هاونیشتمانیان لە ئەڵمانیا بە ئاڵای کوردستانەوە پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی




بە ئاڵای کوردستان، سروودی ئەی رەقیب و درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی،" خۆپێشاندەران لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا پاڵپشتیی خۆیان بۆ خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕی.
 
چەند ژنە چالاکڤانێکی کورد رێکخەری ئەو خۆپێشاندانە بوون، بە زمانەکانی ئەڵمانی و کوردی باسی زیندانیکردن، لێدان و کوشتنی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد.
 
هێشان ئەسەدی، ئەکتەری سینەما و شانۆ دەڵێت، "ئەمڕۆ لە میدیاکانی جیهان درووشمی (ژن، ژیان، ئازادی) چووەتە سەر ستەیجی هەموو کەس، دیارە خۆی ئەمە دەستکەوتە."
 
بە درووشم و شێوازی جیا دەنگی خۆیان دەگەیێننە جیهان، لە نزیکەی 70 رۆژی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، زیاتر لە 112 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە کە 14یان منداڵن و نزیکەی 5000 هاونیشتمانییش دەستگیر کراون.
 
خۆپێشاندەران وێنەی بەشێک لەو کەسانەیان بەرزکردەوە کە لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە رەگەز، تەمەن و نەتەوەی جیاواز گیانیان لەدەستداوە.
 
بێریڤان ئەیماس ئەندام پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی نۆردراینڤەست ڤالنە، داوای بەردەوامیی خۆپێشاندانی کرد.
 
بێریڤان ئەیماس دەڵێت، "لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەوروپا چەندین سزا بەسەر ئێراندا سەپێندرا، بەڵام پێویستە فراوانتری بکەن. وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان دەستکەوتێکی مێژوویی بەدەستهێنا، لەبەردەم لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاریدا هەموو تاوانەکانی ئێران بەرامبەر خەڵک بکرێنە دۆکیۆمێنت و بەڵگە. ئەمە پەیامێکی روونە دژی رژێمی ئێران کە جیهان پێی دەڵێت: ئێمە تەماشا دەکەین و رێگە نادەین بە دڵی خۆتان تاوان بەرامبەر بە میللەت بکەن."
 
خۆپێشاندەران دەیانەوێت ببنە دەنگی خەڵکی خۆپێشاندەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە جیهان.
 
سۆران نارەوەند، بەشداربووی خۆپێشاندانەکە گوتی، "هاتووین بۆ ئێرە ببینە دەنگی گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەگشتی گەلی ئێران، چینی چەوساوە، دەنگی ژنان، دەنگی زیندانیانی سیاسی و هەموو ئەو کەسانەی لە زیندانەکانی دووژمن دەچەوسێندرێنەوە."
 
خۆپێشاندەران دەڵێن، چەند هەفتەیەکە خۆپێشاندان لە شارە گەورەکانی ئەوروپا بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت تاوەکو جیهان ئەو رووبەڕووبوونەوەیەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر بە خۆپێشاندەران دەبینن.

-Rudaw



AM:10:10:28/11/2022




ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌