ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی یاسای هەڵبژاردن چییە؟



ميترۆ,رووداو 

پارتی دەڵێت، لەسەر خاڵە ناکۆکەکانی هەڵبژاردن ئامادەی گفتوگۆن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە؛ یەکێتی پێیوایە، یاسای هەڵبژاردن دەبێت بە سازانی لایەنەکان هەمواربکرێتەوە؛ گۆڕان داوا دەکات، هەرێمی کوردستان بکرێتە هەشت بازنەی هەڵبژاردن؛ کۆمەڵی دادگەریی داوای تۆمارێکی نوێی دەنگدان دەکات و یەکگرتووش دەڵێت، با پێکهاتەکان تۆماری تایبەتی خۆیان هەبێت.
 
ئەمڕۆ دوو مانگ دەمێنێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی ئەوکاتەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردبوو، بەڵام ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان وایکرد کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان رایبگەیێنێت ناتوانێت لەو کاتەیدا دیاریکراوە هەڵبژاردن ئەنجامبدات و چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەرسومێک رۆژێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکات.
 
یەک بازنەیی و فرەبازنەیی
 
پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، دەرفەت هەیە خاڵە ناکۆکەکان بە گفتوگۆ چارەسەربکرێن. پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رۆژی سێشەممە 9-8-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە چەند جارێک دەستپێشخەرییمان هەبووە و لایەنەکان بە جیدی نەهاتوونەتەوە پێشەوە. هەرکاتێک کۆمیسیۆن کارا کرایەوە، ئەوکاتە گفتوگۆش لەسەر بازنەکان دەکەین." 
 
یەکێتی نیشتمانی کوردستان نایشارێتەوە کە جیاوازییان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە لەسەر یاسای هەڵبژاردن. زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە پڕۆژەیەکمان داوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان و تێیدا ئاماژەمان بەوەداوە کە لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن بە چوار بازنە بەڕێوەبچێت، بەڵام دەمانەوێت کۆی خاڵەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین. یاسای هەڵبژاردن رەهەندێکی نیشتمانی هەیە و پێویستە هەموو لایەنەکان پێکەوە سازانی لەسەربکەن." 
 
بزووتنەوەی گۆڕان داواکاریی جیاوازتری هەیە. جەلال محەممەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رۆژی سێشەممە 9-8-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە پڕۆژەکەی خۆماندا داوامان کردووە کە هەرێمی کوردستان بکرێتە هەشت بازنەی هەڵبژاردن." 
 
ئیسماعیل سگێری، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووش لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە داوای حیزبەکەی بۆ شیوازی هەڵبژاردن رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ ئەوەداین هەرێمی کوردستان بکرێتە چوار بازنە و هەر بازنەیەک بۆ پارێزگایەک؛ ئەوکاتە خەڵک دەنگ بە خەڵکی سنووری پارێزگاکەی خۆی دەدات." 
 
هەرچی کۆمەڵی دادگەریشە داوا دەکات دەکات فرە بازنەیی بێت. عومەر گوڵپی، ئەندامی فراکسیۆنەکە رۆژی سێشەممە بە رووداوی گوت: "فرە بازنەیی بۆ هەرێمی کوردستان باشە و بەشێکیشە لە دیموکراسییەت".
 
کورسی پێکهاتەکان و تۆماری دەنگدەران 
 
پێشەوا هەورامانی دەڵێت: "دەستکاریکردنی کورسی و شێوەی بەشداریی پێکهاتەکان بۆ ئێمە قبووڵکراو نییە و دەبێت وەک خۆی بمێنێتەوە، بەڵام تۆماری دەنگدەران تۆماری هەرێمی کوردستان یان تۆماری عێراق بێت بۆ ئێمە جیاوازی نییە." 
 
لە بەرامبەردا، زیاد جەبار گوتی، یەکێتی داوا دەکات پێکهاتەکان دابەشی سەر پارێزگاکان بکرێن و لە پارێزگاکانەوە دەنگیان لەسەر بدرێت و هەر پارێزگایەک نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت؛ گوتیشی: "ئێمە داوامان ئەوەیە تۆماری دەنگدەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەکاربهێندرێت." 
 
پەرلەمانتارەکەی گۆڕانیش گوتی: "گرنگە پێکهاتەکان تۆمارێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت. ژمارەی کورسی و شێوازی دەنگدانیان وەک خۆی بمێنێتەوە، بەڵام تەنیا خۆیان بتوانن دەنگ بەخۆیان بدەن." گوتیشی: "تۆماری دەنگدەرانیش گرنگ نییە تۆماری عێراق بێت یان هەرێمی کوردستان، بەلای ئێمەوە ئەوەی گرنگە ئەوەیە تۆمارێکی پاک و خاوێن بێت." 
 
هاوکات، ئیسماعیل سگێری، پەرلەمانتاری یەکگرتوو گوتی: "گرفت نییە ئەگەر پێکهاتەکان 11 کورسییان هەبێت، ئەوەی گرنگە تۆماری تایبەت بە خۆیان هەبێت و خۆیان دەنگ بە خۆیان بدەن. ئێمە لەگەڵ ئەوەداین تۆماری دەنگدەرانی عێراق بەکاربهێندرێت." 
 
هەروەها عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری کۆمەڵ گوتی: "بۆ پێکهاتەکان ئێمە دوو داوامان هەیە؛ یەکەم تۆماری خۆیان بێت و خۆیان دەنگ بە خۆیان بدەن. دووەمیش ئەوەیە کورسی پێکهاتەکان دابەشی سەر بازنەکان بکرێن. هەروەها لەگەڵ تۆماری دەنگدەرانی عێراقداین، چونکە نزیکەی 500 هەزار دەنگی جیاوازە لەگەڵ تۆمارەکەی هەرێمی کوردستاندا." 
 
پێکهاتەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن 
 
پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بۆ ئەوان جیاوازی نییە کە ئەم کۆمیسیۆنە هەڵبوەشێندرێتەوە یان کارا بکرێتەوە. پێشەوا هەروامانی دەڵێت: "پێکهاتەی کۆمیسیۆن گۆڕانکاری تێدا بکرێت یان وەکو خۆی بمێنێتەوە بۆ ئێمە جیاوازی نییە و ئامادەین گفتوگۆی لەسەر بکەین." 
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی پێیوایە، جگە لە ناکۆکییەکان، خاڵی هاوبەشی نێوان لایەنەکانیش هەیە و گوتیشی، لەسەر ئەوخاڵانەی ناکۆکیی هەن دەتوانین بە گفتوگۆ چارەسەری بکەن.
 
جەلال محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێت: "کۆمیسیۆن ماوەکەی بەسەرچووە. لەگەڵ ئەوەداین هەمان کۆمیسیۆن لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەنگی پێبدرێتەوە و کارابکرێنەوە." 
 
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش لەگەڵ مانەوەی ئەم کۆمیسیۆنەی ئێستادایە؛ پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو گوتی: "ئەگەر کێشەیەک هەبێت لەم کۆمیسیۆنە دەتوانین چارەسەری بکەین و بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کارابکرێتەوە." 
 
سەبارەت بە پێکهاتەی ئێستای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، عومەر گوڵپی گوتی: "ئەگەر کۆمیسیۆنێک دروستبکرێت کە دادوەرانی سەربەخۆ بەڕێوەی ببەن، بێگومان لەگەڵ ئەوەداین، بەڵام لە نەبوونی ئەوەدا کۆمیسیۆنی ئیستامان پێ خراپ نییە کە نوێنەرایەتی حیزبەکان دەکات." 
 
سەبارەت بە هۆکارەکانی دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەو کاتەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کردبوو؛ پێشەوا هەورامانی گوتی: "هەندێک لایەن مەرجی قورسی زۆریان دانا بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دوابخرێت و پێم وایە ئامانجیشیان پێکاوە و تازە لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردنی پەرلەمان ناکرێت؛ هەروەها لیستی نوێ لە سنووری سلێمانی دروستدەکرێت و ئەوەش هەندێک لایەن لێی دەترسن."   



PM:02:53:10/08/2022




ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌