سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە گرفتەکانی زانکۆکە دەخاتەڕوو




راپۆرتی/ جەمال سەرگەتی

مەهاباد کامل عەبدوڵڵا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ پەیامنێری کوردستانی نوێ باس لە زانکۆی هەڵەبجە گرفتەکانی دەکات.
مەهاباد کامل لەبارەی زانکۆکەوە دەڵیت زانکۆی هەڵەبجە کۆڵەکەیەکی گرنگ و پتەوی پارێزگای هەڵەبەجەیە، لە هەر شارێک زانکۆ هەبێت ئەوا لەڕووی ئەکادیمی و رۆشنبیرییەوە بەرەو پێش دەچێت و نمونەیەکی بەرزی ئاستی رۆشنبیری نیشاندەدات، لە کاتێکدا ئێمە وەک زانکۆی هەڵەبجە کە زانکۆیەکی نوێین و بچووکین بەڵام لە ئەرک و بەرپرسیارێتی لەگەڵ زانکۆ کانی تری کوردستان هاوشێوەین، ئێستا کار دەکەین بۆ کردنەوەی بەشی نوێ لە زانکۆکەدا کە ئەویش کردنەوەی بەشی پزیشکیە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کردنەوەی ئەو بەشە دوا کەوتوو بینای ئەو کۆلێژە بەتەواو نەکراوی ماوەتەوە، بەڵام لە هەوڵداین لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو بەشە پزیشکیەش بکرێتەوە بەشێوەیەکی مۆدێل و کەمترین گرفتی هەبێت تاوەکو خزمەتێک بە خوێندکارانی هەڵەبجە بەتایبەت و شارەکانی تری کوردستان بکات.

سەنتەری جینۆساید و دیکیۆمینت کۆڵەکەی زانکۆکەکەن
ئەوەوی کە گرنگەو کردوومانە کردنەوەی سەنتەری جینۆساید و کردنەوەی سەنتەری بە دیکیۆمێنت کردنی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە کە وەک مۆزەخانیەکی ئەلیکترۆنی دەبێت، هاووڵاتیان لە هەموو جیهانەوە دەتوانن لەرێی ئەو سەنتەرەوە بە ئۆنلاین دەتوانن کارەساتی هەڵەبجەو بەڵگەو دیکۆمێنەتەکان ببینن کە ئەمەش بۆ هەڵەبجە زۆر گرنگە و زیاتر ئەو کارەساتە بەجیهان دەناسێنێت، ئەم پرۆژەیەش بە هاوکاری زانکۆی سۆرانە کە ئەوانیش هاوکاریان کردووین .

لەبارەی ئەوەی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە تاکە سەرۆکی زانکۆیە لە کوردستان ژنە، مەهاباد کامل لەبارەی ئەرکەکەیەوە وتی: پێدانی ئەو ئەرکە بەمن وەک ژنێک ئاساییە، هەرچەندە لە پارێزگای هەڵەبجە 9 ژن بەرێوەبەرو سەرۆکن منیش هاوشێوەی ئەوان یەکێکم لەو ژنانەی یەکێک لە پۆستە گرنگەکانی پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەدەبەم، تابتوانم خزمەتی پارێزگای هەڵەبجە دەکەم و ئەو کەموکورتیانەش لە زانکۆکەدا هەیە هەوڵدەدەم نەیانهێڵم و کارەکەی خۆشم خۆش دەوێت، ئەوەشی ووت» من هەرچەندە یەکەم ژنم لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کە سەرۆکی زانکۆم ئەوەش شانازیشە بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هەوەرها خێزان و بنەماڵەکەم کەم ئەم پۆستەم وەرگرتووە بتوانم وەک خۆی پۆستەکە بەرێوەبەرم و خزمەت بکەم.

هەڵەبجە ئەو شارەی ژن بەرێوەی دەبات
وتیشی» ئێستا هەڵەبجە ناونراوە ئەو شارەی ژن بەرێوەی ئەبات ، واتە زۆربەی بەرێوەبەر و سەرۆکی شارەکە ژنن، ئەوەش جێگەی دڵخۆشیە شارێکی وەک پارێزگای هەڵەبجە ژن بەرێوەی بەرێت وە تا ئێستاش ٩ ژن لە پۆستەکانی هەڵەبجەن کە خێزان و بنەماڵەو لایەنەکان هاوکاریانن، هیواش دەخوازم ئەوەش ببێتە کلتورێک بۆ شارەکانی تری هەرێمی کوردستان».

مامۆستایان کەمە
سەرەرای هەموو ئەمانە زانکۆی هەڵەبجە بێ گرفت نییە و مەهاباد عەبدوڵڵا دەڵێت: زانکۆی هەڵەبجە چەندین گرفتی هەیە بەتایبەت گرفتی کەمی مامۆستا، ئەو بڕە مامۆستایەی هەمە زۆر کەمە لەکاتێکدا ئێستا لە زانکۆکانی هەرێم سیستەمی (پێواژۆی بۆڵۆنیا) پەیڕەودەکرێت، ئەویش پێویستی بە ژینگەیەکی زۆر باش هەیە تاوەکو سەرکەوتوبێت، بۆیە نەبوونی مامۆستا گرفتێکی گەورەی زانکۆی هەڵەبجەیە و گەر هەر مامۆستایەک تووشی گرفت بێت من هیچ بەدیلێکم نییە بۆیە دەبێت حکومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا مامۆستای زانکۆمان بۆ دابین بکات، لە کاتێکدا چەند ساڵێکە من نووسراوم کردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران گەر بەشێوەیەکی گرێبەست بێت مامۆستامان بۆ دابین بکات، بەڵام جوابیان نەداوینەتەوە».

گرفتی ئابووریان هەیە
گرفتێکی تری زانکۆکە نەبوونی دەستەڵاتی داراییە، ساڵانی رابردوو دەستەڵاتی دارای زۆر باش هەبوو بۆ زانکۆکان، بەڵام ئێستا ئەو دەستەڵاتە نەماوە، مەهاباد عەبدوڵڵا داوا دەکات ئەو دەستەڵاتە داراییە بگەرێتەوە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، هەروەها گرفتی نەبوونی فەرمانبەریسیان هەیە کە ئەویش بۆخۆی گرفتی دروستکردووە، ئەو فەرمانبەرانەش کە ئێستا هەیانە بەشێکی زۆری لە مۆڵەتن بۆ خوێندن ئەوەش وایکردووە گرفت بۆ زانکۆکە دروستببێت.
هەڵەبجە شارێکە کەوتوەتە گۆشەیەکەوە وەک شارەکانی تر رێکخراوەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بەئاسانی ناتوانن دەستیانت بگات بە شاری هەڵەبجە، هەرچەند چەندین رێکخراو توانیویانە هاوکاری هەم زانکۆ و هەم پارێزگاکە بکەن، سەرۆکی ئەو زانکۆیە دەڵێت: پێویستە حکومەتی هەرێم وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی دارایی بریاری تایبەت بۆ هەڵەبجە دەربکات نابێت مامەڵەی زانکۆی هەڵەبجە هاوشێوەی مامەڵەیەکی زانکۆکانی تربێت جونکە زانکۆی هەڵەبجە زانکۆیەکی نوێیە.

کاروچالاکیەکانی زانکۆی هەڵەبجە
لەبارەی کارو چالاکیەکانی زانکۆی هەڵەبجە، مەهاباد کامل رایگەیاند: ئەو بەرنامەو پلانانەی کە ئێمە وەک زانکۆی هەڵەبجە دامان ناوە ئەتوانم بڵێم 40 % بۆ 50% جێ بەجێ بووە لەکاتێکدا تەنها پشت بە خۆمان دەبەستین، چەندین کارمان کردووە لەوانەش خوێندنی باڵامان کردەوە ماستەرمان کردەوە و سایتی زانکۆ گۆرانکاریمان بەسەردا هێنا و هەروەها سیستەمی خوێندنمان کرد بە (پێواژۆی بۆڵۆنیا) کە ئەوەش کارێکی قورسبوو بۆ زانکۆی هەڵەبجە بەڵام ئەوەش پێداویستیەکی نێودەوڵەتیە دەبێت بکرێت، هەروەها گۆڤاری زانکۆی هەڵەبجەمان دەرکردەوە کە پێشتر وەستابوو ئێستا لە ئاستێکی زۆر باشدایە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین چالاکی جۆراوجۆرمان کردووە هەروەها چەندین بەشی تریش کراونەتەوە لە ناوچەکانی سنووری سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە».

سوپاسی یەکێتی و دەزگای مرۆیی مام دەکەن
سەرۆکی ئەو زانکۆیە ئەوەشی وت کە چەندین رێکخراو دەزگا هاوکارییان کردووین بەتایبەت دەزگای مرۆیی مام هاوکارێکی باشی زانکۆی هەڵەبجەی کردووە هەروەها چەندین رێکخراوی تر کە ئەوانیش دەستێکی باڵایان هەبووە لە بەرەوپێش بردنی زانکۆی هەڵەبجە، سوپاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد کە کاریان کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی کە لە زانکۆی هەڵەبجەدا بوونیان هەیە هیواشیی خواست یەکێتی زیاتر هاوکاری زانکۆی هەڵەبجە بکات.

-knwe


PM:12:11:02/08/2021




ئه‌م بابه‌ته 668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌