راوێژکارێکی باوەڕپێکراوی مێتا: ٪70ـی پارەی سپۆنسەری سۆشیاڵ میدیا دەسووتێت



ئارام ئەدیب کاکەیی، راوێژکاری نێودەوڵەتی و راهێنەری باوەڕپێکراوی فەرمی کۆمپانیاکانی مێتا و گۆگڵ دەڵێ: "نزیکەی ٪70ـی ئەو پارەیەی بۆ ریکلامی سپۆنسەرکراو لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیادا خەرج دەکرێت، بەفیڕۆ دەچێت، ناگاتە ئامانجی راستەقینەی خۆی، هۆکارەکەشی بۆ تێنەگەیشتن لە سیستمی نوێی ژیریی دەستکردی "مێتا" گەڕاندەوە ،چونکە مێتا "یاساکانی یارییەکەی" بە تەواوی گۆڕیوە.
 
ئارام کاکەیی، راوێژکاری نێودەوڵەتی و راهێنەری باوەڕپێکراوی فەرمی کۆمپانیاکانی مێتا و گۆگڵ، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) رایگەیاند: "سیستمی نوێی مێتا، بە "مێتا ئەندرۆمێدا" (Meta Andromeda) ناسراوە، چیدیکە وەکو جاران پشت بە دیاریکردنی تەمەن، رەگەز و شوێنی جوگرافیی بەکارهێنەران نابەستێت، بەڵکو بە شێوەیەکی زۆر پێشکەوتوو لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە، شیکاری بۆ هەڵسوکەوتی بەکارهێنەران دەکات."
 
ئارام کاکەیی دەڵێت، "ئەم سیستمە چاودێریی وردی ئەوە دەکات بەکارهێنەر چەند چرکە لەسەر پۆستێک دەمێنێتەوە؟چۆن کارلێک دەکات؟، تەنانەت شێوازی جوڵاندنی شاشەکەشی تۆمار دەکات. بەپێی گوتەی کاکەیی، ئەم پلاتفۆڕمانە، دەتوانن لە رێگەی ئەم داتایانەوە کاریگەریی نێوەڕۆک لەسەر رێژەی هۆرمۆنی "دۆپامین" و چالاکیی بەشی "ئەمیگدالا"ـی مێشک بخەمڵێنن، ئەمەش وادەکات بە وردییەکی سەرسوڕهێنەر بزانرێت ئارەزوو و حەزی راستەقینەی بەکارهێنەر چییە."
 
بەگوێرەی ئەو راوێژکارەی کۆمپانیای مێتا، "گۆڕینی فەلسەفەی سپۆنسەرکردنە"، چیدیکە پرۆسەکە تەنیا پێشاندانی ریکلام نییە بە کڕیار، بەڵکو بووەتە 'پرۆسەیەک بۆ تێگەیاندن و راهێنانی' ژیریی دەستکرد." واتە کاتێک تۆ سپۆنسەر دەکەیت، یارمەتیی ژیری دەستکرد دەدەیت تا بە وردی لە جۆری ئەو کڕیارە تێبگات تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت، هەر هەڵەیەک لەم پرۆسەیەدا وەکو کوژاندنەوەی سپۆنسەر پێش وادەی خۆی، دەبێتە هۆی "سڕینەوەی داتای فێربوون" و زیان بە هەڵمەتە ریکلامییەکە دەگەیەنێت.
 
ئەو پسپۆرە زیاتر بابەتەکە رووندەکاتەوە و دەڵێ :" ئەگەر چەندین کۆمپانیا لە یەک کاتدا هەمان بەرهەم بفرۆشن و سپۆنسەری بۆ بکەن، براوەی کۆتایی ئەو کۆمپانیایە نییە زۆرترین پارە خەرج دەکات، بەڵکو ئەوەیە خاوەنی باشترین و کاریگەرترین نێوەڕۆکی داهێنەرانەیە،  سیستمەکە ئەو ریکلامە دەباتە پێشەوە بەرزترین رێژەی گرتە بەرامبەر پێشاندانی هەیە، چونکە ئەمە نیشانەی ئەوەیە نێوەڕۆکەکە سەرنجی بەکارهێنەرانی راکێشاوە و لەگەڵ ئارەزووەکانیاندا گونجاوە."
 
چۆن رێگری لە "سووتانی" پارەی سپۆنسەر بکرێت؟
 
بۆ رێگریکردن لەم بەفیڕۆدانە و گەیشتن بە ئەنجامی باشتر، ئارام کاکەیی چەند رێنماییەکی خستەڕوو:
 
1. ناسینەوەی وردی کڕیار و پلاتفۆرمی گونجاو: پێویستە بزانیت کریارەکانت لە چ پلاتفۆرمێک چالاکن (فەیسبووک، ئینستاگرام، یان هەر پلاتفۆرمێکی دیکە)، نێوەڕۆکەکەت لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی ئەواندا بگونجێنیت.
 
2. گرنگیدان بە نێوەڕۆکی داهێنەرانە: دیزاین، وێنە، ڤیدیۆ و تێکستی ریکلامەکە دەبێت توانای راکێشانی سەرنجی بەکارهێنەری هەبێت لە چەند چرکەی یەکەمدا.
 
3. بەکار‌هێنانی کاپشنی زیرەکانە: هەر وشەیەک لە کاپشن و تێکستی پۆستەکەدا وەکو "سیگناڵ" کاردەکات بۆ ژیریی دەستکرد، دەبێت کلیلە وشەی گونجاو بەکاربهێنرێت.
 
4. پشوودرێژی و بەردەوامی: نابێت پەلە لە کوژاندنەوەی سپۆنسەر بکرێت، بەڵکو دەبێت کاتی پێویست بدرێت بە سیستمەکە تا فێربێت و داتای پێویست کۆبکاتەوە.
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەربژێران پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیایان کردووەتە ناوەندێکی سەرەکیی بانگەشە، لە ماوەی 30 رۆژدا زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار دۆلار لە عێراق بۆ پۆستی سیاسی خەرج کراوە، زۆرترینی لە بەغدا و کەمترینی لە هەڵەبجە بووە.
 
لەناو لایەنە سیاسییەکانی عێراق بزووتنەوەی حقووق زۆرترین پارەی خەرج کردووە، لە ئاستی هەرێمی کوردستانیش بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرترین پارەیان بۆ پۆستی سیاسی خەرج کردووە. 
 




سەرچاوە/ ڕووداو


PM:01:45:28/10/2025




ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌