بەرنامەی هاوبەشی کولتووریی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا



ميترو,basnews

ئەمڕۆ شەممە 22/1/2022 لە هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا بەرنامەی هاوبەشی کولتووریی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا.

لەم بارەیەوە ئۆليڤيێ ديکوتينيێ، سەرکونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر، لە پرێس کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند: ''واژووکردنی ڕێککەوتنامەی ئاشتی دوای سێ جەنگی خوێناوی لە نێوان فەرەنسا و ئەڵمانیادا بووە هۆی ئاشتەوایی لە نێوان هەردوو وڵاتدا و هەر لە سەرەتاوە کولتوور بابەتێکی گرنگی نێو دۆستایەتیی فەرەنسا و ئەڵمانیا بوو، هەر بۆ ئەم مەبەستەش بوو لە ساڵی ٢٠١٩ ئەنگێلا مێرکێل، ڕاوێژکاری ئەوکاتی ئەڵمانیا و ئیمانوێڵ ماکڕۆن، سەرکۆماری فەرەنسا ویستیان جارێکی دیکە پشوویەک وەبەر ئەو ڕێککەوتننامەیە بێننەوە و پەرەی پێ بدرێت و فراوانتر بکرێت بۆ ئەوەی کولتووریش بگرێتەوە''.

ئۆليڤيێ ديکوتينيێ گوتیشی: لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتننامەیەشدا ساڵی ٢٠١٩ بڕیار دراوە چوار ئەنیستیتووتی هاوبەشی ئەڵمانی و فەرەنسی دابمەزرێن و شاری هەولێریش کە فەرەنسا و ئەڵمانیا تێیدا نوێنەرایەتییان هەیە وەک شارێک هەڵبژێردراوە کە وەکوو یەکێک لەو چوار شارانەی ئەڵمانیا و فەرەنسا پێکەوە بەرنامەی هاوبەشی کولتووریی تێدا جێبەجێ دەکەن.

سەرکونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر ئاماژەی بەوەش دا کە ''ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە فەرەنسا و ئەڵمانیا گرنگییەکی بێوێنە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستابن دەدەن و هەر لە سەرەتاشەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی ئێمە بووە بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە و لێرەشەوە سپاسگوزاریی خۆمان ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەتی لەسەر قەڵای هەولێر خانوویەکی زۆر جوانی بۆ دابین کردووین کە لە داهاتوودا ئەم پڕۆژە هاوبەشەی ئەنیستووتی فەرەنسا و پەیمانگەی گۆتێی ئەڵمانیای تێدا جێبەجێ دەکرێت''.

ئۆليڤيێ ديکوتينيێ جەختی لەوەش کردەوە: ''بەلامانەوە زۆر گرنگە ئەم پرۆژە هاوبەشەی فەرەنسا و ئەڵمانیا لە هەولێر ڕەگ و ڕیشەی بە قەڵای هەولێردا ڕۆبچێت، چونکە قەڵای هەولێر بە هێمای زیندوویی ئەم شارە دەمێنێتەوە، بەتایبەتی کە چەندین دامەزراوەی وەکوو مۆزەخانە و ئەنیستیتووت لە خۆی دەگرێت. ئێمەش زۆر شەرەفمەند دەبین کە بتوانین پرۆژەکەمان لەسەر قەڵای هەولێر بنیات بنێین، بەتایبەتی کە قەڵای هەولێر یەکێکە لە شوێنە کەلەپوورییەکانی یونسکۆ''.

هەر لەو پرێس کۆنفرانسەدا کلێمنس زێمتنەر، سەرکونسوڵی ئەڵمانیاش بە پشتیوانی لەسەر وتەکانی سەرکونسوڵی فەرەنسا خۆشحاڵیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامە کولتوورییە هاوبەشەکەی وڵاتەکەی لەگەڵ فەرەنسا لە هەولێر دەربڕی و گوتی، یەکێک لەو خاڵە هاوبەشانەی لە نێوان ئەڵمانیا و فەرەنسادا هەیە، پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستانە.

لە درێژەی پریس کۆنفرانسەکەدا د. سالار عوسمان، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند، ئەوەی دوو دەوڵەت و دوو کولتوور لە هەولێر کارێکی هاوبەشی کولتووری بەڕێوە دەبەن نیشانەی ڕاستی و دروستیی بەرنامەی کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و گوتیشی، هەولێر بە درێژایی مێژوو شوێنی پێکەوەژیانی کولتوورەکان بووە و وەزارەتی ڕۆشنبیرییش لەگەڵ هەردوو ئەنیستووتی فەرەنسا و پەیمانگەی گۆتێی ئەڵمانیا هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی بە هاوبەشی خەرمانێک کاری کولتووریی گەورە پێشکەش بکەین.


PM:02:08:22/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 476 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌