا و بۆ هەر سیستەمێک بێت سەندنەوەی ئیرادە و خواستی ئافرەتە وەک مرۆڤ و کارەکتەرێکی سەربەخۆی كۆمه‌ڵگا، ئازادی ڕزگاربوونە لەو دیدە سادیستە پیاوسالارییەی بە بینینی خۆی و بۆ بەرژەوەندی خۆی ڕۆڵی بۆ ئافرەت داناوە و پێگەی داوەتێ، ئازادی ئەوەیە خاوه‌نی خۆت و بڕیاردەری ژیانی خۆت بیت دوور لە هەر ناچارکردن و سانسۆرێک، ئازادی ئه‌وه‌یه هیچ هه‌ل و ده‌رفه‌ت و مافێك لێت زه‌وت نه‌كرێ به بیانووی مێ - ئافره‌تبوون.
ئازادی واته خاوه‌ندارێتی ماف، ئه‌رك و بەرپرسیاریەتی هاوبه‌ش و هاوسه‌نگ له كۆمه‌ڵگادا، ئازادی به‌ڵگه‌ی بێمه‌رجی ڕێپێدانی پەرەپێدانی توانا و لێهاتوویی و کارایی خۆته وه‌ك مرۆڤ . ئه‌مه‌یه ئه‌و ئازادییه و دیده ئافره‌تانه- فێمینیستییه‌ی كه من و هاوبیر وهاوڕێبازه‌كانمان بۆ تێده‌كۆشین و به‌رده‌وامین بۆ بنیاتنانی خێزانێك كه په‌ناگه‌ی ئارامی و ئامێزی خۆشه‌ویستی بێت بۆ ئه‌ندامانی له هاوسه‌ران و مناڵان و كۆمه‌ڵگایه‌كی ئارام و له‌بار، ده‌وڵه‌مه‌ند به توانا و كارامه‌یی و هێزی هه‌ر دوو تاكی مرۆڤ بۆ دابینكردنی ژیانێكی شایسته به دانیشتووانی.
-hawler