میدیایی قۆرغكراو
ئاشتى عەبدوڵا

رۆژانە بەهۆی كارەكەمەوە چەندین كچی چالاك و پڕ توانا ئەبینم، كە خەونیان ئەوەیە بچنە دەزگایەكی راگەیاندن كاربكەن بۆئەوەی پەرە بەتواناكانیان بدەن و هەمیش تواناكانیان دەربخەن و لەگەڵیشیدا بژێوی ژیانیان دابین بكەن.

زۆرێكیان دەڵێن چەندین جار سیڤییان پێشكەش كردوە، بەڵام وەڵام نادرێنەوە، دەبێت پەنا بەرەنە بەر واستەیەك كە كاریگەری لەسەر بەڕێوەبەری دەزگاكانی راگەیاندن هەبێ‌ یان مزاجی بەڕێوەبەرەكە ئەمەشیان دەوری هەیە.

ئەپرسم تاكەی پیاوان میدیاكان قۆرغ دەكەن؟ ئەی ئەو هەموو توانا مرۆیی و كچ و ژنە بەتوانایانە بۆ نابینرێت؟
هەروەها ئەپرسم تاكەی حزبەكان میدیاكان لەژێر رەحمەتی واستە و مزاجی هەندێ‌ لەپیاوانی میدیاییدا بێت كەساڵانیكە ئەو پۆستانەیان تاپۆكردوە؟

ئەپرسم كەی حزبەكان كەدروشمی یەكسانییان هەڵگرتووە درك بەبوونی ئەو فەراغە گەورەییە دەكەن، كە ژنان رۆڵێكی لاوازیان پێدراوە لە میدیاكاندا؟
كاتیەتی كەژنان ببنە خاوەن بڕیار لە دەزگاكانی راگەیاندن، بەڵام ژنانێك كەسێبەر و لێكچووی عەقڵی خۆیان نەبن تا بتوانرێت لەمۆدێلێكیتری كاری میدیای یەكسانی فەراهەم بكرێت.

كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:04:39:21/06/2018