کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی بێسنوور رەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرن




‎ میترۆ، رووداو 

‎رێخکراوی پەیامنێرانی بێسنوور سەرکۆنەی شێوازی مامەڵەکردنی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رۆژنامەڤانان لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا دەکات؛ کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانانیش CPJ داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات "دەستبەجێ کۆتایی بەدەستگیرکردن و هەراسانکردنی رۆژنامەڤانان و میدیاکاران بهێنێت و رێگەیان پێبدات ئازادانە و بە سەلامەتی رووماڵی" خۆپێشاندانەکان بکەن. ئەو داوایانە لە کاتێکدان، رۆژی شەممە لە لایەن جووڵانەوەی نەوەی نوێوە هەوڵی خۆپێشاندانێکی سەرتاسەری درا، بەڵام بەهۆی ئەوەی خۆپێشاندانەکە بێ مۆڵەت بوو، لە هەندێک شوێن رێگری لێکرا.
 
دێسکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور رۆژی 9-8-2022 بڵاویکردەوە، ئەو مامەڵەی تووندەی "حکومەت بەرامبەر رۆژنامەڤان و میدیاکارانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆن بەکاریدەهێنێت، جێگەی قبووڵکردن نییە؛" دەشڵێت، دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەڤان و میدیاکارانە پێشانیدەدات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆپێشاندانەکان "سەرکوت دەکات" و "ئەو فرەجەمسەرییە رەتدەکاتەوە کە پێویستە لە میدیادا رەنگبداتەوە".
 
بە گەڕانەوە بۆ زانیاریی ژمارەیەک رێکخراو و دامەزراوەی داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەڤانان، لە نێویاندا سەنتەری میترۆ، سەندیکای رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی بەرگریکردن لە ئازادیی رۆژنامەڤانی لە عێراق، سی پی جەی دەڵێت، لە رۆژانی 5 و 6ی ئەم مانگەدا هێزە کانی ئاسایش لە ژمارەیەک شوێنی هەرێمی کوردستان بە دەستگیرکردن، هەراسانکردن و هەڵکوتانەسەر، رێگرییان لە کاری 20 رۆژنامەڤان و میدیاکار کرد. 
 
شەریف مەنسوور، رێکخەری پرۆگرامی سی پی جەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا رەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت: "بە دەستگیرکردن و هەراسانکردنی ئەو رۆژنامەڤان و میدیاکارانەی هەوڵی رووماڵکردنی گرژییە سیاسییەکان دەدەن، دامەزراوە دەسەڵاتدارەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دابەزیونەتە ئاستێکی نوێ"؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "کوردستانی عێراق سەردەمێک پەناگەیەکی ئارام بوو بۆ رۆژنامەڤانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام ئێستا بووەتە پێشێلکارێکی سەرەکیی ئازادیی رادەربڕین."
 
هاوکات رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، کە رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی ناحکومیی قازانجنەویستی تایبەت بە داکۆکیکردن لە مافی ئازادیی رۆژنامەڤانییە و پێگەی سەرەکیی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسایە رۆژی 9-8-2022 بڵاویکردەوە، رێوشوێنی تووند بەرامبەر رۆژنامەڤانانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆن گیرایەبەر. 
 
رەحمان غەریب، بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 5 و 6ی ئەم مانگەدا 78 پێشێلکارییان بەرامبەر 60 رۆژنامەڤانان تۆمارکردووە؛ لانیکەم 26 رۆژنامەڤان دەستگیرکرابوون، 16 رۆژنامەڤان رێگەی رووماڵکردنی خۆپێشاندانەکانیان لێ گیرابوو، 8 رۆژنامەڤان بە گازی فرمێسکڕێژ کرابوونە ئامانج، 23ی دیکەش دەستبەسەر کەلوپەلە میدیاییەکانیاندا گیرابوو. 
 
رۆژی 6ی ئاب، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "پاش وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی لەپێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان، بە هەموو لایەکی رادەگەیێنین کە هیچ ئەندام پەرلەمانێک و هیچ راگەیاندکارێک دەستگیرنەکراوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە."



AM:10:41:11/08/2022




ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌