چاودێریی مافەکانی مرۆڤ: عێراق هێشتا بکوژانی خۆپێشاندانی 2019ـی دەستگیر نەکردووە




رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (‌Human Rights Watch)، لە نوێترین راپۆرتیدا لەسەر دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، حکومەتی پێشووی عێراقی بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی تۆمەتبار دەکات بەوەی شکستی هێناوە لە لێکۆڵینەوە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و گرووپە میلیشیاکان کە بەرپرس بوون لە کوشتن و بێسەروشوێنکردنی سەدان خۆپێشاندەر و چالاکڤان لە ساڵی 2019.
 
رۆژی سێشەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2022، رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، نوێترین راپۆرتی لەسەر رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا باس لە وردەکاریی کوشتن و بێسەروشوێنکردن و بریندارکردنی خۆپێشاندەرانی نێوەڕاست و باشووری عێراق لە ساڵانی 2019 بۆ 2020 دەکات.  
 
لە راپۆرتە 40 لاپەڕەییەکە بەناوی "نووستنی یاسا - تووندوتیژی دژ بە خۆپێشاندەران و لێنەپێچینەوە لە بەرپرسیاران لە عێراق"، ئاماژە بەوە دەکات، کازمی کە لە ئایاری 2020 هاتە سەر دەسەڵات، بەڵێنی دادپەروەری بۆ کوشتن و بێسەروشوێنکردنی خۆپێشاندەران دا، بەڵام لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ کاتێک لە پۆستەکەی نەما، حکومەتەکەی هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتیی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی نەهاویشتووە. 
  
لەبارەی دەسەڵاتی کازمی، ئادەم کوگڵ، جێگری بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند: "لە دوای دوو ساڵ و نیو لە حوکمڕانی کازمی، بەڵێنەکانی بۆ گەڕانەوەی دادپەروەری بۆ ئەو تووندوتیژییەی بەرامبەر  خۆپێشاندەرە ئاشتیخوازەکان کرا، بەتاڵ دەرچوون".
 
هەروەها ئەو بەرپرسەی رێکخراوەکە دەڵێت، "خۆپێشاندانەکانی 2019 و 2020 حکومەتێکی رووخاند و هەڵبژاردنی پێشوەختەی هێنایە ئاراوە، دەبێ سەرۆکوەزیرانی نوێ کار بکات لەپێناو گەڕاندنەوەی دادپەروەری بۆ خۆپێشاندەر، ئەو کارەی ئەو کەسەی پێش ئەو نەیتوانی بیکات".
 
لە راپۆرتەکەی چاودێریی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، لە شەش مانگی یەکەمی هاتنە سەر دەسەڵاتدا، کازمی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتن و دیارنەمانی خۆپێشاندەران پێکهێنا. بەڵام تاوەکو ئێستا لیژنەکە هیچ زانیارییەکی ئەوتۆی لەبارەی لێکۆڵینەوەکان بڵاونەکردەوە. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەوان بەدواداچوونیان بۆ 11 دۆسیە کردووە، کە پێنجیان کوژراون لەنێویان دوو ئافرەتی تێدایە، لەگەڵ پێنج کەیسی دیکە کە برینداربوون لەگەڵ کەیسێکی بێسەروشوێنکردن. 
 
سەرجەم کەسوکاری ئەو قوربانییانە سکاڵایان لای پۆلیس تۆمار کردووە، بەڵام کەیسەکانیان هیچ ئەنجامێکی نەبووە و دەسەڵاتداران هیچ بەدواداچوونێکیان بۆ کەیسەکانیان نەکردووە یان هیچ هەوڵێکیان نەداوە بۆ دۆزینەوەی بکوژان و بەرپرسانی سەرکوتکردنی ئەو خۆپێشاندەرانە. لە راپۆرتەکەدا، سەبارەت بەو کەیسانە هاتووە "ئەو کەیسانە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە خەوێنران".
 
بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە تشرینی یەکەمی 2020، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و گرووپە میلیشیاکان، بەمەبەستی دامرکاندنەوەی شەپۆلی خۆپێشاندەران و ناڕەزایەتییەکان، نزیکەی 500 خۆپێشاندەریان کوشت و بە سەدانی دیکەیشیان بریندار و بێسەروشوێن کرد. 

-Rudaw


AM:09:54:29/11/2022




ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌