لە ئیزمیر دووەمین دانیشتنی دادگە لە دۆسیەی کوژرانی دەنیز پۆیراز بەڕێوەدەچێت



ميترو,روداو 

دووەمین دانیشتنی دادگە لە دۆسیەی کوژرانی دەنیز پۆیراز، ئەو كچە کوردەی لە هێرشە چەکدارییەکەی سەر بارەگای هەدەپەی ئیزمیر كوژرا، بەڕێوەدەچێت.
 
کاژێر 09:00ی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 24ی کانوونی دووەمی 2022 دانیشتنەکەی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە لە دادگەی سزا قورسەکانی ئیزمیر دەستیپێکرد.
 
میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە بەر لە دەستپێکردنی دانیشتنەکەی دادگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبەردەم دادگەی ئیزمیر رایگەیاند، "تاوانی کوشتنی دەنیز پۆیراز، تاوانێکی پلان بۆ داڕێژراوە. لە سەرەتای لێکۆڵینەوەکانەوە هەم ئاسایش و هەم داواکاری گشتی ئەوەی لە دەستیان هات کردیان بۆئەوەی پیشانیبدەن ئەم تاوانە تاوانێكی کەسییە، هاوشێوەی هێرشەکانی دیکە کە کرانە سەر پارتەکەمان. سەرجەم تواناکانی خۆیان بۆ شێواندن و پەردەپۆشکردنی راستییەکانی ئەم تاوانە کە بە پلان ئەنجامدراوە، خستەگەڕ. ئێمەش بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی ویست و هێزی خۆمان بۆ لادانی پەردە لەسەر راستییەکان. تاوەکو ئەم سیستمە دەگۆڕین، درێژە بە تێکۆشان دەدەین. با کەس گومانی لەوە نەبێت".
 
ئۆنور گەنجەری تەمەن 27 ساڵ رۆژی 17ی حوزەیرانی 2021 کاژێر 11:05 خولەک لە شارۆچکەی کۆناک چووە نێو ئەو باڵەخانەیەی بارەگای هەدەپەی لێیە و تەقەی لە دەنیز پۆیراز کرد کە دایکی لە بارەگای هەدەپەی ئیزمیر خزمەتگوزار بوو و رۆژی هێرشەکە لە شوێنی دایکی چووبووە سەر کار.
 
ئۆنور گەنجەر دوای رووداوەکە لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە دەستبەسەرکرا، لە لێکۆڵینەوەی پۆلیسدا گوتی، ئامانجی ئەوە بووە چەند کەسێک بکوژێت و ئەگەر کەسی دیکە لە ژوورەوە بووایە تەقەی لە ئەوانیش دەکرد.
 
ئەو رووداوە کاردانەوەی پارتە سیاسییەکانی تورکیای لێکەوتەوە. میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا ئەنجامیدا، حکومەت و سەرۆککۆماری تورکیای تۆمەتبار کرد.
 
هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوە کرد، "بڕیاربوو بە بەشداریی 40 کەس کۆبوونەوەیەک لەو بارەگایەی پارتەکەمان بکرێت، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا کۆبوونەوەکە دواخرا؛ ئامانجی بکوژەکە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی بووە".
 
ئۆنور گەنجەر، بکوژی دەنیز پۆیراز لە سەرەتاکانی 2020 وەکو کارمەندی تەندروستی چووەتە منبج لە سووریا و لە مانگی نیسانی 2021 دەستی لەکارکێشاوەتەوە. رۆژێک دوای ئەنجامدانی هێرشەکە لە 18ی حوزەیراندا خرایە زیندانەوە.
 .”


PM:01:14:24/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌