رەخنە لە سیستەمی كۆتای ئافرەتان دەگیرێت




ئا/ رۆژان قیاس

بەژداری كردنی ئافرەت لە دەسەڵات و كاندید بوونیان لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی هەنگاوێكی گرنگە، بەڵام ئایا دوای دەست بەكار بوونیان، ئافرەتەكانمان توانیویانە رۆڵێكی راستەقینەو كاریگەر بگێڕن لە دەسەڵات؟ حكومەت ئەو پێگەیان پێ دەدات كە بتوانن بگەن بە دەسەلاتی جێبەجێكار.

پارێزەر بەناز حەدێ، لە بارەی گرنگی خۆ كاندید كردنی ئافرەتان بۆ بوارە سیاسیەكان گووتی" لە كوردستاندا، پرسی بردنە سەری توانا سیاسیەكانی ژنان و بەهێزكردنی بەشداری كارای ئەوان له پرۆسەی سیاسیدا، تا ئیستا كەم و كورتیەكی بەرچاوە و بایەخی پێ نەدراوە، لە نێو ئەجندای حزبە سیاسیەكان و حوكمەت.

رۆلی ژنان لە پرۆسەی هەلبژاڕدن و كاندید بوونیان و هاتنە پێشەوەیان وەكو پێویست نیە و ژمارەیان زۆر كەمە، تەنانەت ئەو ئافرەتانەی  ئیستاش بەشدارن و كاندیدن بۆ پەڕڵەمان، پێموایە تەنها بەشداریەكی رووكەشانەیە نەك ڕاستەقینە، چونكە خۆیان خاوەن بریار نین و لە پێگەی بریاردان لاوازن و لە ژێر ئاراستەی پارتە سیاسیەكانن، تەنیا بۆ ئەوە بەكاریان دێنن كەبلێن ئێمەش وەكو وڵاتانی ئەوروپا یەكسانی جێندەری پەیرەو ئەكەین، تاكو ئیستا ئافرەتان بە سیستەمی كۆتا دەچنە پەرلەمان كە پێویستە ئەمە لاببردرێت چونكە واتای نەبوونی متمانە بە ئافرەتان و كەمی توانای ئافرەت دەگەینێت، رێژەی بەشداری ئافرەتان لە پەرلەمان ناگاتە سەدا 30 یش كە ڕێژەیەكی كەمە بە بەراورد لەگەڵ زۆری ڕێژەی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان، لە وڵاتانی ئەوروپا ڕێژەی بەشداری ژنان لە پەرلەمان سەدا 50، لە كۆی 22 وەزارەت ئێمە تەنها سێ وەزیری ئافرەتمان هەیە، و ئەندام پەڕلەمانەكانیش لە گشت پارتە سیاسیەكان ژماڕەیان كەمە، هۆكاری ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ ڕەنگدانەوەی گۆمەڵگەی پیاوسالاری و نەبوونی متمانە بە ئافرەتان وبە لاواز سەیركردنیان چونكە هەمیشە ویستویانە ئافرەت پلە دوو بێت". 

ئەم پاریزەرە پیی وایە خودی ئافرەتانیش هۆكارن لە نەبوونی رۆڵیان لە حكومەت، زیاتر روونی كردەوە" تاكو ئیستا ئافرەت هەیە ئاماده نیە دەنگ بدات بە كاندیدی ئافرەت و هۆشیاریان نیە خویان بەكەم بەها و لەرزۆك داناوە ، هۆكاڕێكی تر خودی پارتە سیاسیەكانن كەهەمیشە هەوڵیان داوە ئافرەتان بەكار بهێنن و ڕێگەیان پێ نادەن خۆیان خاوەن بریار بن ، سەرەرای گرنگی بوونی ژنان لە ناوەندەكانی دورستكردنی بریار، بەشداری ئافرەتان لە كاروباری سیاسی و حوكمەت زۆر پێویستە چونكە دەبێتە هۆی شەرعیەت دان بە سیستەمی دیموكراسی و یەكسانی جێندەری و ئافرەتان بۆ سەركردایەتی زۆر شیاون، چونكە چەندین نموونەی ئافرەتی سەرۆكی وڵات و سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگری و پەرلەمانتاری سەركەوتو  هەن لە وڵاتانی تر و ئەوەیان سەلماندووە وڵاتەكەیان بێ كێشەتر و خۆشگوزەرانتر بووە، بە بەراورد بە وڵاتانی تر كە سەركردەكانیان پیاون، هەروەكو چۆن پرۆفیسۆر دكتۆر مستەفا زەلمی ئەلێت ئافرەتان لە رووی توانای و عقلیان لە پیاوان زیرەكترن، كەواتە هەست و سۆزی ئافرەت تەنها كراوەتە بیانوو بۆ بەشدارینەكردنی ئافرەتان لە پێگەكانی بریاردان، پێم وایە ژنان خۆیان دەتوانن بەرەنگاری ئەم جیاكاریە ببنەوە و توانا و سەركردایەتی خۆیان بسەڵمێنن".

غازی حمید، كۆمەڵناس لە دەڤەری سۆران لەبارەی بەژداری ئافرەت لە هەڵبژاردنەكان گووتی"  بەژداری ئافرەت لە هەڵبژاردنەكان یا حكومەت و بوارە سیاسیەكان، لە سەرتاسەری جیهان یەكەم وڵات نیوزلەندا بوو لە ساڵی ١٨٩٣، كە بەژداری بە ئافرەت كرد بۆ هەڵبژاردنی لە ئەنجومەنی یاسادانان لە پەڕڵەمان، دواتر وڵاتانی ئەوڕوپا و ئەمریكا هەڵسان بە كاندید كردنی چەندین ئافرەت لە بوارەكانی حكومەت و پەڕڵەمان، ئەوەش بە هەولی ئافرەتە فێمێنیزمە لیبڕالەكان بوو، كە بڕوایان وابوو دەتوانن لە رێگەی بەژداری كردنیان لە حكومەت، یاساو بیركردنەوەكان بەرامبەر بە ئافرەت بگۆڕن و یاساو بریارەكان لە بەڕژەوەندی ئافرەت بەكار بێنن، هەڵبەت گەیشتنی ئافرەت بە پێگەی بریار و یاسادانان، یەكێكە لەو هۆكارانەی وا دەكات ئافرەت بگات بە سوڵتەی جێبەجێكردن، لە كوردستان راستە ئافرەت دەبردرێتەوە پەڕڵەمان و دەنگی پێدەدرێت، بەڵام بە پێی پێویست ئەو رۆڵەی پێ نەدراوە، ناتوانێ و رێگەی پێ نادرێت، زۆرترین ئەو ئافرەتانەی دەچنە پەڕڵەمان بە یاسای رێژەی كۆتا دەچن، كە ناگاتە ئاستی تموحی ئافرەتەكان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی ئێمە نەگەشتۆتە ئاستێكی وشیاری بەرز، كە متمانە بە توانای ئافرەت بكرێت و دەنگی پێ بدەن، و زۆربەی كات دەنگی تەواو بەدەست ناهێنن، كە ئەمەش پێویستە لە چوارچیوەی پەروەردەدا چارەسەر بكرێت، و كۆمەڵگە وشیار بكریتەوە كە جۆن دەنگ بە پیاو دەدریت، بە ئافرەتی بدرێت، چونكە ئافرەتیش شان بەشانی پیاو توانای پلان دانان و بەریوەبردنی وڵاتی هەیە".

 كۆمەڵناس غازی لە بارەی رۆلێ ئافرەت لە دامودەزگاكانی حكمەت گووتی" لە كوردستان وەكو وڵاتانی تازە پیگەیشتوو ئافرەت ئەو ئامادەییە بەهیزەیی نییە، بۆیە بەژدارییەكی لاوازی پی دەكریت و ناتوانێ دەست ببات بۆ هەندی بریار و یاسا، كە بتوانێ گۆرانكاریان بەسەردا بهێنێت لە بەرژەوەندی چینی ئافرەتان، بۆیە تەنها بە شیوەیەكی شكلی دەمێنیتەوە، هەروەك لە پەرلامانی خۆمان ئەو رۆلە گرنگەیان لە ئافرەت وەرگرتوە و تەنها لە سەر ئاستی حزبی دەتوان كارەكانی خۆیان بكەن، ئافرەتی داكۆكیكاری راستەقینە لە مافی ئافرەت لە پەرڵەمان، ئەوەیە كە توانای هەبی لە كۆكردنەوەی داتاكان و وروژاندنینی پرسە گرنگەكان سەبارەت بە ئافرەت، بتوانێ چەندین پرۆژە بریار پێشكەش بكات و دەنگی پێویست بەدەست بهێنێ و دەسەلاتی جێبەجێكار ناچار بكات یاساكە جێبەجێ بكات، بۆیە زۆر پێویستە ئافرەت رۆڵێكی بەهێزی هەبێ لە پەڕڵەمان بۆ ئەوەی وشیاری كۆمەڵایەتی بڵاو بكاتەوە و رێ بگرێت لە توندوتیژی بەرمابەر ئافرەت و كۆماڵگە وشیار بكرێتەوە لە مافی ئافرەت لە رووی كۆمەڵایەتی و سیاسی، بەداخەوە لە كوردستان زۆرێك لەو ئافرەتانەی كە لە حكومەت و دامو دەزگاكان، وەك پەڕلەمانتار و مدیر ناحیەكانن، بەڵام نەیان توانیوە وەكو پێویست كاریگەری دروست بكەن و داكۆكی بكەن لە مافەكانی ئافرەت، و نەتوانراوە كۆمەڵگە وشیار بكرێتەوە لە گرنگی ئافرەت".

-zarikrmanji


PM:12:46:23/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌