کچێکی رزگاربووی دەستی داعش دوو براکەی بەخێودەکات؛ دایک و باوکیان بێسەروشوێنن




بەهۆی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، ژمارەیەک لە منداڵانی شنگال بێ دایک و باوک ماونەتەوە، فەوزیە کچێکی 17 ساڵە و لەگەڵ دوو برای لە دەستی داعش رزگاریان بووە، تاوەکو ئێستاش دایک و باوکیان بێسەروشوێنن؛ یەکێک لە دوو براکەی فەوزیەش نڤیشکانە.
 
فەوزیە لەگەڵ براکانی بە تەنیا لە ناو چادرێک دەژین و دەڵێت، "دۆخی ژیانمان سەختە، تەمەنم 17 ساڵە و لە رێکخراوێک کە شوێنی منداڵانی بێ باوکە کار دەکەم، برایەکم نڤیشکانە و دەیبەمە لای پزیشک بۆ چارەسەری، براکەی دیکەشم قوتابیی پۆلی شەشە و هاوکاریی دەکەم بەڵکو سەرکەوێت لە ژیانی خۆیدا، پاشەڕۆژی ئەو گرنگە."
 
فەرهاد بەشار، رزگاربووی دەستی داعش دەڵێت، دوای ئەوەی لە دەستی داعش رزگارکراوە و بە خوشکەکەی شادبووەتەوە، خوشکەکەیی نەناسیوەتەوە، بەڵام دواتر وردە وردە توانیویەتی بیناسێتەوە، "ئێستاش دەچمە قوتابخانە و لە پۆلی شەش دەخوێنم، پێویستیم بە هەرچی بێت، خوشکەکەم هاوکاریم دەکات."
 
بەهۆی رەوشی ژیانیانەوە، ئەو کچە لەگەڵ دوو براکەی ویستوویانە بچنە وڵاتێکی ئەوروپی، پارێزەرێکی بەریتانییش هەوڵدەدات ئەوان بباتە ئەو وڵاتە، بەڵام ئاستەنگیان بۆ دروستبووە.
 
رینات شویت، پارێزەری بەریتانی دەڵێت، "بە یاسایی گەیشتنی ئەوان [بۆ بەریتانیا] زەحمەتە، هەربۆیە من چیرۆکی ئەوانم گەیاندە کۆنفرانسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر، داوامان کردووە کە رێگەبدەن ئەوان خۆیان چیرۆکەکانیان بگێڕنەوە."
 
منداڵەکان دایک و باوکیان لەدەستداوە و لەلای کەسوکاریان دەژین، دوو شوێنی حەوانەوەیان بۆ دروستکراوە، بەڵام ژیانیان زەحمەتە.

-Rudaw



AM:10:37:05/12/2022




ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌