دانیشتووانی گەڕەکەکانی نزیک لە زیندانەکەی حەسەکە ئاوارە دەبن




میترۆ, رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ و پێکدادان لە حەسەکە، خەڵکی زیاتر دەربەدەر دەبن؛ هەر خێزانێک بە ئاراستەیەک دەڕوات؛ ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆخیان سەختە.
 
محەممەد دانیشتووی حەسەکەیە و دەڵێت، "بە خودا دۆخەکە وایە؛ لە شەقامەکان هیچ دیار نییە، بەڵام شەڕ و تەقە هەیە. بە خودا ئەم دوو رۆژە ژیانێکی سەختمان هەبووە؛ نە نان هەیە و نە خۆراک؛ بە تەمای خودا دەژین".
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر قەدەخەی هاتووچۆی حەوت رۆژەی لە تەواوی حەسەکە راگەیاندووە و ئەم بەیانییە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە؛ شەڕی ئەو چەکدارانەی داعش بەردەوامە کە رۆژی پێنجشەممە هەڵیانکوتایە سەر گرتووخانەی غوێران.
 
هەسەدە دەڵێت، لەم رۆژانەی رابردوودا 175 چەکدار و ئەندامی داعش کوژراون، 160 کەسیان ئەوانە بوون لە هێرشەکاندا بەشداربوون و 15 کەسیشیان ئەوانە بوون کە هەڵاتوون.
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەش دەڵێت، 27 شەڕڤانیان شەهید بوون.
 
دانیشتوویەکی حەسەکە باس لەوە دەکات، "دوو رۆژە دۆخمان باش نییە. نەماندەتوانی بچینە دەرەوە. چەکدارانی داعش دەچوونە نێو ماڵی خەڵک و خەڵکیان دەکوشت. ئێمە بە پەرچوو رزگارمان بوو".
 
بە گوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، تاوەکو ئێستا لانیکەم 4000 کەسی سڤیل لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادان دەربەدەر بوون؛ بەشی زۆری ئەو خەڵکە تەنیا فریای ئەوە دەکەون کە خۆیان لە مەرگ رزگاربکەن و پێداویستییەکی ئەوتۆ لەگەڵ خۆیان نابەن.
 
هەمشە سوەیدان، دانیشتووی حەسەکە دەڵێت، "بە خودا دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە، وەکو ئەوە وایە لە زینداندا بین؛ نە خواردن نە خواردنەوە نییە. منداڵ دەگرین و شیر نییە پێیان بدەین، نان و ئاویش نییە. ئاوی بیر دەخۆینەوە. چی بکەین؟ هێز و توانامان لێبڕاوە".
 
سیامەند عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی یەپەگە دەڵێت، هەوڵ دەدەن زوو دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و دەشڵێت، شەڕڤانان جیهانیان لە کارەساتێکی گەورە پاراست و نەیانهێشتووە سەدان چەکداری داعش رابکەن و جارێکی دیکە ببنەوە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە.


PM:01:13:24/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌