چیرۆکی کوژرانی دوو هاوژینەکەی هەولێر بە چەقۆ




ميترو, روداوو 

سەرلەبەیانیی رۆژی هەینی لە کۆمەڵگەی شاوێس و لە سانا سیتی، پیاوێک بە چەقۆ ژنەکەی دەکوژێت و دواتر خۆیشی دەکوژێت، دوای هەشت کاژێر لە رووداوەکە، خەڵک و پۆلیس چوونە شوێنی رووداوەکە و تەرمەکانیان بینی. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، پیاوەکە 19 چەقۆی لە هاوژینەکەی داوە.
 
بەگوتەی دراوسێکانی ئەو ماڵە بێت، نیهاد سەعید مستەفا لەدایکبووی 1969، پیاوێکی کەمدوو بووە و سەلەفی بووە، ژنەکەش  ئیخڵاس فازیل خورشید لەدایکبووی 1972 بووە و لە قوتابخانەی فاتیمە زەهرای بنەڕەتی مامۆستا بووە.
 
نەبەز خالید، دراوسێی ئەو دوو هاوژینە بە رووداوی گوت: "باسیانکرد کە ئەو ژن و پیاوە کوژراون، بەس ناوە ناوە سەلاممان هەبوو، پیاوێکی بەڕێز و فەقیر بوو."
 
جەمال محەممەد، دراوسێیەکی دیکەی نیهاد و ئیخلاسە و باسی لەوە کرد: "نازانم لایەنی دینی چۆن بوو، بەڵام ریشێکی هەبوو دەهاتوو دەچوو، زۆر تێکەڵی خەڵک نەدەبوو."
 
سەرەتا پۆلیس وای بڵاوکردەوە کە دوو هاوژینەکە هەردووک بە چەقۆ لەیەکدییانداوە، بەڵام دواتر هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی، لێکۆڵینەوەکانیان دەریخستووە کە ژنەکە چەقۆی بەکارنەهێناوە، بەڵکو پیاوەکە لەکاتی کوشتنی ژنەکەی، بەهەڵە چەقۆیەک بەر قاچی دەکەوێت و بەهۆی خوێنبەربوونەوە گیانی لەدەستداوە. 
 
کەسوکاری ژنە کوژراوەکە باس لەوە دەکەن کە ئەو پیاوە چەند جارێکی دیکە ویستوویەتی هاوژینەکەی خۆی بکوژێت.
 
خوشکەزای ئیخلاس کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە و لە کامێرا دەربکەوێت، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "ئەو خانووەی کە تێیدابوون هی پوورمە، پارە و سەیارەکان هی پوورمە، ئەو کابرایە زۆر چووبووە ناو دین و نەماندەتوانی هاتووچۆی ماڵی پوورم بکەین و پێش چوار مانگ لێی زیز بوو و گوتی: لێی جیادەبمەوە. پێش ئەوەی زەواجیش بکات سەرپۆش بوو."
 
نیهاد و ئیخلاس کچێکی تەمەن 17 ساڵیان جێهێشت، کە لە قۆناخی 11ـی ئامادەیی خوێندکارە، پۆلیس و پزیشکی داد ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە کە ئیخلاس شوێنی 19 چەقۆ بە جەستەیەوە بووە.


PM:12:16:16/07/2022




ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌