كچه‌ قوتابییه‌كی زانكۆی گه‌رمیان هه‌ڵه‌یه‌كی زانستی له‌ كتێبێكی به‌ناوبانگی پزیشكییدا ده‌دۆزێته‌وه‌




زانكۆی گه‌رمیان له‌ ماڵپه‌ڕی تایبه‌تی خۆیان رایانگه‌یاند، "بەھار حسێن ره‌حیم، قوتابی قۆناغی پێنجەم لە کۆلێژی پزیشكی، ھەڵەیەکی زانستی لە پەڕتووکێکی جیھانی بە ناونیشانی ( Bailey & Love’s Short Practice of Surgery) تایبەت بە (نەشتەرگەری گشتی) بەریتانی دۆزییەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، ئه‌و كچه‌ قوتابییه‌ لە کاتی خوێندنی وانەی تایبەت بە نەخۆشییەکانی لیکەڕژێنەکان (ئەندامێکە لە کۆئەندامی ھەرس) لە لاپەڕە ی 794 بەشی 49ی کتێبەکەدا، تێبینی ھەڵەیەک دەکات و دوای پێداچوونەوە و گەڕان لە چەندین سەرچاوەی تایبەت بە نەشتەرگەری و فیسیۆلۆجی جەستەی مرۆڤ، توانی ھەڵەکە پشتڕاست بکاتەوە و لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە ناوەندی بڵاوکەرەوەی کتێبەکە (CRC press)ی لێ ئاگاداربکاتەوە، ئەوانیش لای خۆیانەوە نووسەرانی ئەو بەشەی کتێبەکە ( Mark McGurk ، Leandros-Vassilios F. Vassiliou) ئاگاداردەکەنەوە. دوای پێداچوونەوە بۆ ھەڵەکە دەست خۆشی لە خوێندکاری ناوبراو دەکەن و بەڵێنی ڕاستکردنەوەی ئەو ھەڵە زانستییەی پێدەدەن لە چاپەکانی داھاتووی کتێبەکەدا.

کتێبه‌ زانستیىه‌ پزیشکییەكه‌، یەکێکە لە كتێبه‌ باوەڕپێکراوە و بەناوبانگەکانی بواری نەشتەرگەری له‌ جیهاندا. چاپی یەکەمی کتێبەکە لەلایەن دوو پزیشک و نووسەر و پرۆفیسۆری بەریتانی بواری نەشتەرگەری به‌ ناوه‌كانی ( Hamilton Bailey ، McNeil Love) لە ساڵی 1932 چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا وه‌كو پرۆگرامی خوێندن له‌ زۆرێك له‌ زانكۆكانی جیهاندا ده‌خوێندرێت و بەردەوام بەرەو پێش دەبرێت و زانیاری نوێی بواری نەشتەرگەری سەردەمی بۆ زیاد دەکرێت و ڕۆژانە خوێندکاران و پزیشکان لە سەرانسەری جیھان سوودی لێ وەردەگرن.

-basnews


AM:11:35:04/12/2022




ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌