لە زانکۆیێکی دیکەی ئەمریکا زمانی کوردی دەخوێندرێت




رووداو دیجیتاڵ
 
زانکۆیێکی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا خولی فێرکردنی زمانی کوردی دەکاتەوە، ئەوەش دەبێتە دووەمین زانکۆی ئەو وڵاتە، کە تاوەکو ئێستا زمانی کوردیی تێدا بخوێنرێت. 
 
زانکۆی سێنتڕال فلۆریدا لە ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی، حەیدەر خزری، یەکێک لە مامۆستاکانی زانکۆکە، هاوئاهەنگیی لە نێوان بەشی زمانە هاوچەرخەکان و کۆلێژی کاروباری سیاسی، ئەمنی و نێودەوڵەتیدا کردووە بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە بەشی زمانە هاوچەرخەکان بخوێنرێت. 
 
زانکۆکە دەڵێت پێشتر خواستێکی زۆر لەسەر کردنەوەی خولی زمانی کوردی هەبووە. 
 
لە پاڵ ئەو خولە، زانکۆیەکە پرۆگرامێکی دیکەی هەیە بە ناوی "زانستە سیاسییە کوردییەکان" کە بڕوانامە بە قوتابیەکانی بەکالۆریۆس دەدات و ئەوە تاکە پڕۆگرامی لەو شێوەیەیە لە زانکۆکانی ئەمریکا. 
 
گونەش موراد تەزجور، مامۆستای زانکۆی سێنتڕال فلۆریدا باس لەوە دەکات  خولە نوێیەکەیان بە شێوەزاری سۆرانی دەبێت بۆ ئەوەی "وڵامی ئەو خواستە زۆرە و ئەو پەرۆشییە بدەنەوە کە" خوێندکارەکانیان لە بارەی گەلی کورد و کۆمەڵگەکەیان هەیانە. 
 
هەروەها دەڵێت، خولەکە "توانای ئەوەمان پێدەدات کە سەرنجی چالاکییەکانمان فراوان بکەین و روانگەیەکی دیکەی زانستە مرۆڤاییەتییەکان لەخۆبگرین."
 
حەیدەر خزری، خاوەنی بیرۆکەی کردنەوەی خولی زمانی کوردی لە زانکۆی سێنتڕال فلۆریدا، دەڵێت: "نیشتمانی کورد لە ناوچەیەک پێکدێت کە لە لایەنی نەوت و ئاوەوە لە سەرانسەری میزۆپۆتۆمیا و شام و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمریکا، گرنگییێکی زۆری هەیە. لەبەر ئەوەش کوردی لەم کاتەدا یەکێکە لە 11 زمانە گرنگەکانی وەزارەتی دەرەوە."
 
زانکۆی سێنتڕاڵ فلۆریدا باس لەوە دەکات فێربوونی زمانی کوردی "سوودی بەرچاوی" بۆ قوتابیان دەبێت لە دۆزینەوەی هەلی کار لە بوارەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هەواڵگری، رۆژنامەڤانی و یاسای نێودەوڵەتیدا. 
 
دەشڵێت: "خولی زمانی کوردی، ئایینەکان، کلتوور و مێژووی ناوچەکەش بەسەردەکاتەوە و دەرگا لە بەردەم ئەو خوێندکارە سەرکێشانەدا دەکاتەوە کە دەیانەوێت ئەزموونیان لەگەڵ ئەو شاخە بەرز و دەشتە بەرین و گەنجینە شوێنەواریانەدا هەبێت."





AM:11:58:23/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌