د.رێواز فایەق: چاودێری جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە دەکەین کە تایبەتن بە پاراستنی ژینگە




میترۆ, خەندان

د.رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان راسپاردەکانی دیبەیتی بەدیلی تایبەت بە ژینگە وەرگرت و رایگەیاند، بەڵێنی دەدات کە بە وردی لە سەرجەم راسپاردەکان دەکۆڵێتەوە و لیژنە تایبەتمەندەکان رادەسپێرێت بۆ کارکردنی زیاتر لەسەر پاراستنی ژینگە و گرنگیدان بەو بوارە کە خزمەت بەهەموان دەگەیەنێت، لە ماوەی رابردوشدا یەکێک لەو گۆڕانکاریانەی کردویانە بۆ دەستەی ژینگە پێدانی دەسەڵاتی زیاترە بەو دەستەیە بۆ کارکردن لەسەر بەرەنگاربونەوەی پێشێلکاریەکان بەرامبەر ژینگەی کوردستان.

رێکخراوی بەدیل ئەمڕۆ سێشەممە لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، بەیانی ئەمڕۆ لەباڵەخانەی پارلەمان و لە دیوانی سەرۆکایەتی، نوێنەرانی رێکخراوی بەدیل سەردانی د.ڕێواس فایق، سەرۆکی پەرلەمانیان کرد و لەو دیدارەدا پێیان راگەیاند  وەک ئاگادارن لە هەرێمی کوردستاندا یاسای گونجاو بۆ پاراستنی ژینگە هەیە و دامەزراوەی تایبەتی حکومیش بۆ ئەو مەبەستە کاردەکەن، داواکارن لە پەرلەمان بەوردی چاودیری جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە بکەن کە پێشیلکاری زۆر دەکرێت بەرامبەر ژینگەی کوردستان و ئەوەش کاریگەری لەسەر ئایندەی هەموان هەیە. پارلەمانی کوردستان دەتوانێت رۆڵیکی چالاک ببینێت لەچاودیریکردنی کەرتی تایبەت و فەرمانگەکانی حکومەت لەکاتی پێدانی رەزامەندی ژینگەیی بە پرۆژەکان.

ئەوەش هاتوە، رێکخراوی بەدیل پاش گفتوگۆیەکی دورودریژ و راوێژ بە پسپۆڕانی ژینگە و فەرمانگە حکومیەکانی تایبەت بە ژینگە و رێکخراوەکانی ژینگە پارێز گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی ژمارەیەک راسپاردە بنوسێت بۆ پاراستنی ژینگە وبەرگرتن لەو پێشێلکاریانەی دەکرێن، هەربۆیە خوازیارە سەرۆکی پارلەمانی کوردستان وەک بەرزترین پۆستی یاسادانان و چاودێری ئەو لایەنانە راسپێرن کە دەتوانن بەرگریکاربن لە ژینگە.

پەیوەست جیاکاریش لە سزادانی ئەوانەی پێشێلکاری ژینگەیی دەکەن، رێکخراوی بەدیل ئاماژە بەوە دەکات، ئومێدەوارن یاساو رێنماییە ژینگەییەکان جێبەجێ بکرێن و رێگە نەدرێت بە هەڵاوێردکردنی هیچ خاوەن پرۆژەو سەرپێچیکارێکی ژینگەیی.



AM:11:06:06/07/2022




ئه‌م بابه‌ته 488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌