گوگڵیش هۆشداری لەبارەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئێران دەدات




میترۆ، ئێستا
کۆمپانیای گوگڵ هۆشداریدەدات لە زیادبوونی چالاکییەکانی گروپە هاککەرەکانی سەر بە ئێران، ڕاپۆرتێکی کۆمپانیاکە مەترسیی هەڵمەتی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئەو گروپانەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پاڵپشتیدەکرێن، دەخاتەڕوو.

لەماوەی هەفتەیەکدا ئەوە دووەم گەورەترین کۆمپانیای تەکنەلۆژییە هۆشداری لە هێرشی ئەلیکترۆنی ئەو گرووپانە بدات، ڕاپۆرتەکەی گوگڵ دوای چەند ڕۆژێک دێت لە قسەی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت سەبارەت بە ژمارەیەک هێرشی ئەلیکترۆنیی گروپە ئێرانییەکان بۆسەر پێگەکانی سیستمی بەرگریی ئەمریکا و ئیسرائیل.

کۆمپانیای گوگڵ ڕایگەیاندووە، گروپە هاککەرە ئێرانییەکە کە بە APT35 ناسراوە، هێرشە بەرنامەبۆداڕێژراوەکانیان بۆسەر دامەزراوە و کەسایەتییەکان زیادیکردووە، بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی مەترسی یان دەستگەیشتنیان بە زانیارییەکان.

کۆمپانیای گوگڵ دەڵێت، ئەو گروپە لەساڵی 2020 لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کارمەندانی هەڵبژاردنەکانیان کردە ئامانج، لەماوەی ساڵانی ڕابردووشدا ژمارەیەکی زۆر هەڵمەتی هێرشی ئەلیکتۆنییان ئەنجامداوە، بەرنامەی پێشکەوتوویان بەکارهێناوە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر لایەنی بەئامانجکراو لە سوودی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

کۆمپانیاکە هۆشداریدەدات لە کردنە ئامانجی هەژمارە حکومییەکان، ناوەندە زانستییەکان، دامەزراوە ڕۆژنامەوانییەکان، ڕێکخراوە ناحکومییەكان، ناوەندەكانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، ئەو گروپە چالاکییەکانیان لەدوای ساڵی 2017ــوە زیادیکردووە.

گوگڵ ئاماژە بەوەدەکات، لەسەرەتای ساڵی 2021ــەوە 50 هەزار هەژماری بەشداربووانیان لەلایەن گروپە هاککەرە ئێرانییەکانەوە کراونەتە ئامانج، بە بەکارهێنانی بەرنامە زیانبەخشەکان یان چوونە ناو هەژمارەکانەوە.

کۆمپانیاکە ڕوونیکردووەتەوە، چەندین جار ئەو هۆشدارییانەیان بۆ بەشداربووەکانیان ناردووە کە مەترسی لەسەر هەژمارەکانیان هەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێرشەکانی ئەو گروپانە لە ساڵی 2021دا سێ هێندە زیادیکردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو.



AM:10:07:17/10/2021




ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌