کۆچبەرێک: بێلاڕووس کۆچبەران لە سەربازگەکاندا کۆدەکاتەوە و بەسەر سنووردا دابەشیان دەکات




رووداو دیجیتاڵ

حوسێن کەلهوڕی گەنجێکی خەڵكی قەڵادزێی هەرێمی کوردستانە و تەمەنی 26 ساڵە. یەکێکە لەو کۆچبەرانەی کە توانیویەتی بە پارە لە سنووری بێلاڕووس-پۆڵەنداوە خۆی دەرباز بکات و بگەڕێتەوە مینسک. ئەو لەناو ئەو لێشاوە کۆچبەرەدا بوو کە رۆژی 2021/11/08 بەرەو سنووری پۆڵەندا رۆیشتبوون. حوسێن دەڵێت، پۆلیسی بێلاڕووس کۆچبەران لە سەربازگەکاندا کۆدەکاتەوە و بەسەر سنووری پۆڵەندا و لیتوانیادا دابەشیان دەکات.
 
چیرۆکی حوسێن کەلهوڕی لە زاری خۆیەوە لەو رۆژەوەی کە لەناو لێشاوەکەدا لە سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا بوون:
 
ئێمە لەسەر سنوور بووین. شەش کەسمان قاچاخچییەکمان گرت و گوتمان لە لێشاوەکە دێینە دەرەوە و دەچین بۆ شوێنێک. پێشئەوەی کەمپەکە چۆڵ بکرێت، پۆلیسەکانیش هاتن بۆ لامان گوتیان: 'یان دەبێت بچن بۆ پۆڵەندا یان خۆتان دیپۆرت بکەنەوە. ئەوەی لێرەیش بێت دەیبەین بۆ لیتوانیا.' ئێمە گوتمان: 'دەڕۆین بۆ پۆڵەندا.' ئیتر 10-15 خولەکێک رایانگرتین و دوایی رۆیشتین. 
 
نزیکەی 14 کاژێر بە پێ رۆیشتین تا گەیشتینە ئەو شوێنەی کە قاچاخچی و رێبەرەکە پێیان گوتبووین بڕۆن بۆ ئەوێ. لەوێ چاوەڕێی قاچاخچییەکەمان کرد، رێبەرەکە تەلەفۆنی بۆ کرد. گوتی: 'وەجبەکەم گیراون، ناتوانم. بۆ خۆتان بڕۆن.' ئێمەیش زۆر ماندوو بووین، گوتمان: 'ئەمشەو پشوو دەدەین، شەوێکی دیکە لێی دەدەین.' 
 
دوایی قاچاخچییەکە خاڵێکی دیکەی بۆ ناردین و پێی گوتین: 'ئەو خاڵەی ئێستاتان بە کەڵک نایەت و بچن بۆ ئەوە لە فڵان شوێنە.' ئێمەیش سەرمان کرد خاڵەکە بە کەڵک نایەت؛ هاتینەوە. خۆمان شوێنێکمان دیاری کردبوو، گوتمان دەچین بۆ ئەوێ. 
 
کە رۆیشتین، گەیشتینە چوار گەنج و کۆمەڵێک خێزان. لەگەڵ گەنجەکاندا یەکمان گرت. من بارگە (شەحن)م پێ نەمابوو، ئەوانیش سیمکارت و ئینتەرنێتیان پێ نەبوو. گوتم: 'کاکە، من شەحنم پێ نییە، بەس خەتم هەیە. ئێوە شەحنم بدەنێ و، پێکەوە دەڕۆین. شوێنێک دیاری دەکەین و دەپەڕینەوە.' 
 
ماوەیەک رۆیشتین، ئۆتۆمبێلی بێلاڕووس هات کە پاسەوانی سنوور بوو. ئیتر لە دارستاندا خۆمان شاردەوە کە بارانێکی زۆریش دەباری. نزیکەی نیو کاژێر خۆمان شاردەوە. هەموو لەشمان خووسا، ئیتر تاقەتمان نەما، گوتمان: 'با بڕۆین. هەرچی دەبێت با ببێت. ئامانەتی خوا بین.' ئەم رووداوە دوای دوو شەو و دوو رۆژ مانەوە لە دارستاندا بوو. ئەمە بێجگە لە لێشاوەکە کە لەوێیش زۆر ماینەوە.
 
کەسمان نان و ئاومان پێنەمابوو، هەر ئاوی زۆنگاوەکانمان دەخواردەوە. سەرەتا شەش کەس بووین. سیانمان گەڕانەوە. دوایی چوار گەنجی سلێمانەیی و کەرکووک هاتن و بووینە حەوت کەس. لە کاتی گەڕانەوەدا کە نزیکەی چوار کیلۆمەترمان بوو بگەینەوە ئەو شوێنەی کە کەمپەکە بوو-ئەو شوێنەی شەڕەئاو و شەرەبەردەکەی لێکرا. گوتمان دەچینە ئەوێ و داوای کەمپەکە دەکەین. گەیشتینە ئەوێ، لەوێ گیراین. گوتمان: 'نان و ئاومان پێنەماوە. شتێکمان بدەنێ.' 
 
ئەوانیش گوتیان: 'خەمتان نەبێت و کێشەتان نەبێت. دەتانبەین بۆ شوێنێکی ئارام کە نان و ئاوی لێیە. حەمام بکەن. هەموو شتێکی لێیە.' 
 
دوایی پرسیاری کرد: 'چەند جار لێتان داوە بۆ سنووری پۆڵەندا؟' 
 
گوتمان: 'دوو جار لێمان دا و هەردوو جارەکە سەرکەتوو نەبووین و گەڕاینەوە دواوە.' ئیتر زانیمان کە دەمانبات بۆ شوێنێکی دیکە.
 
گوتی: 'لە کوێوە هاتوون؟'
 
گوتمان: 'لە برێستەوە هاتووین.' 
 
ئێمەیان خستە ئۆتۆمبێلێکەوە کە زۆر تەسک بوو و هەموومان لەسەر نووکی پێ راوەستابووین. بە ئاستەم هەناسەمان دەدا. دوایی ئۆتۆمبێلەکەیان گۆڕی و خستینیانە ئۆتۆمبێلێکی دیکەوە و بردینیان بۆ سەربازگەیەک. لە دابەزیین، گوتیان: 'راوەستن، سبەینێ دەتانبەین بۆ کەمپەکە.' کاتێک سواری ئەو ئۆتۆمبێلەیان کردین، پاوەربانک و مۆبایل و سیمکارتەکانیان لێ وەرگرتین.
 
ئەو شوێنە لە سەربازگە دەچوو، چونکە هەر سەربازی لێ بوو. هەروەها پەنابەری دیکەیشی لێ بوو. خێزانێکی هەولێر و چەند خێزانێکی عەرەبی لێ بوو کە خێزانە هەولێرییەکە خەڵکی دارەتوو بوون. شەو ماینەوە. ئەوان گوتیان: 'ئێستا چوار گەنجیان برد بۆ سنووری لیتوانیا.' 
 
قسەمان لەگەڵ پاسەوانەکە کرد، گوتمان: 'دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ کەمپەکە و خۆمان دیپۆرت بکەینەوە.' زانیمان بۆ لیتوانیایە. 
 
گوتی: 'خەمتان نەبێت، دەتانبەین بۆ کەمپەکە.'
 
نزیکەی کاژێر 02:30-03:00ـی بەرەبەیان بوو. پاسێک هات. پێش ئەوەی پاسەکە بێت، خەڵک و خێزانی زۆر هاتن کە خەڵکی، رانیە، دهۆک، زاخۆ و گەرمیان بوون. زۆر هاتن بۆ ناو سەربازگەکە. ژمارەمان زۆر بوو، زیاتر لە 50 کەس دەبووین. بە پاسێک هەموومانیان برد، بەڵام منداڵی زۆرمان لەگەڵ بوو. منداڵێکی عەرەب تاسابوو، نوتقی گیرابوو و هیچ نەیدەتوانی قسە بکات. دایکی گوتی: 'یارمەتیم بدەن با بیبەین بۆ دکتۆر.' گوتیان: 'خەمت نەبێت، دەیبەین بۆ دکتۆر.' 
 
پاسەکەیان پڕ کرد و گوتیان: 'بۆتان نییە جامەکانیش دابدەنەوە.' کەوتینە رێ و گوتیان: 'بۆ مینسکتان دەبەین ئەگەر حەزتان لێیە.'
 
گوتمان: 'تا گروندا بمانبەن، خۆمان لەوێوە تەکسی دەگرین.' 
 
لە گروندا وەستا، گوتی: 'بۆتان نییە دابەزن. راوەستن تا پاسەکان دێن.' 
 
دواتر دەستیان بە تەلەفۆن کرد و ئێمەیان برد. رۆیشتین بۆ سنووری لیتوانیا. پێش ئەوەی بگەینە سنوورەکە، گەیشتینە شوێنێک کە ئەویش هەر وەک سەربازگە بوو کە دوو زیل و  ئۆتۆمبێلێکی پاسەوانی سنوور چاوەڕێیان دەکردین. لەوێ دابەش کراین. ئێمە حەوت کەسەکە هەر پێکەوە بووین، گوتمان: 'با لێک دانەبڕێین و سواری یەک ئۆتۆمبێل ببین.' زیلەکان پڕ کران. هەر زیلەی نزیکەی 30-40 کەس زیاتری تێکرا. ئۆتۆمبێلی پاسەوانەکانیش خێزانێکیان تێکرد کە منداڵی زۆر بوو. گوتیان: 'قەینا با ئەوان بەو ئۆتۆمبێلە بچووکە بێت.'
 
نزیکەی کاژێر و نیوێک زیاتر بە زیلەکان رۆیشتین، گەیشتینە سنووری لیتوانیا - لای رووبارەکە. سیمی لیتوانیایان قرتاند. دەرگا بوو، کردیانەوە و گوتیان: 'Go -بڕۆن-.' ئەوجا مۆبایلەکانیان پێداینەوە. لەوێ چاوەڕێیان کرد تا خەڵکەکە ون بوون، ئیتر رۆیشتنەوە. ئێمە خۆمان شاردەوە. کۆمەڵێک کە رێبەرێکیان لەگەڵ بوو و نزیکەی بیست و شتێک کەس بوون، رۆیشتن. ئێمە حەوت کەسەکە ماینەوە. خێزانێکیش مایەوە کە نە مۆبایلیان پێ بوو نە هیچ. نەیاندەزانی چی بکەن. گوتمان: 'ئەگەر ئاساییە و پێتان خۆشە، لەگەڵ ئیمە وەرن. ئێمە دەچینەوە بێلاڕووس.' ئێمە خۆمان شاردەوە و لە رووبارەکە نەپەڕینەوە. گوێمان لە دەنگی شاور بوو. 
 
من مۆبایلەکەم 60٪ بارگەی تێدا مابوو. برادەرەکەی دیکەیشم 40٪ـی پێبوو. گوتم: 'مۆبایلەکەی من بەکاردێنین، دواتر مۆبایلەکەی تۆ، ئەگەر تەواو بوو.' 
 
نزیکەی پێنج کاژێرێک رۆیشتین. خیزانەکە گوتیان: 'ئێمە ناتوانین بەناو زۆنگاوەکاندا بڕۆین؛ لەبەر منداڵەکان و شەویشە. دەبێت پشوویەک بدەین و خۆیشمان وشک بکەینەوە.' سێ کەسیان کەوتنە ناو چاڵە زۆنگاوەکان. تا کەمەر زیاتریان رۆدەچوو و هەر نوقم دەبوون. من دانەیەکم راکێشا و، خێزانەکەیش بۆ خۆیان دووانیان هێنانەوە دەرێ. شوێنەکە زۆر ناخۆش بوو. 
 
لای کاژێر 09:30ی شەو خەوتین هەتا 06:00ـی بەیانی. ئیتر هەستاینەوە، گوتمان با دەست بە رۆیشتن بکەینەوە، خۆ دنیا باشە. مۆبایلەکەی من بارگەی تێدا نەما، بە هاوڕێکەمم گوت: 'سەرەی مۆبایلەکەی تۆیە.' زۆر رۆیشتین. نزیکەی پێنج کاژێر بوو. دەمانویست بچینەوە بیلاڕووس. 
 
 لەسەر سنوور گوندێکی لێ بوو کە لە جی پی ئێسدا بینیمان، گوتمان: 'دەچینە ئەوێ. خەڵکی لێیە و داوای یارمەتییان لێدەکەین بە ئۆتۆمبێل بمانبەن.' 10 کیلۆمەترێک لە گوندەکەوە دوور بووین کە مۆبایلەکەی دیکەیش کوژایەوە. پێش ئەوەی مۆبایلەکە بکوژێتەوە ئاراستەکەمان دیاری کرد. گەیشتبووینە سەر رێگەیەکی خۆڵ کە دیار بوو ئۆتۆمبێلی گەورە و تراکتۆری پێدا رۆیشتبوو. 
 
چەند کیلۆمەترێکمان مابوو بگەینە گوندەکە، پیاوێکمان بینی خەریکی جووتکردن بوو. چووین بۆ لای، داوای یارمەتیمان لێکرد؛ ئۆتۆمبێلێکی پێبوو. گوتمان: 'بمانبە بۆ وێستگەی پاسێک. کێشەت پارە نەبێت، چەندت داوا کرد دەتدەینێ.'
 
خیزانەکە داوای ئاویان کرد. ئاخر ئاوی زۆنگاوەکانمان دەخواردەوە. ئاوێکمان دەخواردەوە کە رەنگەکەی شتێک لە بیبسی کاڵتر بوو. پیاوەکە گوتی: 'ئاوم پێ نییە، بەس قەینا یارمەتیتان دەدەم و دەتانبەم.'
 
بە ئۆتۆمبێلەکەی تا وێستگەیەکی پاسی بردین. 10 یۆرۆ و 5 دۆلارییەکمان دایێ. گوتی: 'وەریناگرم.' گومان: 'نابێت، 10 کیلۆمەتر ئێمەت هێناوە.' گوتی: 'چاوەڕێی پاس بکەن.' چاوەڕێ بووین، هەر پاس نەدەهات. لە ناکاو ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس هات، بەڵام ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی بوو کە پۆلیسکی تێدا بوو. ئاوڕی دایەوە و گوتی: 'ئەوە چی دەکەن لێرەدا؟ ئێستا مەفرەزە دێن دەتانگرن و دەتانبەنەوە لیتوانیا.' 
 
گوتمان: 'دەمانەوێت بچینەوە مینسک.' 
 
گوتی: 'باشە.' ئێمەی برد و چەند سەد مەترێک لە رێگەکەی دوور خستینەوە و بردینیە دارستانەوە. گوتی: 'لێرە چاوەڕێ بکەن، بەڵام دەبێت بڕێک پارەم بدەنێ، ئەوجا پاستان بۆ دێنم.'
 
گوتمان: 'داوای چەند دەکەیت؟'
 
گوتی: 'دوو هەزار دۆلار.' 
 
ئێمە 14 کەس بووین. گوتمان: 'ئەو پارەیەمان پێ نییە. زۆرە.' 
 
گوتی: 'کێشە نییە؛ 1000 دۆلار.' 
 
ئەو منداڵەکانیشی بە نەفەر هەژمار کرد و گوتی: 'دەبێت پارەی ئەوانیش بدەن.' 
 
گوتمان: 'باشە.' 
 
چوو ڤانێکی هێنا لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکەی خۆی. ئیتر ئێمەی گەیاندەوە مینسک. ئەمەی بەسەرمان هات لە سنووری پۆڵەنداوە تاوەکو گەڕانەوە ناو مینسک چوار شەو و رۆژی پێ چوو. 
 
لەو ماوەیەدا دۆخمان خراپ بوو. منداڵەکان حاڵیان شڕ بوو. ئەوەی باش بوو کە لەسەر رێگەکەماندا هەندێک دارسێو هەبوو کە سێومان لێ دەکردەوە و دەماندانە منداڵەکان. بەڵام ئاومان پێ نەبوو. ئاوێکمان دەخواردەوە بۆگەنی کردبوو. 
 
ئێستا ئێمە لە مینسکین لە شوقەیەکدا و شەش کەسین پێکەوە. ئێستایش خەڵک دەچنە سنوور. من سێ جار چوومە سنوور و دەرنەچووم. ئەوە 18 رۆژە لە بیلاڕووسم. جاوەڕێ دەکەم و دەمەوێت بچمەوە، چونکە پارەیەکی زۆرم خەرج کردووە و هەر دەبێت بچم.


AM:11:37:23/11/2021




ئه‌م بابه‌ته 384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌