بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی ئازاد كران




پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر رایانگەیاند، ماددەكەی هەردوو رۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی گۆڕاوە بەماددەی 222 و بە ساڵێك زیندانی سزادران.

وتیشیان: دادگای تاوانەكانی هەولێر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەو دوو رۆژنامەنووس و چالاكوانەی كردبوو بەڵگەیان لەبارەوە نەبوو بۆیە دادوەر بڕیاریدا بە ساڵێك زیندانی سزایان بدات.

ئەوەشیان خستەڕوو: دادگا بەتۆمەتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و دروستكردنی چەند گروپێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەو تۆمەتەی بەسەریاندا سەپاند بەڵام، لە راستیدا ئەو تۆمەتانە دوورن لە راستییەوە و هیچ بەڵگەیەكی پێویست لەسەریان نەبوو.

ئاماژەیان بەوەشدا: بەپێی ئەو سزایەی كە دادگا بۆی دیاریكردبوون كە ساڵێك زیندانی بوو لە ئێستادا هەردوو ناوبراو سزاكەیان تەواو كردووە و ئازاد كراون.

ئەمڕۆ سێ شەممە 19-10-2021،  دوای چەندین جار دواخستن دادگایی كردنی مامۆستا بەدل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی لە دادگایی هەولێر بەڕێوەچوو.

زیاتر لە 14 مانگە نزیكەی 80 رۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان زیندانیكراون، جگە لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی تاوەكو ئێستاش كەیسی پێنج لەو دەسگیركراوانە یەكلایی بووەتەوە و بە شەش ساڵ زیندانی سزادراون و ئەوانی دیكە بەشێكیان چەندینجارە دادگایی كردنیان دوادەخرێت و بەشێكی تریان هێشتا دادگایی نەكراون.

PUKmedia تایبەت


PM:01:50:19/10/2021




ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌