ڕێکخراوی CPJ بە توندی ڕەخنە دەگرێت لە شێوازی مامەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕۆژنامەوانان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن




میترۆ,dengiamerika

لیژنەی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان CPJ ڕۆژی سێشەممە 9 ی مانگی هەشتی ساڵی 2022 رایگەیاند؛ پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردستانی عێراق دەستبەجێ دەستبەسەرکردن و هەراسانکردنی رۆژنامەنووسان و کارمەندانی راگەیاندن رابگرن و رێگەیان پێبدەن بە ئازادی و سەلامەتی راپۆرت لەسەر نائارامی سیاسی بڵاوبکەنەوە.

هێزه‌ ئه‌منییه‌کان بڵاوە بە خۆپیشاندانێک دەکەن کە له‌ لایه‌ن جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێوە که‌ پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی کورده‌ بانگەشەی بۆ کرابوو‌ له‌ شاری سلێمانی له‌ 6 ی مانگی هەشتی ساڵی 2022.

بەپێی چەندین راپۆرتە هەواڵ و گروپە ناوخۆییەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری وەک سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، سەنتەری میترۆ بۆ مافی ڕۆژنامەنوسان و داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان و کۆمەڵەی داکۆکیکاران لە ئازادی ڕۆژنامەگەری لە عێراق، هەروەها چەند ڕۆژنامەنوسێکی دیار کە قسەیان لەگەڵ کۆمیتەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنوسان CPJدا کردووە، لە رۆژانی 5 و 6ی مانگی هەشتدا هێزە ئەمنییەکانی ئاسایش لە چەند شوێنێکی کوردستانی عێراق دەستیان وەرداوە لە کاری لانی کەم 20 رۆژنامەنووس و کارمەندی راگەیاندن بە دەستبەسەرکردن و هەراسانکردن و هەڵکوتانە سەر و داخستنی لانی کەم یەک دەزگای راگەیاند..

بەپێی ئەو سەرچاوانە، سەرجەم ئەو ڕۆژنامەنوسانە تەنها ڕووماڵیان کردووە یان ئامادەکارییان کردووە بۆ ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی 6 ی مانگی هەشت کە لەلایەن پارتێکی ئۆپۆزسیۆنەوە بەناوی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە سازکرابوو سەبارەت بە ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە باج و نرخی سووتەمەنی و دەرفەتی دامەزراندن.

شەریف مەنسور ڕێکخەری بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکای کۆمیتەی داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان CPJ لە واشنتۆن ڕایگەیاند "دەسەڵاتداران لە کوردستانی عێراق بە دەستبەسەرکردن و هەراسانکردنی پەیامنێران و کارمەندانی ڕاگەیاندن گەیشتوونەتە نزمترین ئاستێکی نوێی پێشلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەگەری ئازاد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ناوچەکەدا بەڵام ئێستاکە ناوچەکە ئەنجامدەری سەرەکی پێشێلکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەرییە."

بەپێی راپۆرتی پەخشەکە، رۆژی هەینی 5ی مانگی هەشت رۆژێک بەر خۆپیشاندانەکان، هێزە ئەمنییەکان نایف گۆران و بڕیار نێروەیی پەیامنێری کەناڵی ئێن ئاڕ تییان لە بەردەم نووسینگەی کەناڵەکە لە شاری دهۆک دەستبەسەر کردووە، نایف گۆران کە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ CPJ کرد ڕایگەیاند کە "هێزە ئەمنییەکان هیچ هۆکارێکی یاسایییان پێڕانەگایندووین لە پشت دەستگیرکردنمانەوە" و ئەو دوو کەسە دوای 27 کاتژمێر لە دەستبەسەرکردنیان بەبێ تۆمەت بە کەفالەت ئازادکراون. نایف گۆران باسی لەوەشکرد، هێزەکان دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانی فەرمانگەکەدا گرتووە کە بریتین لە پێنج کامێرا، دوو باکسی لایڤستریم، پێنج مایکرۆفۆن، دوو ترایپاد، کە هەموویان لەکاتی ئازادکردنی رۆژنامەنووسەکاندا گەڕێندراونەتەوە.

کەناڵی ئێن ئاڕ تی بازرگانێکی کورد خاوەندارێتی دەکات بەناوی شاسوار عەبدولواحیدەوە کە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە، ئەو کەسایەتییە داوای کرد خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام بدرێت.

رۆژی شەممە 6 ی مانگی هەشت هێزەکانی ئاسایش هەڵیانکوتایە سەر ماڵپەری تایبەت و ئۆفیسی دەزگای تەلەفزیۆنی راست میدیا لە شاری دهۆک و بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێک بخەنەڕوو، دایانخستووە. بەپێی پۆستی دەزگاکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و ئومێد بەرۆشکی بەڕێوەبەری راست نیوز کە بە تەلەفون قسەیان لەگەڵ CPJکردووە. بەرۆشکی بە CPJی ڕاگەیاندووە "هەموو ڕێکارە یاساییەکانمان تەواو کردووە بۆ ئەوەی وەک دەزگایەکی میدیایی ئازادانە کار بکەین، بەڵام داوایان لێکردین بە هەر شێوەیەک بێت دایبخەین و بگەڕێینەوە ماڵەوە." تا 9 ی مانگی هەشت نوسینگەکە بە داخراویی ماوەتەوە.

هەمان ڕۆژ کاتژمێر 10:00ی سەرلەبەیانی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان پێنج کارمەندی هێزەکانی ئاسایش بە جلی مەدەنییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەیوب عەلی وەرتێ پەیامنێری پەخشی تۆڕی هەواڵی کورد کە سەر بە پارتێکی ئۆپۆزسیۆنە بە ناوی گۆڕانەوە؛ ئەو ڕۆژنامەنووسەیان دەستبەسەر کردووە، بەپێی وتەی وەرتێ کە لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ CPJ قسەی کردووە و لە فەیسبووکدا لەبارەی ڕووداوەکەوە بڵاوکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە؛ ئەفسەرەکان لەگەڵیدا بوون و گەیاندویانەتە بارەگای ئاسایش بۆ لێکۆڵینەوە بەر لەوەی نیوەشەو ئازادی بکەن. وەرتی ئاماژەی بەوەشکردووە بە شێوەیەکی زارەکی سووکایەتی پێکراوە، بەڵام وردەکارییەکانی ئەو سووکایەتییانەی نەخستووەتەڕوو.

هەروەها وتیشی "لە میانەی لێکۆڵینەوەکاندا پێیان وتم ئەگەر بمەوێت وەک رۆژنامەنوسێکی رەخنەگر بژیم، هەولێر شوێنێکی گونجاو نییە". ئاماژەی بەوەشکردووە کە بە ناچاری واژۆی لەسەر کاغەزێکی سپی کردووە بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانێت و پێیان وتووە کە ئەو کاغەزە "دەتوانێت بۆ ماوەی 300 ساڵ بمخاتە زیندانەوە". کاتێک بەبێ ئاڕاستەکردنی هیچ تۆمەتێک ئازادکراوە، وەرتی وتی ئەفسەرەکان پێیان وتووە کە "بە هەڵە" دەستگیرکراوە.

هاوکات ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ شاری هه‌ولێر، په‌یامنێرانی ئێن ئاڕ تی ڕزگار کۆچه‌ر و ئومێد چۆمانی و هێرش قادر له‌لایه‌ن چەند کارمەندێکی ئاسیشەوە کە جلی مەدەنیان لەبەردابووە‌ ڕاگیراون، به‌پێی ئەو دوو گرته‌ ڤیدیۆیەی که‌ له‌ فه‌یسبووک بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ له‌ لایه‌ن کەناڵەکە و خودی هێرش قادرەوە بڵاوکراوەتەوە، هەروەها ‌ له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ به‌ کۆمیتەی داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان CPJڕاگه‌یاندووه‌ که‌ ئاسیشەکان هه‌ڵیانکوتاوتە‌ سه‌ر ماڵه‌که‌شی. هێرش قادر گوتیشی لەبەردەم ئۆفیسەکەیان دەستگیرکراون، کاتێک پرسیاریان لە ناسنامەی ئەفسەرەکان کردووە "جەختیان لەوە کردۆتەوە کە ئەوان سەر بە هێزەکانی ئاسایشن و دەبێت لەگەڵیاندا بڕۆن." وتیشی ئەفسەرەکان رۆژنامەنوسەکانیان رادەستی هێزە ئەمنییە چەکدارەکان کردووە و ئەوانیشیان خستۆتە ناو سندوقی ئۆتۆمبیلەکەیانەوە و بردویانن بۆ بارەگای ئاسایش لە هەولێر. وتیشی، پێیوایە "تەنها هۆکارەکە ئەوە بووە کە ڕێگریمان لێبکەن خۆپیشاندانەکان ڕوماڵ نەکەیەن." هێرش قادر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سێ کەسە دوای شەش کاتژمێر بەبێ ئاڕاستکردنی هیچ تۆمەتێک ئازادکراون و دوای ئەوەی ناچاربوون بەڵگەنامەکان واژۆ بکەن بەبێ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت بیخوێننەوە.

هه‌روه‌ها ڕۆژی شه‌ممه‌ به‌پێی پۆستێکی فه‌یسبووک که‌ ڕۆژنامەوان سۆران محه‌مه‌د له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووک بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، دیار محه‌مه‌د و سۆران محه‌مه‌د په‌یامنێرانی ئێن ئاڕ تی و مه‌حمود رزگاری کامێرەمانی تەلەفیزیۆنەکە له‌ کاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانێک له‌ شارۆچکه‌ی چه‌مچه‌ماڵ کە سەر بە‌ پارێزگای سلێمانیە، له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ ده‌ستگیر کراون، هاوکات بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ CPJ کردووە. سۆران محەمەد بە CPJی راگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر کامێرای تیمەکەیاندا گرتووە، فەرمانیان بە رۆژنامەنوسەکان کردووە لەگەڵیاندا بڕۆن بۆ بارەگاکەیان لە شارەکە، دەستیشیان بەسەر ئامێرەکانیاندا گرتووە کە دوو کامێرا و تڕایپاد و دوو مایکرۆفۆنی تێدابووە. وتیشی؛ ئەفسەرەکان بە رۆژنامەنوسەکانیان راگەیاندووە، تا بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکان بە دەستبەسەرکراوی دەمێننەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەو سێ رۆژنامەوانە دوای سێ کاتژمێر بەبێ ئاڕاستەکردنی هیچ تۆمەتێک ئازادکراون، بەڵام ئەفسەرەکان تا یەکشەممە ئامێرەکانیان لەلای خۆیان هێشتۆتەوە.

هه‌مان رۆژ له‌ شاری سلێمانی، تیمێک له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی هه‌واڵی سه‌ربه‌خۆی وێستگه‌ نیوز، که‌ پێکهاتبوون له‌ سه‌رنووسه‌ر و خاوه‌نی دامەزراوەکە سیروان غه‌ریب و فۆتۆگرافه‌ر زانیار مه‌ریوان و دەستەی نوسەران هێڤار هیوا و ئه‌رکان جه‌بار، تێکڕا له‌ کاتی رووماڵکردنی خۆپیشاندانه‌کان له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ ده‌ستگیر کراون، بەپێی بەیاننامەیەکی وێستگە نیوز و لێدوانەکانی سیروان غەریب کە لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە قسەی لەگەڵ CPJ کردووە. له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا وێستگه‌ نیوز رایگه‌یاند کە "تیمه‌که‌ بۆ رووماڵکردنی خۆپیشاندانه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی بێ لایه‌ن و پیشه‌یی له‌وێ بوون، ده‌ستگیرکردنیان دژی یاسا و ئازادی رۆژنامه‌گه‌رییه‌." سیروان غەریب وتیشی تیمەکە نزیکەی چوار کاتژمێر دەستبەسەرکراون بەر لەوەی دواتر بەبێ ئاڕاستەکردنی هیچ تۆمەتێک لە دژیان ئازاد بکرێن.

هەر لە شاری سلێمانی ژیلیا عەلی بە CPJی راگەیاندووە کە رۆژی شەممە لە هەمان شار، ژیلیا عەلی، پەیامنێری کەناڵی تەلەفزیۆنی ئینتەرنێتی تایبەت و ماڵپەڕی هەواڵی دیپلۆماتیک، لەگەڵ ئەژی عەبدولقادر کامێرامانی دەزگاکە دەستگیرکراوە لەو ساتەوەختەی کە لە تاکسی دابەزیون و هەر کە گەیشتونتە شوینکە بۆ رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکە دەستبەجێ ئەو دوو کەسە دەستگیرکراون و هێنراونەتە بارەگای ئاسایش بە مەبەستی "رێگریکردن لە رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان". ژیلیا عەلی بە CPJی راگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە، دوای ئەوەی دوای دوو کاتژمێر خۆی و وێنەگرەکە بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکیان ئاڕاستە بکرێت ئازاد دەکرێن و هاوکات مۆبایلەکانیان بۆ گەڕاندوونەتەوە.

هه‌روه‌ها ڕۆژی شه‌ممه‌ هه‌ردی عوسمان په‌یامنێری ماڵپه‌ڕی سه‌ربه‌خۆی پەرەگراف بۆ ماوه‌ی پێنج کاتژمێر ده‌ستگیرکراوە له‌ کاتێکدا که‌ ویستبووی ڕووماڵی خۆپیشاندانه‌کانی شاری سلێمانی بکات، به‌پێی تویتێکی خاوه‌نکاره‌که‌ی و ئه‌و په‌یامنێره‌ی که‌ له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ CPJی کردووه‌. ئەوەشی خستەڕوو ئەو هێزانە بەر لەوەی بیگوازنەوە بۆ بەشێک لە زیندانی کانی گۆمە، بردوویانەتە بارەگای ئاسایش.

هەروەها وتیشی هێزەکان دەستیان بەسەر ئامێرەکانیدا گرتووە، لەوانە مۆبایلەکەی و مایکرۆفۆنەکەی و ریکۆردەرێکی دەنگی و هاوکات ناچاریان کردووە فۆڕمێک پڕبکاتەوە کە "پرسیاری زۆر تایبەتی و کەسی" تیادا بووە- لەو بارەیەوە هیچ وردەکارییەکی نەداوە بە CPJ – دوابەدوای ئەوە بەبێ ئاڕاستەکردنی هیج تۆمەتێک و بەبێ ئەوەی ئامێرەکانی بدەنەوە ئازاد دەکرێت. ئەو وتیشی ئەمڕۆ سێشەممە ئامێرەکانی لە بارەگای ئاسایش وەرگرتووەتەوە.

هه‌روه‌ها له‌ شاری سلێمانی ڕۆژی شه‌ممه‌ ئاودێر عومەر په‌یامنێری ڤیدیۆیی بۆ ماڵپه‌ڕی هه‌واڵی ناسکورد، له‌ په‌یجی فه‌یسبووکی ماڵپه‌ڕه‌که‌ راستەوخۆ رووماڵی خۆپیشانانەکەی دە‌کرد، کاتێک دوو ئه‌ندامی هێزه‌کانی ئا‌سا‌یش ده‌ستیان به‌سه‌ر مۆبایله‌که‌دا گرت و ده‌ستیان به‌سه‌ر مۆدێمی ئینته‌رنێتی مۆبایله‌که‌یدا گرت و شکاندیان. ئەو دەڵێت "پێیان وتم بڕۆن لێرە و ناڕەزایەتییەکان ڕووماڵ مەکەن."

هه‌مان رۆژ له‌ شاری که‌لار، له‌ پارێزگای سلێمانی، محه‌مه‌د مه‌حمود، په‌یامنێری په‌خشی سه‌ربه‌خۆی رادیۆی ده‌نگ، له‌ کاتی رووماڵکردنی خۆپیشاندانێکدا له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ ده‌ستگیرکراوه‌ و بۆ ماوه‌ی 5 کاتژمێر راگیراوه‌ و دواتر به‌ بێ ئەوەی هیچ تۆمه‌تێک ئاڕاستەی بکرێت ئازاد کراوە، ئەمەش بەپێی لێدوانەکانی ڕادیۆی دەنگ و خودی محەمەد مەحمود کە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ CPJدا قسەی کردووە.

مەحموود ئەوەشی خستەڕوو کە هێزە ئەمنییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەکاتێکدا لایڤی کردووە بۆ رادیۆی دەنگ راپۆرتەکەیان پچڕاندووە و داوایان لێکردووە گرتە ڤیدیۆییەکانی بسڕێتەوە. ئەو دەڵێت کاتێک رەتیکردۆتەوە لێیانداوە بەتایبەتی لە قاچ و قۆڵیان داوە و بردویانە بۆ بارەگای ئاسایش، لەوێ داوایان لێکردووە واژۆ لەسەر کاغەزێک بکات هاوکات رێگەی پێنادەن بیخوێنێتەوە. دەرئەنجام جارێکی تر ڕەتی کردۆتەوە و ئەوانیش جارێکی تر لێیان داوە.

ڕۆژی شەممە هەر لە شاری سلێمانی خانمە ڕۆژنامەنووس سنوور کەریم و کامێرامانەکەی محەمەد ئازاد مەجید کە پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی ئەمریکان؛ ئەو دامەزراوەیەی کە لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە بودجەی بۆ دیاریکراوە و پشتیوانی دەکرێت، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئاسایشەوە دەستبەسەر کراون، لەکاتێکدا لەڕێی لە فەیسبووک لایڤەوە ڕووماڵی خۆپیشاندانێکیان کردووە بۆ دەنگی ئەمەریکا. ئەم هەواڵەش بەپێی ئیمەیڵێک لە ئانا مۆریس لە ئۆفیسی پەیوەندییە گشتییەکانی دەنگی ئەمریکایە و بەیاننامەیەکی دەنگی ئەمریکا کە پێشکەش بە CPJ کراوە.

لە بەیاننامەکەدا دەنگی ئەمەریکا رایگەیاندووە، تیمەکە مۆڵەتی لە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی وەرگرتووە بۆ ئەوەی لەوێوە راپۆرت بدەن بەڵام بۆ ماوەی "چەند کاتژمێرێک" دەستبەسەرکراون. مۆریس ئاماژەی بەوەشکردووە، دەست بەسەر مۆبایل و مایکرۆفۆنەکانیاندا گیراوە و دواتر بۆیان گەڕاندونەتەوە.

مۆریس بە CPJی ڕاگەیاندوو پەیامنێرەکەو کامێرەمانەکەیان ڕاپێچی زیندان کردووە و سنور کەریمیان ناچار کردووە "بەڵێننامەیەک" واژۆ بکات بەبێ ئەوەی ڕێگەی پێبدرێت بیخوێنێتەوە و پرسیاری زۆر تایبەت و کەسی لێکراوە سەبارەت بە خێزان و ئۆتۆمبێل و شێوازی ژیان و بۆچوونە سیاسییەکانی.

کاتێک کۆمیتەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنوسان CPJ لەڕێگەی ئاپی نامە ناردنەوە پەیوەندی بە یاسین سامی وتەبێژی هێزەکانی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی کرد بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر و داخستن و لێدانەکان، بەڵام ئاسایش ئاماژەی دا بە پۆستێکی فەیسبووک کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیەوە بڵاوکراوەتەوە، کە لیژنەیەکە لە نوێنەرایەتی حکومەتی خۆجێی و پۆلیس و هێزەکانی ئاسایش پیکهاتووە ئەو دەستگیرکردنانە رەتدەکەنەوە. هاوکات CPJ پەیوەندی بە زێرەڤان بارۆشکو بەڕێوەبەری ئاسایشی دهۆکەوە کرد و لە وەڵامدا وتی هێزە ئەمنییەکان بە "فەرمانی دادگا" کاردەکەن، بەڵام هیچ لێدوانێکی زیاتری لەو بارەیەوە نەدا، هەروەها کۆمیتەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنوسان CPJ پەیوەندی بە ئاشتی مەجید وتەبێژی ئاسایشی هەولێروە کرد بۆ وەرگرتنی لێدوان لە ڕێگەی ئاپی نامە و پەیوەندی تەلەفۆنییەوە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدایەوە.


PM:02:56:10/08/2022




ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌