ئاسۆس هەردی
بۆ یەکێکی وەکو من کە ساڵانێکو لەدەستپێکەوە لە رۆژنامەی هاوڵاتیدا کارم کردووە، داخستنی ئەم رۆژنامەیە وەک لەدەستدانی جگەرگۆشیەکم وایە. هەمیشە دەستپێکردنو سەرەتای هەموو کارێک، سەختترینو گرانترین سەردەمێتی، تامو چێژەکەشی لێرەدایە. سەرەتای کارێکی تازە، پرۆژەی بەرهەمێک کە لەوانی پێش خۆی جیاواز بێت، بیرکردنەوە لە هێنانەکایەی مینبەرێکی ئازادو دروستکردنەوەی پردی بەیەک گەیشتنو دیالۆگ لەناوجەرگەی قەیرانو دابەشبوونی کۆمەڵگە بەسەر دوو بەرەی دژبەیەکدا، تەحەددایەکی گەورەیە، جوانییەکەشی لەوەدایە.
لەکاتێکدا کە رۆژنامەی هاوڵاتی رادەوەستێتو رۆژنامە ئازادەکانی تر رووبەڕووی سەختترین قەیرانی داریی بوونەوتەوە، رێک لەم دۆخە دژوارەی خەڵکی کوردستاندا، دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە، تازە بە تازە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ کردنەوەی کەناڵێکی ئاسمانیی سێبەر تەرخان ئەکەن
لە سەردەمی ئینتەرنێتو میدیای ئۆئلایندا، لەسەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانو "مۆبایلی زیرەک: سمارت فۆن”دا رەنگە داخستنی رۆژنامەیەک رووداوێکی ئاسایی بێت. ئەوەتا هەر چەند رۆژێک لەمەوبەر رۆژنامەیەکی بەناوبانگی وەک (ئیندیپێندێنت)ی بەریتانی، بەهۆی قەیرانی داراییەوە بڕیاری دا لەناوەڕاستی مانگی ئازاردا رۆژنامەکە راگرێتو تەنها ماڵپەڕەکەی بهێڵێتەوە. بەپێی زانیارییەکان،
فرۆشی رۆژنامەکە لە (٤٠٠) هەزارەوە دابەزیوە بۆ (٢٨) هەزار! ئەم رۆژنامەیەش یەکەمین نموونە نیەو بێگومان دوا نموونەش نابێت. بەڵام لە کوردستاندا، لەکاتێکدا کە رۆژنامەی هاوڵاتی رادەوەستێتو رۆژنامە ئازادەکانی تر رووبەڕووی سەختترین قەیرانی داریی بوونەوتەوە، رێک لەم دۆخە دژوارەی خەڵکی کوردستاندا، دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە، تازە بە تازە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ کردنەوەی کەناڵێکی ئاسمانیی سێبەر تەرخان ئەکەن، کەسیش لێیان ناپرسێ "ئەمەتان لەکوێ بوو”؟ کێ هەیە نەزانێت هەموو ئەو رۆژنامەو کەناڵە حیزبیو سێبەرانەی مانگانە سەدان ملیۆن دینار تێچووی بەردەوام بوونو گەورەبوونیایە، لەسەر ورگی خەڵکی ماندووی کوردستانو بە پارەیەک کە موڵکی "خەڵکی هەژارکراو”ی ئەم هەرێمەیە، دامەزراونو بەڕێوە ئەچن؟ ئاساییە گەشەی تەکنۆلۆجیاو ئامڕازەکانی پەیوەندیکردن گۆڕانکاری لە بوارە جیاوازەکانو بەتایبەت لە بواری میدیادا لەگەڵ خۆیدا بێنێت. ئەوەی نائاساییە ئەوەیە، لە وڵاتی ئێمەدا بە زەبری چنگ گیرکردنی دەسەڵاتدارن لە داهاتی خەڵک، ئەم یاسایە تەنها خەڵکی ئاسایی دەگرێتەوە. تەنها ئەو میدیایە دەگرێتەوە کە لەدەرەوەی ئیرادەی دەسەڵاتدارانو لەناوجەرگەی خەڵکی ئاسایی ئەم وڵاتەوە هەڵدەقوڵێ.
ئەزانم ئێستا کەم نین ئەوانەی بەم بۆنەیەوە ئاهەنگ ئەگێڕن، بە دڵی خۆشەوە هەواڵی راوەستانی هاوڵاتی بۆ یەکتر ئەنێرنو ئاواتەخوازن ئاوێنەو کەناڵە ئازادەکانی تریش بەم زووانە هەمان چارەنووسیان هەبێ. ئاخر کەم نین ئەوانەی رووە ناشرینو شاراوەکەی خۆیان لەسەر لاپەڕەکانی هاوڵاتیو دەستەخوشکەکانی بینیوەتەوەو داخ لەدڵو دڵڕەشن بەرامبەریان. بەڵام با ئەوانە دڵنیا بکەمەوە، ئەگەر پێتان وابێ ئەمە کۆتایی رۆژنامەگەریی ئازادە لەکوردستاندا، دڵنیابن بەهەڵەدا چوون، چونکە مرۆڤایەتی لەمێژە سەردەمی بێدەنگکردنو خۆشاردنەوەی جێهێشتووەو تازە کاروانەکە ناگەڕێتەوە بۆدواوە. ئەم قۆناغەش جگە لە قەیرانێکی کاتی، هیچی تر نیە.
ئەزانم ئێستا کەم نین ئەوانەی بەم بۆنەیەوە ئاهەنگ ئەگێڕن، بە دڵی خۆشەوە هەواڵی راوەستانی هاوڵاتی بۆ یەکتر ئەنێرنو ئاواتەخوازن ئاوێنەو کەناڵە ئازادەکانی تریش بەم زووانە هەمان چارەنووسیان هەبێ
لە کۆتاییدا بە هاوڕێو هاوکارە خۆشەویستەکانم لە هاوڵاتی ئەڵێم: ئازیزان دەستان خۆشو ماندوو نەبن. ئەمڕۆ رۆژێکی ناخۆشە بۆ ئێوەو ئێمەو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، بەڵام هەمیشە سەرتان بەرزەو جێگەی شانازییە کە قەڵەماکانتان نەفرۆشتو بە سەربەرزی لەم تاقیکردنەوە دژوارە دەرچوون. دڵنیابن هەتا ئەم میللەتە بمێنێ، ناوی هاوڵاتی وەک یەکەمین رۆژنامەی سەربەخۆو ئازاد لەکوردستانی دوای راپەڕیندا دەمێنێتەوەو ئێوەش هەقی خۆتانە شانازی بەوەوە بکەن کە لەخۆبردوانە لەو رۆژنامە ئازیزەدا کارتان کردووە.
ئەم بابەتە 575 جار خوێندراوەتەوە
awene