ژنـــان كۆتـا تێدەپەڕێنن





میترۆ، كه‌ركوك ناو
كاندیدانی‌ ژن لە كێبڕكێی هەڵبژاردندا توانییان كۆتا تێپەڕێنن و 97 كەسیان كورسی پەرلەمانی عیراق مسۆگەر بكەن.

بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق، 97 كاندیدی ژن دەبنە پەرلەمانتار، ئەوەش زیاترە لە سەدا 25ی كۆی كورسییەكانی پەرلەمان كە بەپێی یاسا بۆ كۆتای ژنان تەرخانكراوە.

ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە راگەیاندووه‌، لەو 97 كورسییەی ژنان بەدەستیانهێناوە، 14 كورسی لە رێژەی كۆتا زیاترە.

لە كۆی ئەو 97 ژنەی دەبنە پەرلەمانتار 57 كەسیان توانیویانە بەدەنگی بەدەستهاتوی خۆیان و بەبێ پشتبەستن بە سیستەمی كۆتا كورسی مسۆگەر بكەن.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی عیراق، لە 329 كورسی پەرلەمان، سەدا 25ی كە 83 كورسی دەكات وەك كۆتا بۆ ژنان تەرخانكراوە.

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق، كە 10ی تشرینی یەكەمی 2021 بەڕێوەچوو، لە كۆی سێ هەزار و 249 كاندید 951 كاندیدی ژن كێبڕكێی بەدەستهێنانی كورسییان كرد.

له‌ساڵی 1925ـەوه‌ تا 1980، له‌ هیچ په‌رله‌مانێكی عیراقیدا ژنان مافی كاندیدبونیان نه‌بووه‌، له‌وكاته‌ به‌دواوه‌ مافیان پێدراوه‌ و به‌ ژماره‌ی جیاواز توانیویانه‌ بگه‌نه‌ كورسی په‌رله‌مان یان ئه‌نجومه‌نی گه‌ل و ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان.

له‌ دوای ساڵی 2003 و قۆناغی نوێی حوكمڕانی له‌ عیراقدا، به‌ ده‌ستور و دواتر یاسا كۆتا بۆ ژنان جێگیرکرا، به‌ مه‌رجێك له‌ سه‌دا 25ی كۆی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان كه‌متر نه‌بێت.

له‌ یه‌كه‌م خولی په‌رله‌مانی عیراقدا، ساڵی 2005، ژنان توانییان 70 كورسی له‌ كۆی 275 كورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنن، لە خولی خولی دوه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ 2010دا، ژمارەی كورسییەكان بۆ 325 كورسی زیادیكرد و ژنان 83 كورسییان به‌ده‌ستهێنا.

له‌ هەڵبژاردنی 2014دا، 83 ژن گه‌یشتنه‌ په‌رله‌مان كه‌ 22 کاندیدیان به‌ ده‌نگی خۆیان و بەبێ پشتبه‌ستن به‌ سیسته‌می كۆتا توانییان كورسی به‌ده‌ستبهێنن.

لە خولی چوارەمی په‌رله‌مان له‌ 2018دا، ژنان توانییان ببنه‌ خاوه‌نی 84 كورسی له‌ كۆی 329 كورسی، كه‌ به‌شێكیان به‌ده‌نگی خۆیان ده‌رچون.



AM:11:17:14/10/2021




ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌