کۆمیسیۆن: کارتی بایۆمەتری ساختە ناکرێت و هێنانی مۆبایل بۆ بنکەکان قەدەخەیە



کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت دەکاتەوە، بەهۆی سیستمی پشتڕاستکردنەوەی سێ رەهەندی، هیچ ئەگەرێک بۆ ساختەکاری لە کارتی بایۆمەتریی دەنگداندا نییە و رێگەش بە بردنەژوورەوەی مۆبایل و کامێرا بۆ نێو بنکەکانی دەنگدان نادرێت. هاوکات، رێکخەری تۆڕی شەمس رایگەیاند، لە عێراق 46 کەس لەسەر کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان دەستگیر کراون.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 22-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی رێکارە تەکنیکییەکانی تایبەت بە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانەوە، دەستکاری یان ساختەکردنی ناکرێت."
 
لە عێراق زیاتر لە 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام بەگوێرەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023ی هەموارکراو، تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن دەنگ بدەن کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، کە ژمارەیان نزیکەی 21 ملیۆن و 400 هەزار کەسە.
 
بە گوتەی سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن، پرۆسەی پشتڕاستکردنەوە پەیوەندییەکی سێ رەهەندی لەنێوان کارتەکە، زانیارییە تۆمارکراوەکان و زانیارییە بایۆمەترییەکانی دەنگدەر، وەکو پەنجەمۆر و وێنەی دەنگدەرەکەدا، دەبێت. کۆمیسیۆن کامێرای بۆ ئامێرەکانی پشتڕاستکردنەوە زیاد کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەنجەمۆری بەساڵاچووان یان ئەو کەسانەی سرووشتی کارەکانیان کاریگەریی کردووەتە سەر پەنجەمۆرەکانیان و ناخوێندرێتەوە. وێڕای ئەوەش، دوای بەکارهێنانی کارتەکە لە بنکەی دەنگدان، بۆ ماوەی 72 کاژێر دادەخرێت و ناتوانرێت بەکاربهێندرێت، بەمەش هیچ بەهایەکی بۆ کەسێکی دیکە نامێنێت.
 
عیماد جەمیل باسی ئەوەشی کرد، فۆرمی دەنگدان بارکۆد و ئەلگۆریزمی بیرکاریی تێدایە کە ئامێری پشتڕاستکردنەوە بە ئامێری خێراکردنی ئەنجامەکانەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش وا دەکات ساختەکاری لەڕووی تەکنیکییەوە مەحاڵ بێت. بۆیە داوای لە دەنگدەران کرد، نەکەونە ژێر کاریگەریی هەوڵەکانی کڕینی کارتی دەنگدان، چونکە تەنیا خاوەنەکەی دەتوانێت بەکاری بهێنێت.
 
بڕیارە رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی گشتی بکرێت. ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن جەختی کردەوە، "نهێنیی دەنگدان بە تەواوی پارێزراوە و رێگە بە هێنانی مۆبایل و کامێرا نادرێت، ئەمەش ئازادیی تەواو دەداتە دەنگدەر تاوەکو بێ هیچ گوشارێک ئازادانە دەنگی خۆی بدات."
 
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس، کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوەکانی نیشتمانی بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی 15ی ئەم مانگە یەکەم راپۆرتی ئەمڕۆ سێشەممە، 21-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان 46 کەس دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
 
سەرچاوە /رووداو



AM:09:41:22/10/2025




ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌