دامەزراوەی میدیای دیپلۆماتیك



جارێكی دیكە دیپلۆماتیك كەوتەوە بەر شاڵاوی هێرشی ئەلیكترۆنی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ

بۆ: رای گشتی كوردستان
سەرجەم رێكخراو و ئاژانسەكانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان و نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان

بەڕای گشتی كوردستان و رێكخراوە جیهانیەكانی بواری رۆژنامەوانی و ئازادی رادەربڕینی رادەگەیەنین،دامەزراوەی میدیای دیپلۆماتیك بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ جارێكی دیكە كەوتە بەر شاڵاوی هێرشی سایبری.

لاپەڕەی فەرمی دامەزراوەی میدیای دیپلۆماتیك كە كاریگەرترین پلاتفۆڕمی بڵاوكردنەوەی بەرهەمە میدیایەكانمانە لە كاتژمێر 4:5 خولەكی بەیانی هاكراو هاكەرەكان لەرێگەی چەند ئەدمینێكەوە 36 پۆستيان بڵاوكردۆتەوە كەسەرجەمیان لە هێڵی سوری ستانداردەكانی فەیسبوكن وەك وێنەی تیرۆر و داعش،نازیزم و هیتلەر،سەربڕین، پۆستی ئابڕوبەرانەی سێكسی،كە تەنها یەك پۆستی لەو جۆرە بەسە بۆ سوركردن و سڕینەوەی لاپەڕەكە لەلایەن فەیسبوكەوە.

لەماوەی دوو مانگی رابردوودا ئەمە سێیەمین جار و سێیەمین لاپەڕەی فەرمی دیپلۆماتیكە كە بە هەمان شێواز هاك دەكرێت.

هەموو لایەك ئاگادارن دیپلۆماتیك بەهۆی ئازایەتی و بەدواداچونە رۆژنامەوانیەكانیەوە،بۆتە یەكێك لە كاریگەرترین میدیاكانی هەرێمی كوردستان و لاپەڕەكەشی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك یەكێكە بووە لە پڕبینەرترین سۆشیال میدیاكانی كوردستان و توانای دروستكردنی رای گشتی و دروستكردنی روداوی لە ئاستێكی زۆر بەرزدابووە و هەموو لایەكیش دركی بەو راستییە كردووە.

ئێمە لە دیپلۆماتیك رایدەگەینین ئەم هێرشانە بۆسەر دیپلۆماتیك بە تیرۆری ئەلیكترۆنی دەزانین لەلایەن دەسەڵاتەوە، چونكە هەموو جارێك بەر لەوەی لەرێگەی ئەلیكترۆنییەوە پەلامارمان بدەن هێرشەكانیان و پەیامەكانیان بەراستەوخۆیی ناردووە.

هەروەها شێوازی هاكردنەكە و ئەو پۆستانەی دایدەنێن دەریدەخات كە كاری دەزگایەكی ئەمنی خاوەن توانای تەكنیكی بێت و بەشێوەیەكی رێكخراو چەند پۆستێك دەكەن كە ئامانجیان هێنانی سزایە بۆسەر پەیجەكە و كوشتنی لاپەڕەكەیە بۆ ئەوەی بەهۆی ئەو سزایانەوە نەگات بەخەڵك.
هەرچەندە لاپەڕەكە لەئێستادا لەبەردەستی خۆماندایە بەڵام چیتر كەڵكی كاركردنی تێدا نەماوە بەو هەموو سزایەوە كە هێنراوەتە سەری.

ئێمە بەم هێرشانە نەكۆڵ دەدەین و نە دەوەستین، دڵنیاین ئەم كارانەی بەرامبەرمان دەكرێت زیاتر دەیسەلمێنێت لەسەر هێڵی نیشتیمانی بەرگری لە مافەكانی خەڵكین.

هەزار جاری دیكە هاكمان بكەن و روبەڕوی هێرش و پەلامارتان ببینەوە.نە كۆڵ دەدەین نە تەسلیمتان دەبین،نە لە بویری و پیشەیبونمان كەمدەكاتەوە.


دامەزراوەی میدیای دیپلۆماتیك
١١/٦/٢٠٢٢


PM:02:07:11/06/2022




ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌