لە تورکیا رۆژنامەڤانێک بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان خرایە زیندانەوە




رووداو, میترۆ

ئەو خانمە رۆژنامەڤانەی لە تورکیا بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆمار دەستبەسەرکرابوو، بە بڕیاری دادگە خرایە زیندانەوە. 
 
درەنگانی شەوی شەممە 22ی کانوونی دووەمی 2022 لە 16مین دادگەی سزای ئیستەنبووڵ پڕۆسەی دادگاییکردنی رۆژنامەڤان سەدەف کاباش بەڕێوەچوو، کە لە کاژێر 02:00ی بەرەبەیانی هەمان رۆژ لە ماڵەکەی خۆیدا لە ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی "سوکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار" دەستگیرکرا.
 
دادگەی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بڕیاری زیندانیکردنی بەسەر سەدەف کاباشدا سەپاند.
 
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو و لە دانیشتنی دادگەش، ئەو رۆژنامەڤانە ئاماژەی بەوەداوە، لە گوتەکانیدا مەبەستی سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان نەبووە و باسی چەند گوتەیەکی پێشینانی کردووە.   
 
ئەو رۆژنامەڤانە ئێوارەی رۆژی هەینی 21ی کانوونی دووەم لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا بەشداربوو و گوتی: "گوتەیەکی پێشینان هەیە کە دەڵێت، سەرێک تاجی بچێتەسەر عاقڵتر دەبێت، بەڵام دەیبینین کە ئەو گوتەیە راست نییە، یان گوتەیەکی پێچەوانەی ئەمە هەیە، با نەیڵێم، وڵاخ کە بچێتە نێو کۆشک نابێت بە پاشا، ئەو کۆشکە دەبێت بە تەویلە".  
 
دوای ئەم گوتانە ئەبوبەکر شاهین، سەرۆکی دەزگای باڵای رادیۆ و تەلەڤزیۆنەکانی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی تویتەر رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لەبارەی ئەو رۆژنامەڤانە دەستپێکردووە.  
 
عەبدولحەمید گول، وەزیری دادی تورکیاش رایگەیاند، سەدەف کاباش بەهۆی ئەو گوتانەیەوە کە سەرۆککۆماری کردووەتە ئامانج لەبەردەم دادگە بە سزای خۆی دەکات. 
 
پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن هەریەک لە جەهەپە، ئیی پارتی، هەدەپە، پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی سەرکەوتن و چەند لایەنێکی دیکە کاردانەوەیان بەرامبەر دستگیرکردن و بریاری دادگە بە زیندانیکردنی ئەو خانمە رۆژنامەڤانە پیشاندا.
 
لە بەرامبەردا، وەزیری ناوخۆی تورکیا و سەرۆکی مەهەپە کە هاوپەیمانی ئاکپارتییە سەرکۆنەی ئەو کەس و لایەنانەیان کرد، کە پاڵپشتی لەو رۆژنامەڤانە دەکەن.    
 
بەگوێرەی راپۆرتی دادپەروەریی ساڵی 2020 کە لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی شەش ساڵی سەرۆکایەتیی کۆماریی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا لە ساڵانی نێوان 2014-2020 بە تۆمەتی "سوکایەتیکردن و بێڕێزیکردن بە ئەردۆغان" 160 هەزار و 169 کەس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، لە دادگاکاندا 35 هەزار و 507 داوای یاساییش لەسەر هەمان دۆسیە تۆمارکراوە. هەروەها 27 هەزار و 717 داوای یاسایی یەکلاکراونەتەوە و لە بەرژەوەندیی ئەردۆغان بڕیاردراوە. .


AM:11:42:23/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌