لە مانگێکدا هەزار و 608 کەس سەردانی کتێبخانە گشتییه‌كانی سنووری سلێمانیان کردووە




میترۆ, K24

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند، مانگی رابردوو، هەزار و 608 کەس سەردانی 26 کتێبخانەی گشتیی سنووری پارێزگای سلێمانییان کردووە و هەزار و 127 کتێبیان بۆ خوێندنه‌وه‌ داواکردووە.

كتێبخانە گشتییەکانی پارێزگای سلێمانی، کە سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ (5ی تەممووز/ یۆلیۆی 2022) ئاشكرای كرد، مانگی حوزەیرانی رابردوو، هەزار و 608 کەس سەردانی 26 کتێبخانەی گشتیی سنوورەکەیان کردووە، کە 945 کەسیان لە رەگەزی نێر و 663 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون، لەکۆی ژمارەی ئەو کەسانەی چوونەتە کتێبخانەکان، هەزار و 127 داواکاری کتێب هەبووە.

بەگوێرەی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2020 ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی، بە دوو ملیۆن و 270 هەزار کەس خەمڵاندوووە، ژمارەی ئه‌و کەسانەی چوونەتە کتێبخانەکان، دەکاتە رێژەی 0.07%ی سەرجەم دانیشتوانی پارێزگاکە.

لە بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانە گشتییەکانی پارێزگای سلێمانی، مانگی رابردوو 84 کتێب ژمارەی سپاردنیان پێدراوە و چەند چالاکییەک بۆ منداڵان و پێشبڕکێی کتێب خوێندنەوە ئەنجامدراوە، کە بریتی بوون لە کردنەوەی خولی فێربوونی زمانەکان و وۆرکشۆپ.

لە ساڵی 1944دا بۆیەکەمجار کتێبخانەی گشتیی سلێمانی دامەزرێندراوە، لە 76 ساڵی رابردوودا، چەند جارێک شوێنی کتێبخانەکە گۆڕدراوە، ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کتێبخانەکانی سلێمانی 26 کتێبخانەی لە ناوچە جیاوازەکاندا هەیە، کە بریتین لە کتێبخانەی گشتیی (سلێمانی، بەکرەجۆ، بەرزنجە، خدران، سەیدسادق، چەمچەماڵ، سەنگاو، قەرەهەنجیر، دوبز، شۆڕش، ئاغجەلەر، گۆپتەپە، تەکیە، قەرەداغ، دەربەندیخان، دووکان، پیرەمەگرون، شارەزوور، بازیان، چوارتا، ماوەت، عەربەت، وارماوە، پێنجوێن، باباگوڕگوڕ و لەیلان)، کە ئەم کتێبخانانە سەدان هەزار کتێب و سەرچاوەی زانستیان تێیدایە.

لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و سەرهەڵدانی کۆمپیوتەر و تەلەفۆنی زیرەک (سمارت فۆن)، خوێندنەوەی هاووڵاتیان بەڕێژەیەکی زۆر لە کتێبەوە گواسترایەوە بۆ ئەو ئامێرانە، بۆیە بەکارهێنانی کتێب بۆ خوێندنەوە کەمبووەتەوە، زیاتر ئەو بابەتانە دەخوێندرێنەوە، کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێنەوە، ئەو بابەتانەش کەمتر لە رووی زانستییەوە پەسەند دەکرێن.



AM:11:47:05/07/2022




ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌