ئاڵا شاڵی
رووداو لەندەن
ئەکادیمیای سەربازیی شاهانەی ساندهێرست، یەکێک لە ناسراوترین و کاریگەرترین ناوەندە سەربازییەکانی بەریتانیایە. دوو کچی کورد لەوێن کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت"جێگەی شانازین".
لەبەر ئەو گرنگییەی و رۆڵی لە پێگەیاندنی سەربازیدا، ئەکادیمیای سەربازیی شاهانەی ساندهێرست وێستگەیەکی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو. بەتایبەتی کە ئەمجارە دوو کچە کورد بۆ یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان لەو ئەکادیمیایە وەرگیراون و خولی ئەفسەری دەخوێنن. نێچیرڤان بارزانی دەیویست لە نزیکەوە ستایشیان بکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو دوو کچە کوردەی کە لەوێ راهێنان دەکەن بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "هیوادارم کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان بتوانن ئەو ئەزموونەی لەم ماوەدا بەدەستیانهێناوە لە وەزارەتی پێشمەرگە جێبەجێی بکەن."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "له چوارچێوهی سهردانماندا بۆ بهریتانیا ئهمڕۆ سهردانی ئهكادیمیای سهربازیی شاهانهی بهریتانیامان كرد. خۆشحاڵ بووین كه له چوارچێوهی ئهو پرۆگرامهی ههیانه له ههرێمی كوردستانیش دوو كهس بهشدار بوون، دوو ئافرهت كه بهڕاستی ئهوهی بینیم جێی شانازین بۆ ئهو شتانهی كه لێره فێری دهبن.
بههیواین ئهوهی لێره فێر دهبن كه دهگهڕێنهوه بۆ كوردستانیش بتوانن ئهو ئهزموونهی لهم ماوهیهدا بهدهستیان هێناوه له وهزارهتی پێشمهرگه جێبهجێی بكهن. به هیوای ئهوهین بتوانین له وهزارهتی پێشمهرگه خهڵكێكی زیاتر بۆ ئهم ئهكادیمیایه بنێرین تاكو فێر ببن.
ئهمه له چوارچێوهی ئهو پرۆگرامهدایه كه لهگهڵ عیراق و ههرێمی كوردستان دهكرێت".
لە سەرانسەری عێراق ئەمساڵ تەنیا شەش کەس وەرگیراون، کە دووانیان کوردن و خەڵکی باشووری کوردستانن. لیلۆ خالید تەمەنی 26 ساڵە و میدیا مەستی تەمەنی 30 ساڵە، هەردووکیان خەڵکی شاری سلێمانین .
لیلۆ 3 ساڵە پێشمەرگەیە لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەو لەنێوان 35 ژندا هەڵبژێردراوە لەم ئەکادیمیایە بۆ ماوەی ساڵێک خولی ئەفسەری بخوێنێت.
میدیا مەستی خولی سێ مانگی وەرگرتووەو ئێستا تەواو بووەو دەگەڕێتەوە کوردستان. هەردووکیان لە نزیکەوە باسی ئەزموونی خۆیان بۆ سەرۆکەکەیان کرد.
میدیا مەستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەر لەوەی بێمە ئێرە وەک گوتم، من پۆستێکی سیڤیلم هەبوو، راستە من لە نەخۆشخانەیەکی سەربازیی کارم دەکرد بەڵام هیچ پێشینەیەکی سەربازیم نەبوو، خێزانەکەم هەیبوو بەڵام من نەمبوو.
بۆیە بەڕاستی ئاڵنگارییە بۆ من. ئەم خوولە سەبازییە خوولێکی زۆر چڕە چوونکە لە ماوەی 8 حەفتەدا پلەی ئەفسەر وەردەگریت.
راهێنانی جەستە و تاقیکردنەوەکان و راهێنانە تییۆرییەکان هەموو ئەوانە ئاڵنگاری بوون، بەڵام من خۆشبەختانە توانیم هەموویان بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنم".
ئەم ئەکادیمیایە لەساڵی 1947ەوە کارایە و دەیان شازادەی بەریتانی و ئیماراتی و کەسایەتی ناوداری وەک چەرچڵ، سوڵتان قابووس و شاعەبدوڵڵای پاشای ئوردن تێیدا مەشق و راهێنانیان پێکراوە. بەرپرسانی ئەم ئەکادیمییە بەشانازییەوە ئەکادیمیاکەیان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناساند و ماوەی ساڵێکە خوێندکاری پێشمەرگەش لێرە راهێنان وەردەگرن.
چالی سایکس، راوێژکاری بەرگری تایبەت لە ئەکادیمیای سەربازیی شاهانەی ساندهێرست بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " ئێمە ژمارەیەکی سنوورداری قوتابیانمان هەن لە عێراق کە دێنە ئەم ئەکادیمیا جیهانییە بەناوبانگەی ساندهێرست. لە ساڵی رابردووشەوە خوێندکارێک لە هێزەکانی پێشمەرگە وەردەگرین.
لە 3 کەس کە لە هەموو عێراق وەرمانگرتبوون، یەک پێشمەرگە لەنێویاندا بوو، بۆیە ئێمە ساڵانە پێشمەرگەیەک وەردەگرین و کارێكی مەزنە کە ئێستا دووەم پێشمەرگە دەبینین کە هەموو خوولەکەی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە".
مەشق و راهێنان بە پێشمەرگەی کوردستان لە ئەکادیمییەکانی بەریتانیا داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لە بەرپرسانی ئەم ئەکادیمیایە . هاتنیشی بۆ ئێرە و ستایشکردنی پێشمەرگەکان هاندان و ورەیەکی بەرزیان پێدەبەخشێ.
لیلۆ خالید، یەکێک لە کچە خوێندکارەکانی ئەکادیمیای سەربازیی شاهانەی ساندهێرست بە رووداوی گوت "زۆر خۆشحاڵ بووم سەرۆکی خۆمم بینی، بە هاوڕێ و فەرماندەکانم گوت ئەمڕۆ سەرۆکەکەم دێتە ئێرە و چاوم پێی کەوت، ئەمڕۆ رۆژێكی زۆر خۆش بوو بۆ من چونکە من شانازیی دەکەم کە وەکو کوردێک و پێشمەرگەیەک لێرە لە ساندهێرست دەخوێنم و سەرۆکەکەشم هاتە ئێرە و سەردانی کردین، بۆیە رۆژێكی زۆر خۆش بوو بۆ من".
میدیا مەستیش خۆشحاڵی خۆی بە بینینی نێچیرڤان بارزانی دەردەبڕێت و بە رووداوی راگەیاند "راستییەکەی زۆر خۆشحاڵ بووم کە ئەمڕۆ سەرۆکەکەم هاتە ئێرە بۆ بینیمان، بەڕاستی ئەوە خۆشحاڵییە بۆمان و بە دیاریکراوی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی.
ئێمە شانازی پێوەدەکەین ئەو خاوەن کەسایەتییەکی مەزنە کە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق دەکات، بۆیە ئێمە زۆر خۆشحاڵ بووین".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێش ماڵئاوایی، لە دەفتەری یاداشتنامەی ئەکادیمیاکەدا کە نووسینی زۆر سەرکردە و کەسایەتی وڵاتانی تێدایە، پەیامی خۆی نووسی و سوپاسی بەرپرسانی ئەکادیمیاکەی کرد.