شاسوار عەبدولواحید: پارتی و یەکێتی تەنها خەمی ئەوەیانە چۆن سەروەت و سامانەکانیان بپارێزن




میترۆ,NRT 

سەرۆکی نەوەی نوێ رایگەیاند، پارتی و یەکێتی تەنها خەمی ئەوەیانە چۆن سەروەت و سامانەکانیان بپارێزن و هەموو کێشەکانیشیان هەر لەسەر بەرژەوەندییەکانیانە و دەشڵێت،" بەدبەختی کورد لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە یەکێتی و پارتی لەسەر نەوت رێککەوتن."

ئەمڕۆ یەکشەممە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەردانی سەنتەری میترۆی کرد و لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، نەگبەتی کورد لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە یەکێتی و پارتی لەسەر بابەتی نەوت رێککەوتن، دەشڵێت، "ئەوە بووە خاڵی وەچەرخان بۆ گۆڕانکاری دۆخی هەرێم بەرەو خراپتر."

ئاماژەی بەوەشدا، خراپی دۆخی هەرێم لەو کاتە دەستی پێکرد کە یەکێتی و پارتی رێککەوتن و لە ئێستادا کێشەکە لە نێوانیاندا هەیە و ئەم ململانێیەش نابێتە شەڕی ناوخۆ چونکە ئەگەر ببێتە شەڕ بە تەواوەتی دەڕووخێن و نەبوونی گۆڕانکاری لە دۆخی هەرێم لە رووی ئابوری و گەشەسەندنەوە دەگەڕێتەوە بۆ پێشخستنی بەرژەوەندی خودی لەلایەن ئەو دوو حزبەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، پێشبینی ئەوە دەکەن لە داهاتوودا رێژەی پشتگیری بۆ جووڵانەوەکەیان زیاد بکات و ماوەی سێ ساڵە گۆڕانکاری باشیان بەدی کردووە و دەکرێت لە داهاتوودا ئەم دوو حزبە بەرەوە پوکانەوە بڕۆن.

باسی لەوەشکرد، لە ماوەی رابردوو زۆرکات هەڵبژاردنەکان دواخراوە و دۆخەکە بە ئاسایی بەڕێ کراوە بەڵام لە دوای ٣١ ساڵ ئەمە یەکەمین جار پڕۆسەیەکی نایاسایی وەک دواخستنی هەڵبژاردنەکان لە هەرێم خەڵکی بە تەواوی لێ ئاگاداربکرێتەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهێنێتە سەر هێڵ.

راشیگەیاند، پەیامی جووڵانەوەی نەوەی نوێ یەکسانی هاونیشتیمانانی کوردە و دەسەڵاتی ئێستای هەرێم خۆیان بە خاوەنی هێز بەزرکردووەتەوە، بەڵام پەیامی ئەوان جیاوازە و پوختەکەی بریتییە لەوەی کە گەنجێکی ئاسایی جیاوازی نەبێت لەگەڵ گەنجێکی بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی و کاتی ئەوە هاتووە کە گەنجی ئێستا بێنە سەر حوکم و ئیدارەی هەرێم بەڕێوەبەرن.

ئەوەشی خستەڕوو، تێڕوانینی ئابوری جووڵانەوەی نەوەی نوێ سەبارەت بە کەرتی تەندروستی و پەرەوەدە ئەوەیە کە دەبێت بە خۆڕایی بێت و ئەم سیستەمە لە وڵاتی کەنەدا بوونی هەیە لە کاتێکدا خاوەنی سەرچاوەی داهاتی کەمترن لە هەرێم، هەرێم خاوەنی ژێرخانی ئابوری بەهێزە لە حوکمڕانی نەوەی نوێ بوژاندنەوەی کشتوکاڵ بە وردی کاری لەسەر دەکرێت جوتیار فێردەکرێت چۆن لەسەر پێی بخۆی بە بەرووبوومەکەی ببێتە خاوەن سەرمایە.

ئاماژەی بەوەشدا، مەرجەکانی حکومەتی هەرێم بۆ پلەبەزرکردنەوەی مامۆستایان نایاساییە و هەموو ئەم مەرجانە لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم بەڵێن دەدەن بە خەڵک کە هەڵیدەوەشێننەوە.


باسی لەوەشکرد، یەکگرتن و رێککەوتنی حزبەکانی هەرێم مەحاڵە و هەرگیز روونادات بۆیە لەسەر خەڵکی هەرێم پێویستە بچنە پاڵ هێزێک کە مەبەستی لە جێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک بێت و دەشڵێت، "ئەم دەسەڵاتە تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لێیان بێزارە و تەنانەت مەترسیش هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی ئەگەری هەیە وڵاتانی جیهان لە هاوپەیمانی هەرێم بکشێنەوە."

ئەوەشی ئاشکرا کرد، راستە دۆخی هەرێم بە خراپی ماوەتەوە سەرەڕای بوونی هیزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەڵام ئەگەر هەوڵەکانی ئۆپزسیۆن نەبوایە دۆخی هەرێم زۆر لە ئێستا خراپتر دەبوو، چونکە توانیویانە پڕۆژەی زۆر و چەند دۆخێک بە حکومەت بە ناچاری چارەسەر بکەن.

شاسوار عەبدولواحید باسی لەوەشکرد، ئەوان وەکو هێزێکی ئۆپۆزسیۆن پشتیوانی لە میدیاکان و دەکەن و هەر وڵاتێک بیەوێت دیموکراسی لە وڵاتەکەیدا بەدەسر بکەوێت پێویستە پشتیوانی میدیا بکات و کوالێتی میدیا بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان کە رووبەڕووی ئاڵنگاری زۆر دەبێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، رۆڵی میدیای باش و میدیای خراپ لە کوالێتی هەواڵەکانیان دەردەکەون، واتە ئەو میدیایە چەندێک لە هەواڵی ساختەوە دوورە، بەڵام ئەوەی بەدی دەکرێت لە هەرێمدا رێگە گرتنە لە میدیا بەهێزەکان و بڵاوکەرەوەی راستییەکان و نموونەش رۆژنامەی هاوڵاتی بوو کە میدیایەکی کاریگەر بوو بەڵام لە دوای بەهێز بوونی لەلایەن پارتییەوە راگیرا و دەشڵێت، "پارە میدیای سەرکەوتوو دروستناکات."



PM:03:25:28/11/2022




ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌