هێزێکی نەناسراو هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی شێخێکی عەشیرەتەکانی ئەنبار و دەستدرێژی دەکاتە سەر ژنەکانیان.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، هێزەکە خۆی بە هێزی سواتی بەغدا ناساندووە و رۆژی چوارشەممە 22-9-2021، هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی خەمیس عەلی محەمەد، یەکێک لە شێخەکانی عەشیرەتەکانی ئەنبار لە شارۆچکەی خالدییە.
ماڵی ئەو شێخە پێنج برای تێدا دەژی کە هەر پێنجیان کارمەندی پۆلیسی ئەنبارن و ئەو رۆژە (رۆژی چوارشەممە) ڕێوڕەسمی زەماوەندیان هەبووە.
زانیارییە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە نەناسراوەکە دەستدرێژییان کردووەتە سەر ژنەکانی ئەو ماڵە و لێیان داون، یەکێک لەو ژنانەی دەستدرێژی کراوەتە سەری، تەمەنی 75 ساڵە و بەسەختی لێی دراوە.
هێزە نەناسراوەکە دوای دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی ئەو ماڵە، بە چەک لە پیاوەکانیان داوە و کەلوپەلی ماڵەکەیان شکاندووە و یەکێک لە براکانیان ڕفاندووە کە تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
سێ لەو برایانە بەسەختی بریندار بوون؛ یەکێکیان پشتی شکاوە، یەکیان لووتی شکاوە و یەکێکیشیان دەست و قاچێکی شکاوە و ئێستا لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
-basnews