وه‌به‌رهێنان له که‌رتێکی هه‌ستیاردا
کنێر عه‌بدوڵا
بایه‌خدان به که‌رتی تایبه‌ت له پاڵ که‌رتی گشتیدا له هه‌ر بوارێک‌دا بێت ئامانجداره که به گشتی مه‌به‌ست لێی پاڵپشتیکردن و پشتگیریکردنی که‌رتی حکومه‌ته، به مه‌به‌ستی که‌مکردنه‌وه‌ی فشار له‌سه‌ر حکومه‌ت و ڕه‌خساندنی کێبڕکێی ئه‌و بواره بۆ خزمه‌تکردنی هاووڵاتییان و کۆمه‌ڵ.
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا کردنه‌وه‌ی باخچه‌ی ساوایان و دایه‌نگه و قوتابخانه‌کان به تایبه‌تی له هه‌رێمی کوردستاندا زۆر ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه و زیادبوونیشی بووەته جێی سه‌رنج؛ ئه‌گه‌رچی مۆڵه‌تی کردنه‌وه و چاودێریکردنیان به پێی یاسا له لایه‌ن ڕێنماییه‌کانی حکومه‌ته‌وه ده‌بێت.
یه‌که‌م قوتابخانه‌ی تایبه‌ت له شاری هه‌ولێر ساڵی 1994 کرایه‌وه به ناوی ئیشق و له سلێمانیش ساڵی 1997 به ناوی سه‌ڵاحه‌دین. له ساڵی 2018دا به پێی ئاماری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده (305) قوتابخانه‌ی ناحکومی کراوه‌ته‌وه ژماره‌ی فێرخوازانی زیاد له (59 هه‌زار) بووه؛ جگه له ژماره‌ی مامۆستاکانی که بریتی بوون له زیاتر لە (6 هه‌زار) مامۆستا.
ئه‌وه‌ی ئاشکرایه زۆرینه‌ی ئه‌و خوێندنگانه که‌سایه‌تییه‌کی سیاسی یان ده‌سه‌ڵاتدارێک یاخود سه‌رمایه‌دارێکی له پشته‌وه‌یه که نزیکه له یه‌کێک له‌و دووانه‌ی دیکه، زیادبوونیشی چه‌ندین پرسیاری جه‌وهه‌ری دێنێته ئاراوه به‌وه‌ی داخۆ تا چه‌ند ئه‌و خوێندنگانه له خزمه‌تی ئامانجه گشتییه‌که‌دایه؟ تا چه‌ند له ڕووی کوالێتییه‌وه مه‌نهه‌ج و زانسته‌که‌ی له ئاست وڵاتانی پێشکه‌وتوودایه؟ تا چه‌ند له ڕووی جۆرییه‌وه توانیوێتی ده‌رچووانی خزمه‌ت به کۆمه‌ڵ و پیشه‌کانیان بکه‌ن؟ له هه‌مووی گرنگتر تا چه‌ند توانیویانه له ئه‌رکی حکومه‌ت که‌م بکه‌نه‌وه و هاوئاهه‌نگ بن؟
ئه‌وه‌ی له واقعدا ده‌بینرێت لاوازیی هاوئاهه‌نگییه له نێوان خوێندنگه حکومی و تایبه‌ته‌کاندا، کێبڕکێکان ئه‌وه‌نده‌ی له نێوان خودی خوێندنگه تایبه‌ته‌کاندا به دی ده‌کرێت له نێوان حکومییه‌کاندا نابینرێت، بۆیه ده‌رئه‌نجام چ خوێندنگه تایبه‌ته‌کان، چ مامۆستا و فێرخوازه‌کانیشیان به گشتی ئه‌و هه‌سته ده‌ده‌ن به‌وانی دیکه که له هه‌ساره‌یه‌کی جیان و له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی تردا ژیان ده‌که‌ن به به‌راورد له حکومییه‌کان، ئه‌مه له کاتێکدا ده‌رئه‌نجامه‌کانیش پێمان ده‌ڵێن: ساڵانه یه‌که‌م و دووه‌می قوناغه‌کانی خوێندنی 9 و 12 ده‌رچووانی له خوێندنگه حکومییه‌کاندا ده‌بێت.
ڕاسته له خوێندنگه تایبه‌ته‌کاندا جیاوازی به‌دی ده‌کرێت له ڕووی به‌هێزکردنی زمانه بیانییه‌کان و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی ئازاد بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی توانا و کارامه‌یی خوێندکاران و ده‌رفه‌تی کارکردن، به‌ڵام له ڕوویه‌کی تره‌وه بووەته هۆی زه‌قکردنه‌وه‌ی چینایه‌تی و ده‌رخستنی جیاکاری له نێوان خوێندنگه حکومی و تایبه‌ته‌کان، ئه‌مه ئه‌گه‌رچی به دیوێکی تردا پرسیاری جددی ئه‌وه‌یه له یه‌ک کۆمه‌ڵ و سستم و ئامانجدا، له هه‌مان بینای خوێندن و مامۆستا و فێرخوازاندا، بۆ ده‌بێت که‌مته‌رخه‌می و فه‌رامۆشکردنی خویندنگه حکومییه‌کان به ئه‌ندازه‌یه‌ک بێت که ناچاری زۆرێک له خێزانه‌کان بکات منداڵه‌کانیان بخه‌نه خوێندنگه تایبه‌ته‌کان به‌و بڕه پاره زۆره‌ی جیاوازیشی هه‌یه له شوێنێکه‌وه بۆ ئه‌وی دی؟ به شێوه‌یه‌ک بۆته چاولێکه‌ری که وای کردووه قه‌رز بکه‌ن له پێناو ناردنی منداڵه‌کانیان بۆ یه‌كێک له‌و خوێندنگانه. ئه‌مه له کاتێکدا حکومه‌ت ده‌توانێت په‌یڕه‌وی هه‌مان سستم و کوالێتی و په‌روه‌رده‌یی بکات! به نموونه؛ زمانی ئینگلیزی و عه‌ره‌بی وه‌ک دوو زمانی بیانی هه‌ر له قۆناغه‌کانی سه‌ره‌تاییه‌وه ده‌خوێنرێت تا دوا قۆناغ، به‌ڵام ده‌رئه‌نجام کۆلێجیش ته‌واو ده‌که‌یت هێشتا له ئه‌لف و بێی فێربوونی زمانه‌کاندا‌ی، پرسیاری جددی ئه‌وه‌یه بۆ حکومه‌ت لێپرسینه‌وه ناکات له‌م ڕووه‌وه؛ له کاتێکدا ده‌شێت هه‌مان مامۆستا له خوێندنگه تایبه‌ته‌کاندا بێت، به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی به شێوه‌یه‌کی تر بێت. بۆ؟
له ئاکامدا خوێندنگه حکومییه‌کان ساڵ به ساڵ فه‌رامۆش ده‌کرێن و له پاشه‌کشه‌دا ده‌بن، له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ش پاره‌یه‌کی زۆر ده‌چێته ناو گیرفانی سه‌رمایه‌داران و به‌رپرسانه‌وه له هه‌ستیارترین بواردا که په‌روه‌رده‌یه، له کاتێکدا به پێی ئاماره‌کانی ساڵی (2018)، (1919 قوتابخانه) دوو ده‌وام و سێ ده‌وامی تیدا بووه؛ له کاتێکدا به پێی یاسا ده‌بێت قوتابخانه ناحکومییه‌کان له بینای خۆیاندا بن، به‌ڵام هه‌ندێکیان تا ئێستا له بینای حکومیدان، کێ به‌رپرسه له هه‌موو ئه‌و جیاوازییانه؟
له کاتێکدا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بڕیاری که‌مکردنه‌وه‌ی نرخی خویندنی دا له قوتابخانه ناحکومییه‌کان بۆ ساڵی خوێندنی 2015- 2016 و به ڕێژه‌ی 20%ی که‌م کرده‌وه و بۆ ساڵی دواتریش کردی به 10% ده‌رئه‌نجام له ساڵی یه‌که‌م ته‌نها دوو قوتابخانه پابه‌ند بوون پێوه‌ی و دواتریش هیج که‌سیان پابه‌ند نه‌بوون به بڕیاره‌که‌ی حکومه‌ته‌وه.
پرسیاری جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه چۆن ده‌بێت پێشێلکاریی بڕیاری حکومه‌ت بکرێ و هیچ ئیجرائاتێک نه‌کرێ؛ له کاتێکدا مۆڵه‌ت له حکومه‌ته‌وه ده‌درێت؟
هه‌ر کات گه‌شه‌کردنی که‌رتی تایبه‌ت هاوشانی که‌رتی حکومی به پێی یاسا و ڕێسا و ئامانجی خۆی هه‌نگاویان نا که گرنگه وه‌ک وڵاتان هاوشانی یه‌کتر بن له پێشکه‌وتنی ئاستی زانستیی خوێندن و فێربوون و په‌روه‌رده و گه‌شه‌کردنه‌وه، ئه‌و کات ڕێچکه‌ی سروشتیی خۆی ده‌گرێت؛ چونکه به‌رده‌وامبوون به‌م شێوه‌یه ده‌رئه‌نجام ئاسه‌واره‌کان خراپتر ده‌کات و ده‌رئه‌نجامه‌کان نه‌رێنیتر ده‌که‌ونه‌وه که به پله‌ی یه‌که‌م قوتابخانه حکومییه‌کان لاوازتر و به‌ره‌و نه‌مان ده‌چن و خه‌ڵکیش به گشتی زه‌ره‌رمه‌ندتر ده‌بن.
ئاژانس