دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق چۆن بەڕێوەچوو؟ چی روویدا؟





شەوی رابردوو، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق هەڵگیرا و تیایدا هەریەک لە سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی هەڵبژێردران، بۆ یەکەمجار لەعێراق هەڵبژاردنی پەرلەمان بەشێوەی دەنگدانی زۆرینە بەڕێوەچوو، چوارچێوەی هەماهەنگیش ئەنجامەکان رەتدەکەنەوە.

لە سەرەتادا بڕیاربوو یەکەم دانیشتنی پەرلەمان کاتژمێر ١٠ی سەر لەبەیانی بەڕێوەبچێت، بەڵام دواتر دوو جار بەهۆکاری هەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ رێککەوتن دانیشتنەکە دواخرا و لە کاتژمێر ٣ و ٣٠ خولەکی دوانیوەڕۆ دەستی پێکرد.

بورانەوەی مەشهەدانی 


لەکۆی ٣٢٩ ئەندام، ٣٢٥ ئەندام سوێندی یاساییان خوارد و یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆکایەتی مەحمود مەشھەدانی بەتەمەنترین ئەندامی ئەم خولەی ئەنجوومەنەکە لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی عەزم، دەستی پێ کرد.

مەحمود مەشھەدانی تەمەن ٧٤ ساڵ، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٩، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بوو.

دوای چەند خولەکێک لەدەستپێکی دانیشتنەکەو بەهۆی ناکۆکی لەسەر گەورەترین فراکسیۆن دانیشتنەکە گرژی بەخۆوە بینی و ئەوەش بووبە هۆی تێکچوونی تەندروستی مەشهەدانی و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، بۆیە خالید دەراجی جێگەکەی گرتەوە.

 

محەمەد حەلبوسی (٢٠٠) دەنگ بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە و بەسەر مەشهەدانیدا ١٦ دەنگ سەرکەوت و١٤ دەنگیش پوچەڵ بووە.

هەروەها، هەریەک لە حاکم زاملی لە فراکسیۆنی سەدر بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و شاخەوان عەبدوڵا لە فراکسیۆنی پارتی بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردران.

لە لایەن خۆیانەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی کە خاوەنی ٨٨ کورسی پەرلەمانییە و خۆیان بە گەورەترین لایەنی ناو پەرلەمان دەزانن سەر لەبەری پرۆسەکە و ئەنجامەکانیان رەتکردەوە، لە بەرامبەریشدا لایەنی سەدر دەڵێن ئەوان گەورەترین کوتلەی پەرلەمانن و ٧٣ کورسی پەرلەمانیان هەیە.

کێ بایکۆتی کرد؟

لە دانیشتنەکەدا هەریەکە لە یەکێتی و چوارچێوەی هەماهەنگی کە ژمارەیان ٩٧ کورسی بوو، بەشدار نەبوون و دەنگیان نەدا.


فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە چوارچێوەی "هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک" بەشداری یەکەم دانیشتنی پەرلەمانیان کرد و لەو بارەیەشەوە رێبوار ئەورەحمان پەرلەمانتاری نەوەی نوێ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، " وەک بەڵێنمان دابوو، دەنگی ئێوە لە گەردنمانە، ئەمڕۆ جارێکی تر سوێندی خۆمان دووبارە کردەوە کە خیانەت لە دەنگەکانتان ناکەین و لەگەڵ ئێوە دەمێنینەوە."

هۆکاری بەشداربوونی فراکسیۆنەکەیانی لە دانیشتنی پەرەمان روونکردووەتەوە و دەڵێت:

یەکەم: دەستوری و یاساییە کە دەبێت پەرلەمان لە یەکەم دانیشتن دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژیرێت. ئێمە چۆن یاسا شکێنی دەکەین؟ چ بەرژەوەندییەکمان هەیە؟ لە کاتێکدا ئێمە ئۆپۆزسیۆنین.

دووەم: ئێمە چۆن پەرلەمان پەک بخەین، لە کاتێکدا هێزێکی ئۆپۆزسیۆنین و تەنها پەرلەمانمان بە دەستەوەیە تا لەڕێگەیەوە کار بۆ خەڵک بکەین. بە پێچەوانەوە هەمیشە هەوڵدەدەین پەرلەمان چالاک بێت و بە کاری خۆی بکات، نەک پەک بخرێت و وڵات بەرەو قەدەری نادیار بروات.

سێیەم: ئێمە لەناو هۆڵەکە ماینەوە، وەک هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک کاندیدمان بۆ جێگری یەکەم (حەمید عەباس شەبلاوی) و جێگری دووەم (سروە عەبدولواحید) هەبوو، رووبەڕووبووینەوە و مەیدانەکەمان جێنەهێشت. با هێزی تریش بمابانەوە و کاندیدیان هەبووایە، نەک بە دۆڕاوی بکەونە پڕوپاگەندە. ئەگەر ئێمە دوای بەرژووەندی شەخسی بکەوتینایە ئەوا شەڕمان لەسەر پۆستەکانی حکومەت و سەرۆکایەتی کۆمار دەکرد و بو دوای پۆست و وەزارەتدا رامان دەکرد ، نەک ببینە ئۆپۆزسیۆن و شەری پەرلەمان بکەین.

لەلایەن خۆیەوە، ئاریان تاوگۆزی پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە چوارچێوەی هاوپەیمانی لە پێناو خەڵکدا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، "بە ماوەیەکی کەم پاش دەستپێکردنی دانیشتنەکە هەموومان پەرلەمانتارەکان سوێندی یاسایمان خوارد. بڕگەیەک لە سوێندەکە ئەوەیە کە پابەندبونمانە بەجێبەجێکردنی یاساکان."

دەشڵێت، "نیەت و پلانێک هەبوو کە ئەو دانیشتنە بە "کراوەی" بمێنێتەوە و هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگرەکەی دوابخرێت بەڵام دەستور ڕێگرە لەو کارە و نادەستورییە".

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیدا، ئاریان تاوگۆزی باسی لەوەشکردووە، "خاڵێکی تریش زۆر گرنگە کە باسبکرێت و بەردەوام باسمان کردوە ئەوەیە کە سیاسەت بە ڕقەوە ناکەین و بە باش، دەلێین باش و بە خراپیش خراپ. لە ئایندەیا ئەگەر پڕۆژەیەک یان یاسایەک لە هەر کەس و لایەنێکەوە پێشکەشی پەرلەمان بکرێت و بزانین لە بەرژەوەندی و سودی خەڵکە ئەوا پشتگیری دەکەین و دەنگیشی پێدەدەین."

ئەمە لەکاتێکدایە، دەبێت ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان ٥٠+١ی دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت، واتە ١٦٥ دەنگ لە کۆی ٣٢٩ پەرلەمانتاری ئامادەبوو بەدەستبهێنێت. دواتر لەماوەی ١٥ رۆژدا دەبێت سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت و پاشان سەرۆک کۆمار کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت.

دانیشتنەکە لە رووی یاساییەوە

حاکم شێخ لەتیف، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە "سەرەتایەکی باشە".

دەشڵێت، بەلەبەرچاو گرتنی دۆخی عێراق، دەتوانین بڵێین دەسپێکی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق لەچاو خولەکانی تر باشتربوو لەڕوی:

- پابەند بوون بەماوەی دەستوری و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەکاتی یاسایی خۆیدا و درێژ نەکردنەوەی دانیشتنەکە، ھەرچەندە ویسترا فێڵێک بکرێت، بەڵام سەری نەگرت.

-ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بە زۆرینە نەک بەتەوافق "سازان" کە ئەمە سەرەتایەکی جیاکەرەوەیە.

- ھەر بەگوێرەی دەستور لەم دانیشتنەدا کوتلەی زۆرینەی پەرلەمانی تۆمار کرا کە کاندیدی سەرۆک وەزیران لەو دەبێ، کە ئەمەش جیاکەرەوەیە لەجاران، چونکە لەدوای ٢٠٠٥ ەوە سەرۆکی حوکمەت کاندیدی کوتلەی زۆرینە نەبووە، بەڵکو کاندیدی تەوافقی ھەمواون بووە بۆیە بێ پاڵپشت و لاواز بووە و نەیتوانیوە ھیچ بکات، جگە لەڕازیکردنی کوتلەکان.




AM:11:18:10/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 2132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌