هۆکارەکانی زیادبوونی کوشتن لە هەرێمی کوردستان




میترۆ, VOA

حاڵەتەکانی کوشتن لە هەرێمی کوردستان خەریکە سەردەکێشن بۆ دیاردە، شارەزایانیش هەڵکشانی حاڵەتەکانی کوشتن لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێننەوە بۆ زۆری چەکی بێ مۆڵەت و نەبوونی هۆشیاری پێویست و لێکترازانی کۆمەڵایەتی لەناو خێزانەکاندا.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، تەنها لە شەش مانگی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان 56کەس کوژراون، لەو ژمارەیەش بەگوێرەی ئاماری پۆلیس، 22 حاڵەتیان لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراون، بەڵام ئاماری پارێزگاکانی دیکە تائێستا بڵاونەکراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام دیاردەکە ڕوو لە هەڵکشان دەکات.

بە بڕوای توێژەران، نزمی ئاستی هۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگا و بوونی چەکێکی زۆر لەدەست هاوڵاتیاندا، لەگەڵ ئەوەشدا نەبوونی متمانە با یاساو دادگاکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتنن.

هەستیار عەلی توێژەی دەروونی پێوایە، حاڵەتەکانی کوشتن لە هەرێمی کوردستان دۆخی ئاسایی تێپەڕاندووە و پێویستی بە هەنگاوی بەپەلەیە بۆ چارەسەرکردنی.

قسەی "نزمی ئاستی هۆشیاری بەشێکی زۆری تاکەکانی کۆمەڵگا، شارەزا نەبوونی زمانی دیالۆگ، بوونی چەکێکی زۆر لە دەستی هاوڵاتی ئاسایی و فەرمانبەری دەوڵەتدا، هۆکارێکی بەهێزە بۆ ئەنجامدانی کوشتن، نەبوونی متماتەی هاوڵاتی بە یاساو دادگاکان، هەوبوونی جیاوازی چینایەتی لە نێوان دەسەڵاتداران و هاوڵاتی، تێنەگەشتن لە چارەسەر کردنی کێشەکان، هەبوونی کلێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە نێوان کۆمەڵگادا، خراپی باری دارایی و لێکترازانی خێزانەکان، بێجگە لە هۆکارە خودییەکان، نەبوونی پەروەردەی دروست،"

هەرچەندە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022دا یاسای بەکارهێنانی چەکی هەموار کردەوە و بەپێی یاساکەش پێویستە بەکارهێنانی چەک تەنها بە مۆڵەت بێت و پێدانی مۆڵەتی چەکیش بە مەرج بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا یاساکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

گوڵستان سەعید، جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش پێوایە، لە پاڵ ئەو هۆکارانەی کە پاڵنەرن بۆ زۆربوونی دیاردەی کوشتن، جێبەجێ نەکردنی ئەو یاسایە و زۆری چەکیش لە بازاڕدا هۆکارێکی دیکەیە بۆ زیادبوونی کوشتن.

'' هۆکار گەلێکن بۆ دیاردەی کوشتن و زیادبوونی ڕێژەکەی، یەکێک لەو دیاردانەی کە کوشتن زیادی کردووە، نا سەربۆخۆیی دادگاکانە، دادگاکان سەربەخۆ نین، وە زۆری چەک لەبەردەستی هاوڵاتیان، هەروەها لێنەپرسینەوە لەو بازاڕانەی بە نایاسایی چەک دەفرۆشن، جگە لەوەی لە پەرلەمان یاسایەکمان دەرکردووە، بەناوی یاسای چەک تا ئێستا ئەم یاسایە جێبەجێ نەکراوە، لە پاڵیدا مامەڵەی خراپی میدیا بینراو و بیستراو بەرامبەر ئەو دیاردانەی ڕوودەدەن، جگە لە قەیرانی پەروەردە."

بەوتەی گوڵستان سەعید، ئەمساڵ زۆرترین حاڵەتەکانی کوشتن لە پارێزگای هەولێر و کەمترینشیان لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمار کراون.

"ڕێژەی کوشتتن لە شارێک بۆ شارێکی تر جیاوازە، ئەوەی تا ئێستا ڕێژەی کوشتن تیایدا سفرە، پارێزگای هەڵەبجە و دەوروبەریەتی، کە مایەی خۆشحاڵیە ڕێز لە مرۆڤ دەگیرێت و هیچ دیاردەیەکی کوشتن نیە یەکەم شار هەولێرە دوەەم دهۆک و سێیەم شاری سلێمانییە، لە هەریەکێکیان بێت بۆ من جیاوازی نیە. دیاردەکە نەخوازراوە مرۆڤایەتی دەخاتە بەردەم مەترسیەکی گەورە، کوردستانیش لە ڕووی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی کۆمەڵگەوە دەخاتە بەردەم مەترسی گەورە."

جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات، کە ئەرکی حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانە ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی کوشتن.

" ئەرکی هەمولایەکە کە توندووتیژی نەهێڵن ئەو یاسایەی پەرلەمان دەری کرد کە یاسای چەکە ئەرکی حکومەتە جێبەجێی بکات، وە لە ڕووی پەروەردەییەوە تاک ئاڕاستە بکات، تاک تاک پاک بکرێتەوە لە دیاردەی کوشتن، بەڕای من ئەرکی حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانە بە دەرەجەی یەکەم، ئەو هۆکارانەی بۆتە هۆی زیاد بوونی کوشتن، ئەو هۆکارانە چارەسەر بکەن میدیا ڕێک بخەنەوە، هەر میدیایەک دیاردەی کوشتن زەق نەکاتەوە بەسەر میدیایەکی تردا، ئەگەر هێزەکان نیزامی بن چەک لەشوێنی کار بەجێ بهێڵن نەیبەنەوە ماڵەکان دیاردەی کوشتن نامێنێت بێجگە لەوەی بازاڕی چەک دابخرێت."

بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، هەرکەسێک بە ئەنقەست کەسێکی دیکە بکوژێت، ئەوا سزای زیندانییکردنی هەتاهەتایی یاخود لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێندرێت، بەڵام بە وتەی شارەزایان، جێبەجێ نەکردنی یاساکان وایکردووە، بەردەوام تاوانی کوشتن لە هەڵکشاندابێت.



AM:11:17:06/07/2022




ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌