رۆژانە زیاتر لە 30%ـی ئاوی خاوێنی هەرێمی کوردستان بەفیڕۆ دەدرێت




میترۆ, K24

پێویستی تاک لە هەرێمی کوردستان بە ئاوی سازگار رۆژانە نزیکەی 250 لیتر ئاوە و 30% تاوەکو 40%ـی ئاوی سازگاری هەرێمی کوردستانیش بەفیڕۆ دەدرێت.
 
ئاری ئەحمەد، گوتەبێژی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 5-7-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی ستانداردەکانی وڵاتانی ناوچەکە، پێداویستی تاک بۆ ئاوی سازگاز رۆژانە 250 لیترە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 300 لیتر ئاوی سازگار بۆ هاووڵاتییان دابینکراوە." 
 
لە هەرێمی کوردستان رۆژانە 2 ملیۆن و 600 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بەرهەم دەهێندرێت؛ ئاری ئەحمەد دەڵێت: "بەگوێرەی دابەشکارییەکانی ئێمە بێت هەرتاکێک 330 لیتر بۆ 370 لیتر ئاوی بۆ دابیندەکرێت؛ ئەمەش لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە." 
 
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی داتاکانی بەردەستی ئەوان رۆژانە هەر تاکێک 30% بۆ 40%ـی ئاوی سازگاری دابینکراو بەفیڕۆ دەدات.  
 
بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانیش دەڵێت، رۆژانە لە سنوورەکەیان نزیکەی 50 لیتر ئاوی خاوێن لەلایەن هەر تاکێکەوە بەفیڕۆ دەدرێت؛ ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی ستانداردەکان، هەر هاووڵاتییەک رۆژانە 250 لیتر ئاوی پێویستە، بەڵام لە سنووری ئێمە هەر هاووڵاتییەک تێکڕا 290 بۆ 300 لیتر بەکاردەهێنێت. رۆژانەش لەلایەن هەر تاکێکەوە 30 بۆ 50 لیتر ئاوی سازگار بەفیڕۆ دەدرێت." 
 
بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان کە رۆژی سێشەممە 5ـی تەممووز بڵاویکردووەتەوە، لە پێنج مانگی ئەمساڵدا خەرجییەكانی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ئاوی خاوێن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 45 ملیار دینار بووە و داهاتیش زیاتر بووە لە 21 ملیار دینار.



AM:11:02:06/07/2022




ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌